|
|
|
بیره‌وه‌ریه‌کانی شایه‌تحاڵێک ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه
له‌پێناو هه‌قدا بۆ ڕۆژی خۆی با بیره‌وه‌ریه‌کانمان سه‌باره‌ت به کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه تۆمار بکه‌ین حه‌مه غفور (به‌شی یه‌که‌م)
کۆتایی برایه‌تیه‌کی مێژویی پڕتاوان!
ئه‌م ڕۆژانه‌ی دوایی دانپیانان‌و شایه‌تیدان له‌سه‌ر یه‌کتری له‌لایه‌ن دوو که‌سایه‌تی هه‌ره گه‌وره‌ی یه‌کێک له حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان (یه‌کێتی نیشتمانی)، واته مام جه‌لال تاڵه‌بانی وه نه‌وشیروان مسته‌فا، له ئه‌نجامی گرژتر بوون‌و توندتربوونه‌وه‌ی ململانێی نێوانیاندا، ته‌کیان به بابه‌ت‌و مه‌سه‌له سیاسیه‌کانی تر دا بۆ دواوه. ده‌رکه‌وت برایه‌تی ده‌یان ساڵه‌ی دوو سه‌رکرده‌ی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی پڕی بووه له پیلانگێڕی‌و تاوانکاری‌و نه‌خشه‌ڕێژیی هاوبه‌ش بۆ ته‌سفیه‌ی موخالیفانی سیاسیان‌و ته‌نانه‌ت نواندنی نه‌خشی سه‌ره‌کیان له چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدان‌و پێشهاتنی کاره‌ساته گه‌وره‌و دڵته‌زێنه‌کانی وه‌کو ئه‌نفال‌و کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و کاره‌ساتی قه‌ڕناقاو پشتئاشان، به‌ڵام چاوپۆشی‌یان لێکردووه.
ململانێی دوو هاوخه‌باتی دوێنێ‌و دوو برای ڕابه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که له‌سه‌ر ئاستی ڕای گشتی‌و بۆ به‌رچاوی کۆمه‌ڵگای کوردستان شایه‌تی له‌سه‌ر یه‌کتری بده‌ن سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی که له چه‌ند ساڵی رابردوودا، له‌سه‌رده‌می هاوخه‌باتیاندا ئه‌نجامیان داوه بۆ گه‌یشتن به مه‌رام‌و ئامانجه سیاسیه هاوبه‌شه‌کانیان. گرنگترینیان دانپیانانی هه‌ردووکیان سه‌باره‌ت به تاوانی به‌رپاکردنی شه‌ڕی قه‌ڕناقاو پشتئاشان، تیرۆر‌و ته‌سفیه‌ی موخالیفانی سیاسیان، وه ده‌ورو نه‌خشی هه‌ر یه‌که‌یان له سه‌رهه‌ڵدان‌و پێشهاتنی کاره‌ساته‌کانی ئه‌نفال‌و کیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه.
ئه‌م شایه‌تیدان‌و دانپیانانانه له‌سه‌ر یه‌کتری، ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له‌وان سه‌باره‌ت به که‌سێکی ئاسایی کوردستان بیانکردایه، ئایا ئێمه شاهیدی به‌گه‌ڕکه‌وتنی ده‌زگای داد‌و دادوه‌ری کوردستان نه‌ده‌بووین بۆ ده‌سگیرکردنی تاوانبار‌و کردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی تایبه‌ت بۆی بۆ لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌و په‌یوه‌نده‌دا!؟ بێگومان وه‌ڵام ئه‌رێیه. به‌ڵام ئه‌م دوو گه‌وره تاوانباره به‌پێی شایه‌تیدانی هه‌ریه‌که‌یان له‌سه‌ر ئه‌وی تریان، ده‌بینین ئێستا نه‌ک هه‌ر باسێک له‌ئارادا نیه له ئاستی ڕه‌سمی‌و حکومی‌دا بۆ لێپێچینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه له‌باره‌یانه‌وه، به‌ڵکو خاوه‌نی پۆستی هه‌ره باڵای ووڵاتن یاخود خاوه‌ن بڕیاری گه‌وره‌ی سیاسی کوردستانن. ئه‌م واقعیه‌ته‌و ئه‌م ڕاستیه ده‌م‌وده‌ست به‌م حاڵه‌وه سه‌رتاپێی میسداقیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی داد‌و دادوه‌ریی له کوردستان ئه‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. سه‌رتاپای ستراکتوری دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ‌و سه‌روه‌ریی یاسا‌و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب‌و حکومه‌ت ئه‌باته ژێر نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره‌وه.
به‌مپێیه ئێستا سه‌رکۆماری عێراق یه‌کێکه له تاوانبارانی گه‌وره‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال، که ده‌کاته سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانیش، له‌و لاشه‌وه سه‌رۆکی لیستی گۆڕان، که ئیدیعای جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان‌و سه‌ره‌وه‌ریی دادوه‌ری سه‌رله‌وحه‌ی بانگه‌شه‌کانیه‌تی، یه‌کێکی دیکه‌یه له تاوانکارانی کاره‌ساته‌کانی کوشتاری حیزبی شیوعی عێراقی‌و موخالیفانی دیکه‌ی سیاسی هه‌تا ده‌گا به دۆسیه‌کانی ئه‌نفال‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش. ده‌ورو دوکانێک، ده‌سه‌ڵات‌و یاسایه‌ک به ده‌ست ئه‌م تاوانبارانه‌وه بێت، له‌کوێ ئارامی‌و سه‌قامگیریی ڕوو له ووڵات ده‌کات!
