|
|
|
له ره‌شه‌مه‌ی 1381ی هه‌تاویدا و له ساڵیادی هه‌ڵه‌بچه‌دا تابلۆکانم سووتاند ، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم ده‌بوایه خۆیشم بسووتانایێت وه‌کوو تابلۆکانم .
سازدانی دیمانه .سروه سائێب تازه هاتبوومه‌وه بۆ ماڵ که زه‌نگیان بۆ لێدام و یه‌کێک له دۆستانم پێی وتم که دادگای دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بچه کۆتایی هات و له ئاخردا دوای حوکمی له سێداره دانی عه‌لی کیمیایی ، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بچه وه‌کوو تاوانێکی دژ به مرۆڤایه‌تی ناویان لێ برد و نه‌ک وه‌کوو جینۆسایدی گه‌لی کورد . ئه‌وه‌نده ناره‌حه‌ت بووم که گوشی ته‌له‌فۆنه‌که له ده‌ستم که‌وته خواره‌وه و بێ ئیختیار ده‌ستم کرده گریان و بیری نه‌سل کووشی سور پێسته‌کانی ئه‌مریکا ، ئینکاکان ، هێروشیما وهه‌زاران تاوانی تر که‌وتمه‌وه . ئاخر چۆن له سه‌ده‌ی 21دا و له وڵاتێکی ئازاد کراودا حوکمێکی ئاوا ناڕه‌وا ده‌ده‌ن ؟ ئاخر چۆن له 5000 هه‌زار شه‌هید له یه‌ک رۆژدا چاو ده‌پۆشن و ته‌نیا وه‌کوو تاوانێک ناوی ده‌به‌ن ؟ زۆر به‌زه‌ییم به بێ که‌سی خۆماندا ده‌هات ، به‌ڵام ناخۆشتر ئه‌وه بوو که که‌م که‌س خه‌به‌ریان بوو و ئه‌مه له داخی هه‌ڵه‌بچه بۆ من زۆر گرانتر بوو . ئاخر چۆن ده‌بێت له نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆمان بێ ئاگا بین و له لامان گرینگ نییه که چی به سه‌رمان ده‌هێنن ، هه‌ر له‌م خه‌یاڵانه‌دا بووم که بیری کاک ناسر فه‌یزوڵڵابه‌یگی که‌وتمه‌وه . کاک ناسر له ره‌شه‌مه‌ی ساڵی 1381ی هه‌تاویدا له ساڵیادی هه‌ڵه‌بچه‌دا پیشانگایه‌کی کرده‌وه و دوای ته‌واو بوونی پیشانگاکه به ئیعتراز به کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بچه تابلۆکانی خۆی سووتاند . بێ ئه‌وه‌ی کات له ده‌ست بده‌م چوومه لای کاک ناسر و له وت و وێژێکدا سه باره‌ت به‌م مه‌سه‌له قسه‌مان کرد . · کاک ناسر ئێوه‌ش له دۆسیه‌ی دادگای هه‌ڵه‌بچه ئاگادارن و ئه‌زانن که چۆن کۆتایی پێ هات ؟ فه‌یزوڵڵابه‌یگی : به‌ڵێ ئاگادارم ، وه‌ختێک بیستم زۆرتر له کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بچه ناره‌حه‌تی کردم و هه‌ر ئه‌و کات وتم ئێستا ده‌بێت له داخ ئه‌م کاره‌ساته‌ی دۆسیه‌ی دادگای هه‌ڵه‌بچه خۆم بسوتێنم وه‌کوو تابلۆکانم . زۆر پێم سه‌یره که له ئاخره‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا و له جیهانی مۆدێرندا و له دنیای ته‌کنۆلۆژیدا شارێک کیمیاباران ده‌کرێت و به جارێ 5000 هه‌زار که‌س له ناو ده‌چێت و دوای 22 ساڵ تێپه‌ڕ بوون به سه‌ر ئه‌م رووداوه دڵته‌زێنه‌دا و رووخانی