من به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌م دۆخه چه‌قیوه له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی کوردی‌دا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بینین دوو گه‌وره تاوانکار شایه‌تی له‌سه‌ر یه‌کتری ئه‌ده‌ن سه‌باره‌ت به کاره‌ساته هه‌ره گه‌وره‌کانی کوردستان‌و که‌سێک نایه‌ته جواب له‌سه‌ر هه‌ق‌و ڕاستی‌و مافی هاوڵاتیان، پاڵی پێوه نام بیره‌وه‌ریه‌کانی خۆم وه‌کو که‌سێکی شایه‌تحاڵ له‌نێو کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا به شێوه‌ی زنجیره بنووسمه‌وه، به‌و هیوایه‌ی کۆمه‌ک بکات که‌سانی تریش هه‌م بیره‌وه‌ریه‌کانی خۆیان بنووسنه‌وه، هه‌م هاوکاری من بکه‌ن هه‌تا ته‌واوی دۆکومێنته زیندووه شاراوه‌کانی نێو سینه‌کان تۆماربکه‌ین‌و ڕۆژی خۆی بۆ لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی‌و عادیلانه له تاوانه‌کان بیخه‌ینه به‌رده‌ستی دادگایه‌کی بێلایه‌ن.
جه‌نگی عێراق- ئێران جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران- عێراق وه‌کو کابوسێک په‌لی کوتابوو بۆ هه‌موو جێگایه‌ک‌و چنگی خنکێنه‌ری چه‌قاندبووه ڕۆح‌و جه‌سته‌و هه‌ست‌و نیستی دانه‌دانه له هاوڵاتیانی خه‌ڵکی هه‌ردوو کۆمه‌ڵگا. ژیان له‌م ناوچه‌یه به ته‌واوی مانایه‌کی جیاوازی هه‌بوو. ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی‌و ڕه‌نگی سه‌ربازیی تارمایی به‌د‌به‌ختی‌و جه‌نگ‌و ماڵوێرانی جانشینی شێوازی ژیان‌و ڕه‌نگه ئاساییه‌کانی کرابوون. کوچه‌و کۆڵان‌و شه‌قام‌و سه‌نته‌ری شار‌و دێهات خۆڵی مردووی لێنیشتبوو. ئه‌م دوو ووڵاته گه‌وره‌یه سه‌رتاپای گۆڕه‌پانی جه‌نگ‌و کوشتارو نه‌عره‌ته‌و ته‌بلیغاتی شه‌ڕه‌نگێزانه بوو گوایا بۆ له عه‌رددانی به‌رامبه‌ر، به‌ڵام له ڕاستیدا بۆ تۆقاندنی جه‌ماوه‌ر. پانتایی ئه‌م دوو کۆمه‌ڵگایه له‌ژێر پێی پۆستاڵ‌و زنجیری تانک‌و ده‌بابه‌و ڕه‌حمه‌تی دوو ده‌وڵه‌تی ده‌مارگیر، دوو ڕژێمی فاشیستی خۆره‌ڵاتی ناویندا به‌کامی مه‌رگێکی شێنه‌یی‌و به‌رده‌وام کێشرابوو. له‌لایه‌ک ڕژێمی سه‌دام‌و به‌عسی فاشیست، له‌و به‌ریش شۆڤێنیزمی ئیسلامی ئاوێزان له‌گه‌ڵ نه‌زعه‌ی ئاریامیهری ئێرانی به‌رامبه‌رکێیان بوو. له ڕاستیدا ئه‌م جه‌نگه سه‌ره‌ڕای هه‌ر ئامانجێکی سیاسی‌و سه‌ربازی، جگه له نه‌هامه‌تی‌و ماڵوێرانی‌و نائارامی‌و جه‌نگ‌و کوشتاری خه‌ڵکی سڤیل له هه‌ردوو به‌ره‌وه، جگه له پرۆڤه‌یه‌کی دڕندانه بۆ ملکه‌چکردنی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی خه‌ڵکی دوو ووڵات به هه‌ردوو ڕژێم‌و ده‌وڵه‌تی شۆڤێنی هیچ مانایه‌کی دیکه‌ی بۆ خه‌ڵکی تێدا نه‌بوو.
ئاخر لێره، ترس، دڵه‌ڕاوکێ، ته‌سلیم‌و ده‌ربازنه‌بوون، ته‌نگیان به ئازادی، ته‌نانه‌ت له نێو ناخ‌و ده‌روونی تاکیشدا هه‌ڵچنیبوو. ده‌رچوون له‌م دۆزه‌خه‌و له‌م چاره‌نووسه خه‌ته‌ره موسته‌حیل‌و نامومکین وێناکرابوو. وه‌ستانه‌وه‌ش به‌ره‌وڕووی دۆخه‌که زۆر ساده‌و سانا، هه‌م کوڕی خۆی پێویست بوو، هه‌م جه‌رگێکی شێرانه‌ی هه‌ڵئه‌گرت. چونکوم هه‌ر جۆره به‌رگری‌و ڕاوه‌ستانه‌وه‌یه‌ک پڕاوپڕ موجازه‌فه‌و پڕمه‌ترسی‌و خه‌ته‌رناک بوو! چه‌پ‌و کۆمۆنیسته‌کان لێوه‌شاوه‌یی‌و شایسته‌ییه‌کی به‌رچاوتریان له‌خۆیان نیشان دابوو له‌چاو ڕێکخستنی حیزب‌و ڕێکخراوه ناسیونالیستیه کورده‌کان‌و ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا. ئه‌وان زۆرتر پابه‌ندی شه‌ڕی چه‌کداری‌و عه‌مه‌لیاتی پارتیزانی‌و ئه‌م شتانه بوون. ته‌نانه‌ت ڕێکخستنه نهێنییه‌کانی نێو شاریشیان، زیاد له پێویست پشتئه‌ستوور به چه‌ک بوون تا شێوه‌و ئوسوڵی خه‌بات‌و هه‌ڵسووڕانی نهێنی‌و سازماندانی ته‌شکیلاتی کارامه‌و شاره‌زاو لێوه‌شاوه‌ی دۆخی سه‌رکوت‌و ئیستیبداد! خه‌باتی پێشمه‌رگانه وه‌ڵامی ئه‌وه‌ڵ‌و ئاخری جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی بوو به دۆخه‌که. ئه‌وان که به جۆرێک له جۆره‌کان لاسایی ڕژێمه مه‌رکه‌زیه‌کانیان ئه‌کرده‌وه‌و زمانی چه‌کیان به‌لاوه کاریگه‌رترو په‌سه‌ندتر بوو، بۆیه تاقم‌و تفه‌نگیان له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه دانابوو، وه قه‌دو قیافه‌ی کڵاشینکۆفیان کردبووه پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستاندا. هه‌رچه‌ند هه‌میشه خه‌ڵکی کوردستان به‌های گه‌وره‌ی ئه‌و شێوازه نه‌مه‌سئولانه‌یه‌ی حیزبه کوردیه‌کانیان داوه‌ته‌وه، چونکه به‌هانه‌ی داوه‌ته ده‌ستی دار‌و ده‌سته‌و ده‌زگا جاسووسی‌و سه‌رکوتگه‌ریه‌کانی ڕژێمی به‌عس بۆ خه‌فه‌قانی زیاتر‌و توندترکردنه‌وه‌ی ئیستیبداد‌و فه‌زای عه‌سکه‌ری نێو شاره‌کان.
ئه‌وه بوو سه‌ره‌نجام، هه‌ر وه‌کو له ئیعترافاته‌کانی تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروانیش که له‌سه‌ر یه‌کتری ئه‌م دواییانه کردوویانه ده‌رئه‌که‌وێت، هێزه کوردیه‌کان بازنه‌ی هه‌ڵسوورانیان زۆر ته‌نگ بووبووه‌وه‌و ناچاربوون په‌نایان برد بۆ ته‌نسیق‌و پێشله‌شکری بۆ سوپای پاسدارانی ئیران به گوێره‌ی ئه‌و ڕێکه‌وتنه ستراتیژیه‌ی که له‌نێوان سه‌رکرده کورده‌کان‌و ڕژێمی ئیسلامی‌دا مۆر کرابوو له ساڵی 986دا بۆ زه‌ربه‌دان له سوپای عێراق. له‌م پێناوه‌شدا دڕنده‌یی‌و تاوانکاریی ڕژێمی شۆڤێنی به‌عسی ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی له ئاسمان قۆسته‌وه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌و دڵته‌زێنه‌کانی ئه‌نفال‌و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێکه‌وته‌وه. جێگای ووتنه کاتێک ساڵی 987 به‌هاره‌که‌ی سه‌عاتی سفری هه‌مان عه‌مه‌لیاتی ساڵی 988 که له نیوه‌ی به‌هاردا ئه‌نجامدرا، که‌شف‌و شایه‌ع بوو، عه‌مه‌لیه‌که ئیلغاکرایه‌وه، چونکه به‌هۆی چۆڵبوونی هه‌ڵه‌بجه‌وه گرنگی‌و نرخی عه‌مه‌لیه‌که‌ش بێبه‌هاتر ده‌هاته به‌رچاوی هێزه‌هاوپه‌یمانه‌کانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، بۆیه ساڵی دواتر خه‌ڵکیان غافڵگیر کردوو په‌لاماره‌که‌یان له ڕۆژانی 12مارسی988ه‌وه ئۆکه‌ی کراو شه‌راره‌ی هه‌ڵایسانی کاره‌ساتێکی مرۆیی گه‌وره‌یان داگیرساند!