دیکتاتۆری سه‌ددام و هاتنه سه‌ر کاری که‌سانێکی تر به جینۆسایدی نازانن وته‌نیا وه‌کوو تاوانێکی دژ به مرۆڤایه‌تی چاوی لێده‌کرێت . ئێمه ئێستا له سه‌ده‌ی 21دا و له جیهانێکدا ده‌ژین که ئیدعای دێمۆکراسی و ئازادی و.... هه‌یه و هه‌ر بۆ ئه‌مه‌یش شه‌ڕ ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت له سه‌ر مافی بۆقێک ده‌ڕۆن به‌ڵام له خاکی وڵاتێک‌دا که 5000 هه‌زار که‌سی به یه‌ک رۆژ له ناو چوون به ناوی ئازادی غه‌دری لێ ده‌که‌ن . به راستی سه‌رم سوور ده‌مێنێت !! هیتلێر یه‌هوودیه‌کان ده‌کوژێت ده‌ڵێن جینۆسایدی کردووه و سه‌ددام 5000 هه‌زار که‌سمان کیمیاباران ده‌کات و 183000 هه‌زار که‌سمان ئه‌نفال ده‌کات جینۆساید نییه . مه‌گه‌ر بانێک و دوو هه‌وایه ؟ من تێناگه‌م بۆچی کاتێک ده‌گات به نۆبه‌ی ئێمه ، جینۆساید نییه و ته‌نیا تاوانێک بووه ؟ به راستی به گۆڕانی جینۆساید به تاوانێکی دژ به مرۆڤایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی کێ ده‌پارێزن ؟ · ئه‌گه‌ر بتانزانیبایێت که رۆژێک ئاوا له جینۆساید کردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان چاوپۆشی ده‌کرێت ئایا تابلۆکانی خۆتان هه‌ر ده‌سووتاند ؟
· کاک ناسر هه‌ر که‌س قسه‌کانتان ببیستێ یان بیخوێنێتۆ وا ده‌زانێ ئێوه‌یش خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بچه‌ی شه‌هیدن !! فه‌یزوڵڵابه‌یگی : من خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بچه نیم به‌ڵام خۆ کوردم وهه‌ستی مرۆڤایه‌تیم تێدایه . من له هه‌ر کوێیه‌ک که ئه‌م کاره‌ساته رووی بدایه‌ت هه‌ر ئاوا قسه‌م ده‌کرد و کیمیاباران و به جینۆساید نه‌زانینی مه‌حکوم ده‌کرد و لێره‌یشدا له به‌رپرسان و مهسوولانی کورد ، هونه‌رمه‌ندان ، رۆشنبیران و.... ده‌پرسم که بۆچی وا بێده‌نگ بوون ؟ له تورک ، عه‌ره‌ب ، فارس ، ئورووپایی ، ئه‌مریکایی ، هه‌ر ئینسانێکی شه‌ریف و هه‌ر که‌سێک که بۆ ئازادی و مرۆڤایه‌تی تێده‌کۆشێت ده‌پرسم هۆی بێدهنگیاتن چییه ؟ · شایه‌د خۆیشمان هه‌ر وه‌کوو تاوانێکی دژ به مرۆڤایه‌تی چاوی لێده‌که‌ین ؟ فه‌یزوڵڵابه‌یگی : پێشتریش وتوومه تاوانباری گه‌وره خۆمانین و هه‌ر جۆرێک ئه‌وان پێیان خۆش بێت به دڵی خۆیان سهماممان پێ ده‌که‌ن . هه‌ر له وت و وێژه‌کانی پێشوویشدا وتوومه ئێمه هه‌میشه چاومان بڕیوه‌ته ده‌می ئه‌م و ئه‌و که چیمان پێ ده‌ڵێن ، ته‌نانه‌ت له سه‌ر جوانی وڵاته‌که‌یشمان ماتڵین بزانین کابرای ئه‌ڵمانی یان فه‌رانسه‌وی چی ده‌ڵێت ؟ بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بێنه سه‌رده‌شت و بڵێێ وڵاتێکی خۆش و جوانه ، خێرا ئێمه‌ش ده‌ست ده‌ست به به‌به و چه‌چه ده‌که‌ین و له‌م لاولا ده‌گێڕینه‌وه که کابرای ئورووپایی هاتبوو و ئه‌یوت سه‌رده‌شت عه‌جه‌ب شارێکی خۆش و جوانه . ئیتر خۆمان کوێرایمان داهاتووه و توشی کوێری هاتووین ، واته له مێشکیشه‌وه کوێر بووین و نه ده‌بینین و نه ده‌بیستین ، له حاڵێکدا ئه‌گه‌ر من جوان نه‌بیستم و جوان نه‌بینم زۆر سروشتییه که نه‌توانم چاک قسه بکه‌م و نه‌توانم مافی ره‌وای خۆم به ده‌ست بهێنم و پێم وایه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری نه‌که‌ین ده‌بێته کابووسێکی ترسناک و نموونهکهیشی ئه‌مڕۆ له‌م کاره‌ساته‌دا ده‌یبینین . · به رای ئێوه هوی ئه‌م بێده‌نگییه چیه ؟ فه‌یزوڵڵا به‌یگی : هوی زۆری هه‌یه . سهرلێشواوییه ، ناهومێدییه ، نه‌زانییه ، بێ خه‌به‌رییه ، مه‌نفه‌عه‌ت ته‌ڵه‌بییه و له سه‌رووی ته‌واوی ئه‌مانه‌وه ماتڵین که‌سێکی تر له جێگایه‌کی تر یان گۆرانیبێژێکی ئه‌مریکایی ئیعتراز بکات جا ئه‌و کات ئێمه‌ش ده‌ست پێ بکه‌ین . · بێ خه‌به‌ری له سه‌ده‌ی 21دا و له سه‌رده‌می پێوندییهکاندا زۆر عه‌یبه ؟!! فه‌یزوڵڵابه‌یگی : منیش وه‌ک ئێوه ده‌ڵێم زۆرتر له زۆر عه‌یبه . به‌ڵام کاتێک چاو له میدیاکانی کورد ده‌که‌ین که ئێدعای کار کردن بۆ کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی کوردیان هه‌یه و ئه‌بێت ئه‌ساسی کاریان زیندوو را‌گرتن و به‌ره‌وپێش بردنی فه‌رهه‌نگی کورد بێت ، ئه‌بینین که زۆر به‌شێوه‌ی عه‌شیره‌یی کار ده‌که‌ن و ته‌نیا باس له‌و شتانه ده‌که‌ن که له راستای مه‌نافعی خۆیاندایه . ئیتر خۆ بێ خه‌به‌ری نابێته عه‌یب . به‌ڵام ئه‌گه‌ر لانیکه‌م میدیاکانیش خه‌به‌ری ئه‌م مهسهلهین رابگهیاندایێت خه‌ڵک خۆیان فریایی خۆیان ده‌که‌وتن .
·
به رای ئێوه ئه‌مه خۆی جینوسایدێکی دووباره‌ی کورد نییه ؟
· باسی سه‌ر لێشێواویتان کرد ، ده‌گوترێت که مێژووی هه‌ر وڵاتێک له رووی ئاسه‌واره هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانیانه‌وه ده‌نووسرێت و دواتریش هه‌ر له‌رووی ئه‌وه‌وه ده‌یناسێنن به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م سه‌ر لێشێواوییه له ناو هونه‌رمه‌ندانی کوردا زۆر ده‌بیندرێت و بۆته هۆی سه‌ر لێشێواوی کۆمه‌ڵگایش ؟ فه‌یزوڵڵابه‌یگی : وه‌ک یه‌کێک له بیرمه‌ندان ده‌ڵێت « ئه‌رکی سه‌ر شانی ئێمه وه‌ک هونه‌رمه‌ند ، نووسه‌ر و شاعیر ، چیروکنووس هه‌ڵساندن و جووڵاندنه‌وه‌ی شارۆمه‌ندی سک زڵ و په‌رورده کردنیه‌تی بۆ بیر کردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی دیدێکی نوێ بۆ ژیان » نه‌وه‌ک ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانان و دووپاتکردنه‌وه . به‌ڵام خۆ هه‌ر هونه‌رمه‌ند