سه‌فه‌رێک بۆ بناری مه‌رگ(داستانی چوونم بۆ هه‌ڵه‌بجه) ڕۆژی پێنجشه‌ممه 10ئازاری988 من وه‌کو به‌رپرسی په‌یوه‌ندی ڕێکخستنه‌کانی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ڕابه‌رایه‌تی (ڕه‌وتی کۆمۆنیست) سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌م کرد، به مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه‌و به‌دواداچوونی کاروباری ڕێکخستنه‌کانمان له‌و شاره. ئێمه له‌م شاره تۆڕێکی ته‌شکیلاتی فراوانمان پێکهێنابوو. به‌هۆی هاوئامانجیمانه‌وه، ته‌نسیقێکی باشمان له‌گه‌ڵ کادران‌و ڕابه‌رایه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشاندا هه‌بوو. به تایبه‌ت که ئه‌م دوو هێزه نفوزێکی به‌رچاویان هه‌بوو، وه دوو هێزی په‌سه‌ندکراو و خۆشه‌ویست بوون له‌ناو جه‌ماوه‌ردا. خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوورو هه‌ورامان به شێوه‌یه‌کی گشتی جێگایه‌کی گرنگیان بۆ بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیستیی‌و شۆڕشگێڕانه داناوه‌و به تایبه‌ت کرێکاران‌و زه‌حمه‌تکێشان‌و توێژه هه‌ژاره‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به‌رده‌وام بوار‌و ده‌رفه‌تیان بۆ کۆمۆنیزم ڕه‌خساندووه په‌ره‌بگرێ‌و هێزپه‌یدابکات.
ئه‌و ده‌مانه شاری هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ژێر مه‌نگه‌نه‌ی چاودێری ووردی تۆڕه جاسووسیه‌کانی ڕژێمدا قه‌راری گرتبوو. ده‌زگای ده‌وڵه‌تی‌و سه‌رکوت‌و ئیستیبدادی ڕژێمی به‌عس له هه‌ڵه‌بجه وه‌کو دڕنده‌یه‌کی بیمار له سێبه‌ری خۆشی ئه‌ترساو هه‌ر جم‌و جووڵێکی ئاسایی خه‌ڵکیشی خستبووه ژێر کۆنتڕۆڵه‌وه. چونکی یه‌که‌م؛ کاتێک به‌هاری ساڵی پێشوو "عه‌مه‌لیاتی ڕزگارکردنی هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن حیزب‌و هێزه کوردیه‌کانه‌وه به‌هاوکاری هه‌مه‌لایه‌نه‌و ڕێکه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان له‌گه‌ڵ قه‌رارگای ڕه‌مه‌زانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران" هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و ئه‌نجامنه‌درا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌عاتی سفری په‌لاماره‌که له‌لایه‌ن هه‌ندێک له پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسه بچوکه‌کانی ناو هێزه کوردیه‌کانه‌وه به‌ئاگاداری خزم‌و که‌س‌وکاریان گه‌یه‌نرابوو، وه له‌و ڕێیه‌شه‌وه که‌وتبووه سه‌ر زاری هه‌موو خه‌ڵکی شاره‌که‌و له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه به‌ڕێگای زۆر سه‌خت‌و دژوار شاره‌که‌یان چۆڵکردوو ڕوویان له سلێمانی کردبوو، دووهه‌م؛ دوای ئه‌وه‌ی دۆخه‌که ئارامتر بووبوویه‌وه‌و به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی خه‌ڵکی گه‌ڕابوونه‌وه سه‌ر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، ئینجا ڕژێم بۆ بچووکردنه‌وه‌ی بازنه‌ی ئیستیبداد‌و سه‌رکوت‌و جاسووسی خۆی له حه‌وزی شاره‌زووردا، وه به‌ناوی دابڕینی په‌یوه‌ندی خه‌ڵکی دانیشتووی دێهاته‌کانی ده‌وروبه‌ری هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ حیزبه کوردیه‌کان، بڕیاری ڕاگواستنی هه‌موو گونده‌کانی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ی ده‌رکردبوو، ئه‌م بڕیاره ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌ی له‌نێو خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا درووستکردو سه‌ره‌نجام خۆپیشاندانی هاوینی 987ی لێکه‌وته‌وه که ڕژێم به دڕندانه‌ترین شێواز سه‌رکوتی کرد‌و خۆپیشانده‌رانی دایه به‌ر ته‌قه‌ی دۆشکه‌و هێلیکۆپته‌ره جه‌نگیه‌کانی نارده سه‌ر شاره‌که‌و زیاتر له 70 که‌سی له خه‌ڵکی شاره‌که ڕه‌شبگیر کرد‌و زینده‌به‌چاڵی کردن له ده‌وروبه‌ری ناحیه‌ی سیروان له گۆڕی به کۆمه‌ڵدا ناشتنی. دواتریش گه‌ڕه‌کی کانیئاشقانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به تی‌ئێن‌تی ته‌قانده‌وه. به‌م شێوه‌یه فه‌زای ترس‌و تۆقاندن‌و ئیستیبدادی به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا سه‌پاندبوو. بۆنی مه‌رگ له‌م شاره نیشتبوو. چاره‌نووسی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به ئاشکرا ڕه‌نگی کاره‌ساتێکی بێوێنه‌ی گرتبوو. له‌لایه‌ک ئابلوقه‌ی ئیستیبدادی ڕژێم، له‌ولاشه‌وه بۆمبارانی هه‌مه‌ڕۆژه‌ی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ نێو جه‌رگه‌ی شار، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش مه‌ترسی په‌لامارێکی غافڵگیری سوپای پاسدارانی ئێران به هاوکاری هێزه کوردیه‌کان بۆ گرتنی هه‌ڵه‌بجه، کابوسێکی به‌رده‌وام بوو ژیان‌و ئاسایش‌و ئارامیی له خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه حه‌رام کردبوو.
من بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بگه‌یه‌نمه هه‌ڵه‌بجه، به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌بوو حسابێکی تایبه‌تیم بکردایه بۆ چۆنێتیی بڕینی سه‌یته‌ره‌و کۆنترۆڵه‌کانی نێوان سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه. ده‌بوایه په‌یڕه‌ویم له شێوازێکی خه‌باتی نهێنی کۆمۆنیستانه بکردایه. ته‌وقی خه‌فه‌قان‌و چاودێری جاسووسیی ڕژێم له‌هه‌موو شوێنێک هه‌ستی پێئه‌کرا. هه‌ر که‌سێک خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه نه‌بوایه نه‌یئه‌توانی بچێته ئه‌و شاره. هه‌ر ناسنامه‌یه‌ک سه‌ر به دائیره‌ی ئه‌حوال شه‌خسی هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ر نه‌بوایه، خاوه‌نه‌که‌ی داده‌گیراو لێکۆڵینه‌وه‌ی ووردی له‌گه‌ڵ ئه‌کرا. منێکیش که به‌هۆی چالاکی‌و هه‌ڵسووڕانی سیاسیمه‌وه له نێو شاری هه‌ڵه‌بجه ناچاربووم له کۆتایی هاوینی ساڵی 985دا ماڵ بگوێزمه‌وه بۆ سلێمانی، هه‌موو که‌ڕه‌تێک که ده‌بوایه سه‌فه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌م بکردایه ده‌بوو به گوێره‌ی نه‌خشه‌یه‌کی نهێنی تایبه‌ت کۆنترۆڵی ده‌زگا سه‌رکوتگه‌رو جاسووسیه‌کانی ڕژێمم ببڕیایه! ئه‌م کاره به ده‌م خۆشه، به‌ڵام ئه‌نجامدانی به‌ر له هه‌ر شتێک باوه‌ڕێکی پته‌وی پێویسته به ئامانجه‌کانت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌خۆبوورده‌یی‌و کارامه‌یی له خه‌باتی ژێرسایه‌ی پۆلیسی هاری ڕژێمی به‌عسیدا بواریان ئه‌کرده‌وه بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خه‌بات.
من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو جارێک به سه‌رکه‌وتوویی بگه‌مه هه‌ڵه‌بجه، ده‌بوو خۆم ببواردایه له‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ به هێڵی سلێمانی- هه‌ڵه‌بجه بڕۆشتمایه. چونکه ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی که له‌و هێڵه‌دا کاریان ده‌کرد زۆر به ووردی له هه‌موو کۆنترۆڵه‌کاندا پشکنینیان بۆ ده‌کرا. هه‌موو نه‌فه‌ره‌کان داده‌گیران‌و ده‌پشکێنران‌و کۆنترۆڵی ناسنامه‌و شتیان بۆ ده‌کراو ئینجا به‌ڕێده‌کران. من ڕێگایه‌کی دیکه‌م په‌یداکردبوو. له سلێمانی به هێڵی عه‌ربه‌ت ده‌ڕۆیشتم، له‌وێشه‌وه بۆ کانیپانکه، ئینجا بۆ سه‌یدساده‌ق له‌وێشه‌وه بۆ سیروان، له سیروانیشه‌وه به جیبه لاندرۆڤه‌ره‌کان ده‌چووم بۆ ئۆردوگای زه‌مه‌قی خوار هه‌ڵه‌بجه‌و دواجار له‌وێشه‌وه ده‌چووم بۆ هه‌ڵه‌بجه. هه‌ندێ جاریش به پێ ده‌ڕۆیشتم له پشتی سه‌یته‌ره‌کانه‌وه، یاخود له‌گه‌ڵ تراکتۆری گونده‌کان ده‌ڕۆیشتم. ئه‌م ڕێگایه سه‌لامه‌ت تر بوو چونکه کۆنترۆڵی توندی له‌سه‌ر نه‌بوو، شۆفێری ئۆتۆمبیله‌کانیشیان ده‌ناسی‌و ده‌یانزانی که خه‌ڵکی ئه‌و گوند‌و شارۆچکانه‌ن دێن‌و ده‌چن بۆ کار‌و کاسبی ڕۆژانه‌یان. دیاره هه‌ر له‌و ڕێیانه‌شدا کۆنترۆڵیان ده‌کرد، وه هه‌ندێ جاریش ده‌زگاکانی ئیستیخبارات یان ته‌واری له هه‌ندێ پنتی دیاریکراو که خۆیان دیاریانده‌کرد کۆنترۆڵی تایبه‌تیان داده‌نا له‌سه‌ر ڕێگای سلێمانی- هه‌له‌بجه، یه‌ک یه‌ک ئۆتۆمبیلی سه‌ر ئه‌و هێڵه‌یان ده‌پشکنی، نه‌فه‌ره‌کانیان ده‌هێنایه خواره‌وه‌و ناوه‌کانیان له‌گه‌ڵ لیستی ئه‌و ناوانه‌دا به‌راورد ده‌کردن که ده‌زگا جاسووسیه‌کانیان بۆیان ئاماده‌کردبوون. به‌لآم ئه‌م شێوازه‌و ئه‌م ڕێگایه بۆ سه‌فه‌رێکی سیاسی باشتر‌و هێواشترو سه‌لامه‌تتر بوو بۆ من.