و روشنبیر تاوانبار نین و ئه‌مانه‌یش هه‌ر کاری هونه‌رمه‌ند نییه !!! چاو لێبکه‌ن یه‌که‌م وانه‌ی ئێمه له منداڵی‌دا ئه‌مه بوو که ده‌ستمان ده‌هێنا و ئه‌مه‌یان پێ ده‌گووتین :« چۆله‌که‌یه‌ک هاته ئه‌و ده‌شته ، هێلکه‌یه‌کی کرده ئه‌و مشته ، یه‌کێک چوو پووش بێنێ ، یه‌کێ چوو نه‌وت بێنێ ، یه‌کێ چوو ئاگر بێنێ و..... » ئه‌م ده‌رسه بۆ ئه‌وه بوو تا وه‌کوو هه‌موو په‌نجه‌کان ده‌نووسان پێکه‌وه و ده‌بوونه مستێکی پته‌و ، به‌ڵام ئێمه ئه‌م په‌نده‌مان له بیر چۆته‌وه و واته تووشی تاکخوازییهتی بێ واتا هاتووین . تاکخوازی وڵاتانی رۆژئاوا پرۆسه‌ی سروشتی خۆی تێپه‌ڕاندووه و له ئاستی پێشکهوتنیاندایه ، به‌ڵام ئێمه له هه‌ژاری کولتووریدا تووشی ئه‌م تاکخوازییه هاتووین و هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی بریندار بوونی په‌یکه‌ره‌ی کولتور . · که واته به رای ئێوه هه‌ژاری کولتووری زیاد له هه‌ر کێشه‌یه‌ک بۆته هۆی بریندار بوونی کۆمه‌ڵگای ئێمه ؟ فه‌یزوڵڵابه‌یگی : به‌ڵێ به‌ر له هه‌موو شتێک کو‌لتوور و له دوایشدا ئابوری ، سیاسه‌ت ، نه‌بوونی فه‌لسه‌فه و.... کو‌لتوور و ئابوری ، کو‌لتوور و سیاسه‌ت و.... کاریگه‌ر دوولایه‌نه‌یان له سه‌ر یه‌کتر هه‌یه و جیا ناکرێته‌وه . ئابووری ، فه‌لسه‌فه ، زانست ، سیاسه‌ت و.... به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه ، کار و خه‌لاقییه‌تی مرۆڤه‌کانه و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیش له ئاستی کولتووریدا له ئاستی باڵادا بێت له‌وانی تریشدا گه‌شه ده‌کات . · وه‌کوو دوایین پرسیار ئه‌رکی هونه‌رمه‌ند و روشنبیر و هه‌ر تاکێکی کورد به‌رانبه‌ر به‌م مه‌سه‌له چییه ؟ فه‌یزوڵڵابه‌یگی : هونه‌رمه‌ند له مێژوودا ویژدانی سه‌رده‌می خۆیه‌تی و ده‌بێ به‌رانبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی خۆی و مرۆڤایه‌تی هه‌ڵوێست بگرێت . له چاخه‌کانی کۆنه‌وه تاکوو ئێستا هونه‌رمه‌ند وه‌ک پاژێک له خه‌ڵک و هه‌ڵقووڵاو له دڵی خه‌لکه‌وه بووه و ئێستاش ئێمه له کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ و ته‌ژی له کێشه‌دا ژیان ده‌به‌ینه سه‌ر و نایشتوانین گوێی خۆمان له‌م واقعییه‌تانه بهخهوێنین و خۆمانی لێ لا بده‌ین . کاتێک که دۆسیه‌ی دادگای هه‌ڵه‌بچه ئاوا لێده‌که‌ن و جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌که‌م وه‌کوو تاوانێک ناو ده‌برێت له گه‌ڵ هه‌زاران ده‌ردی تر که ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیوین ده‌بێت هه‌موومان وه‌ک سه‌ربازێک خزمه‌ت و ئه‌رکی سه‌رشانمان به جێ بهێنین .
رێبه‌ندانی 1388ی هه‌تاوی
|
|
|
|
|