من له سلێمانیه‌وه سه‌ر له به‌یانی زوو له ماڵ ده‌رچووم، عه‌سرانێکی نه زۆر دره‌نگیش گه‌یشتمه ماڵی خاوه‌ری خوشکم له ئۆردوگای زه‌مه‌قی خوار پێده‌شتی هه‌ڵه‌بجه. خاوه‌ری خوشکم به‌ده‌م شپرزه‌یی‌و ترس‌و گومانێکی زۆره‌وه باوه‌شی پێم‌دا کردوو ووتی؛ ئه‌رێ برام تۆ خۆتت لێ ته‌وقه، بۆچی به‌م ڕۆژگاره سه‌خته دێیت بۆ هه‌ڵه‌بجه!؟ چۆن ده‌رباز بوویت!؟ به گوێم بکه ئیتر جارێ مه‌ڕۆره‌وه بۆ سلێمانی. ووتم باشه. منیش هاتووم ماوه‌یه‌ک لێره بم لاتان. ئێره سه‌لامه‌ت تره. 30کانوونی‌دوهه‌م2010
له‌پێناو هه‌قدا بۆ ڕۆژی خۆی با بیره‌وه‌ریه‌کانمان سه‌باره‌ت به کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه تۆمار بکه‌ین
(به‌شی دوهه‌م)
له پێنجوێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه چیرۆکی ئاواره‌بوونم بۆ باوه‌شێکی ئارام!
له‌م به‌شه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانمدا، بۆ ئه‌وه‌ی ڕایه‌ڵی داستانی په‌یدابوونی په‌یوه‌ندی واقعی‌و ویژدانیم له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌ڵه‌بجه‌و شادی‌و ئازاره‌کانیدا بڕێک ساناترو جوانتر لێکگرێ ده‌م، به باشی ئه‌زانم به‌سه‌رهاتی په‌یوه‌ندی گه‌ڕانه‌وه یان ئاواره بوونم له شارۆچکه‌ی پێنجوێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه لێره‌دا عه‌رزی خزمه‌تتان که‌م. ئه‌م زنجیره بیره‌وه‌ریانه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا وێنایه‌کی واقعی‌و زیندوو له کاره‌ساتی ژاربارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی خه‌مناک نیشانبده‌م.
من خۆم که له‌دایکبوی شارۆچکه‌ی پێنجوێنم، په‌روه‌رده‌ی ئاو و هه‌وای سازگارو دیمه‌نه ڕه‌نگین‌و دڵڕفێنه‌کانی بلکیان‌و چوارباخ‌و ده‌ڤه‌ری دیوی ئه‌ودیوی ناوچه‌ی هه‌ورامان‌و لوتکه‌و زنجیره چیاکانی سورێن‌و که‌ش‌و کێفه ده‌ماخبه‌رزه‌کانی هاوسێی تاوگۆزی‌و به‌مۆو مه‌وله‌وی‌و گۆران‌و ئاوه نازداره‌که‌ی سیروانم، که سروشت به لوتفێکی بێوێنه‌وه هه‌زاران ساڵه به‌خشیویه‌تیه ده‌شتی شاره‌زوورو له‌گه‌ڵ چرپه‌یه‌کی هه‌میشه‌ییدا به میهرو سۆزێکی سه‌رفرازه‌وه له که‌لێنی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه ماڵئاوایی له پێده‌شتی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان ئه‌کاو ڕوو له گه‌رمیان‌و ده‌شتی که‌لارو جه‌له‌ولاو شاره‌بان ئه‌کاو ژیان‌و شادی‌و ئاوه‌دانیی ئاژین به پێده‌شته‌کانی گه‌رمیان ئه‌کات، وه هه‌میشه‌و به‌رده‌وام مۆسیقای تاڤگه‌و مه‌نگیه‌کانی له گوێی گه‌رمیانیه‌کاندا ئاوانابێ، به‌ڵام دایک‌و باوکم له دایکبووی بیاره‌و سۆسه‌کانن، که‌چی ڕۆژگارێک ته‌نگژه‌و چه‌ڵه‌مه‌ی ژیان هه‌ڵیگرتوون‌و گه‌یاندوونیه پێنجوێن‌و له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه.
ساڵی هه‌شتای سه‌ده‌ی به‌روو له‌گه‌ڵ هه‌ڵایسانی ئاوری جه‌نگی عێراق- ئێران، شارۆچکه‌ی پێنجوێن‌و ده‌وروبه‌ری هه‌ر زوو بوویه مه‌یدانی جه‌نگ‌و هه‌ر له یه‌که‌م په‌لاماری بۆمبارانی تۆپه قورس‌و دوورهاوێژه‌کانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران‌دا، زیاتر له 180 که‌س بوونه قوربانی‌و گۆشتی ده‌م تۆپه‌کان. من خۆم جه‌سته‌ی تێکشکاوی مناڵێکی یه‌کێک له هاوسێکانمانم، که سه‌رله‌به‌یانی زوو کاتی نانخواردنی سبه‌ینان تۆپ که‌وتبوه نێو سفره‌ی ماڵیانه‌وه، گرته باوه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نمه خه‌سته‌خانه، به‌ڵام له‌کاتێکدا هێشتا گه‌رمایی له‌شی تاویئه‌داو چاوه گه‌شه‌کانی وورشه‌یان ئه‌هات، هه‌ستم به ڕژانی گه‌رمایی شیله‌ی ژیانی کرد‌و خوێنی ئه‌م په‌پوله بێئاگایه له جه‌نگ‌و ده‌عوا به‌سه‌رده‌ست‌و مه‌چه‌ک‌و باوه‌شمدا هاته خوارێ‌و کاتێک زیاتر لێی ووردبوومه‌وه بینیم به ئاسته‌م سه‌ری به‌سه‌ر لاشه‌یه‌وه ماوه‌ته‌وه! مووچڕکێکی دڵته‌زێن سه‌رتاپای جه‌سته‌می داهێزراندو هه‌نگاوه‌کانمی گه‌وره‌تر کرد، به‌ڵام کاتێک که‌سێکی تر ویستی لێم وه‌ربگرێ تا ئه‌و بیگه‌یه‌نێته جێگا، به‌ده‌م قوڵپی گریانه‌وه هه‌ردوکمان، ووتی؛ حه‌مه گیان ته‌واو بووه، باوه‌ڕ بکه ته‌واو بووه! له‌و ساوه من له دوتوێی ویژدانمدا ڕقێک سه‌وز بووه له دژی جه‌نگ، وه‌کو هێزێکی بێهاوتا به‌رده‌وام تاوی داوم بۆ وه‌ستانه‌وه به‌ره‌وڕووی هه‌موو جه‌نگ‌و شه‌ڕه‌نگێزیه‌ک. هه‌ر ئه‌و پنته‌ش بوویه ناوکۆکه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێگای به‌رگری‌و خه‌بات‌و تێکۆشانی چه‌پڕه‌وی‌و کۆمۆنیزمم کرده تاجێک دام له هه‌ست‌و بیر‌و ویژدانم. داستانی جه‌رگبڕی ته‌فروتوونابوونی ئه‌و ده‌یان ئینسانه بیئاگایه له شاری پێنجوێن، سیگناڵێکی ئاشکرابوو بۆ دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره تا شوێنی ژیانی باوباپیرانیان جێبێڵن‌و ملی ڕێی ئاواریی بگرنه‌به‌ر. ماڵی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ وورووژمی ئاواره‌بوونی خه‌ڵکی ئه‌و شارۆچکه به‌دبه‌خته‌ی، ئاواره‌یی هه‌میشه به‌شێک بووه له چیرۆکی ژیانیان، ئاواره بووین‌و گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و ماوه‌یه‌ک له ئۆردوگای سیروان نیشته‌جێ بووین‌و دواتر به ته‌واوی چووینه ناو شاری هه‌له‌بجه‌و یه‌که‌م جار له گه‌ڕه‌کی کانی‌عاشقان گیرساینه‌وه.
پێموابێ ساڵی دوای ئه‌وه ئاماده‌یی پیشه‌سازی له شاری هه‌ڵه‌بجه کرایه‌وه‌و ژماره‌یه‌ک له هاوڕێ هاوشاریه‌کانی پێنجوێنم له‌وێ وه‌رگیران. ئه‌م ئاماده‌ییه بوویه هۆیه‌ک بۆ په‌یوه‌ندی‌و تێکه‌ڵاوبوونی گه‌نجانی پێنجوێن‌و سه‌ید ساده‌ق له‌گه‌ڵ خوێندکارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا. ئه‌م تێکه‌ڵاوبوونه بۆ منیش ڕایه‌ڵێک بوو تا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه درووستبکه‌م. چونکه من هه‌م له په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌وی سیاسی‌دا ئه‌ژیام له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی گه‌نجانی پێنجوێن که هاتبوونه هه‌ڵه‌بجه بۆ خوێندن، هه‌م ساڵی 982 له‌گه‌ڵ کاکه (عومه‌ر ڕه‌حیم)، که گه‌نجێکی هه‌ڵه‌بجه‌یی بوو نیگارکێشی ده‌کرد ئاشنابووم‌و پاشان پێکه‌وه دوکانێکی بچکۆله‌مان دانا. من کاری خۆشنووسیم ئه‌کردو ئه‌ویش نیگارکێشی ده‌کرد. له‌م دوکانه‌وه له‌گه‌ڵ زۆرێک له گه‌نجانی هونه‌رمه‌ندو هونه‌ردۆستی هه‌ڵه‌بجه هاوڕێیه‌تیم په‌یدا کرد، هه‌ر له‌وێشه‌وه تێکه‌ڵاو بووم له‌گه‌ڵ سفیری زیندو وه باوی هونه‌ری‌و سیاسی هه‌ڵه‌بجه. کاکه (ئه‌سغه‌ر ڕه‌شید) که شێوه‌کارێکی باش بوو بوویه ئاشنام‌و دواتریش پێکه‌وه له یه‌کێک له دوکانه‌کانی حاجی نووری‌دا نوسینگه‌یه‌کمان کرده‌وه بۆ کاری وێنه‌و خۆشنووسی‌و ڕیکلام دروستکردن. ئه‌م کاره‌و ئه‌م نوسینگه‌یه زۆر خێرا بوویه پردێکی په‌یوه‌ندی باش وه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل فه‌زای هونه‌ری‌و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی ڕۆشنبیری‌و سیاسیش له‌م شاره بۆ من. ته‌نانه‌ت وای لێهات نوسینگه‌که‌ی ئێمه وه‌کو ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری جێکه‌وتبوو که هه‌موو گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه ڕوویان تێده‌کرد. ئه‌م کاره بۆ من زۆر دڵخۆشکه‌ر بوو، وه ئێجگار بایه‌خداریش بوو، چونکوم سه‌قامگیریه‌کی له ناخ‌و ڕۆحمدا درووست کردبوو. ڕۆژ به ڕۆژ هه‌ستی غه‌ریبی‌و ئاواره‌یی له‌لام ئه‌ڕه‌ویه‌وه‌و له قووڵایی ویژدانمدا هه‌ستی هاوشاری‌و هه‌موڵاتیم له‌لا به‌هێزتر ئه‌بوو. له‌جێی هه‌ستی ئاواره‌یی، هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌فاو لانکی ڕۆشنبیری‌و هه‌ڵکه‌وتن‌و پێشڕه‌وی‌و شارستانیه‌ت، باوه‌شی گه‌رمی بۆم کرده‌وه‌و منیش وه‌کو تامه‌زرۆیه‌کی باوه‌شی دایکێکی دابڕاو خۆم هاویشته ئه‌و باوه‌شه گه‌رمه‌وه‌و ئارامم تێیدا گرت.
به‌ڵام مه‌خابن تۆڕی جاسووسی‌و ئه‌من‌و ئیستیخباراتی ڕژێمی هارو فاشیستی به‌عسی له هه‌ڵه‌بجه، که له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌فره‌ت‌و بێزاریی هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دانیشتبوو، ئه‌م باوه‌شه ئارامه‌ی لێ تێکدام‌و ساڵی 985 پاییزێکی دره‌نگ خۆم‌و دایکم‌و دوو برازای نزیک له ڕۆحمه‌وه به شێوازێکی تایبه‌تمه‌ند ناچاربووم ماڵ بگوێزمه‌وه بۆ سلێمانی‌و له خانوویه‌کی مسه‌له‌حی ڕه‌ق‌و ته‌قدا له گه‌ڕه‌کی شیخ محێدین جێگیربووین.
له به‌شی دواتردا ئه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ دوای 10مارس988، که ئێواره‌که‌ی گه‌یشتمه ماڵی خاوه‌ری خوشکم. سبه‌ینێکه‌ی که ده‌چم بۆ ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌و بۆ لای هاوڕێیانم. تا به‌شی داهاتوو سه‌رفرازیتان بۆ ئه‌خوازم. 7شوبات2010
(به‌شی سێهه‌م)
هه‌ڵه‌بجه چۆن کرایه تاقیگای چه‌کی شیمیایی! ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه چۆن ڕوویدا!
تابلۆیه‌ک به‌ر له تاوان!
من وه‌کو هه‌میشه، هه‌ر له سه‌ردان‌و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رووماندا له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی سنوری هه‌ڵه‌بجه ڕێکه‌وتبووم که سه‌ره‌تای مانگی مارس سه‌ردانیان بکه‌م بۆ گرێدانی په‌یوه‌ندی‌و به‌دواداچوونی کاروباری ڕێکخستنه‌کانمان. یه‌ک سێهه‌می مانگی ئازار به‌سه‌رچووبوو، ڕۆژی پێنجشه‌ممه 10مارس988 دوای نێوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ گه‌یشتوومه ئۆردوگای (زه‌مه‌قی) پایینی هه‌ڵه‌بجه. بۆ سبه‌ی دوای نان‌و چای به‌یانی، خۆم ئاماده‌کرد بچم بۆ لای هاوڕێیان.
دێته‌وه یادم ڕۆژێکی خۆشی به‌رپێی به‌هاری شاره‌زوور بوو. پرشنگه قه‌شه‌نگ‌و چڕه‌کانی هه‌تاوی به‌هاران به پشتی سه‌ری عه‌بابه‌یلێوه سێبه‌رێکی خه‌ستی سه‌رته‌کی به‌مۆو چیا‌و به‌رزاییه‌کانی هه‌ورامانی به په‌رۆشه‌وه دابوویه‌وه به‌سه‌ر باڵای هه‌ڵه‌بجه‌داو جۆرێک له ئه‌فسانه‌ی بێده‌نگی‌و ئارامی‌و فه‌نتاسیای جوانیی سروشتی تێکه‌ڵاو به وێنای شار کردبوو. ئه‌و دیمه‌نانه‌و نیگاری دڵڕفێنی له پایینه‌وه ڕووه‌و بنارو به‌رزایی به نه‌زاکه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ سیمای خامۆشی هه‌ڵه‌بجه‌دا تابلۆیه‌کی ده‌گمه‌نی نمایش کردبوو. ڕۆیشتم!
هاوڕێیان یه‌کمان گرته‌وه‌و دوای چایه‌کی به‌تامی چاخانه‌که‌ی خاڵۆ به‌ده‌م پیاسه‌و گفتوگۆوه ڕێکه‌وتین که‌ی، وه چۆن‌و له‌کوێ کۆببینه‌وه! مه‌به‌ستم کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی هه‌ڵه‌بجه بوو، که خۆی له به‌رپرس‌و سه‌رپه‌رشتیاری شانه ته‌شکیلاتیه‌کاندا ئه‌بینیه‌وه. ڕایه‌ڵ‌و پۆی ڕێکخراوه‌یی ڕێکخستنه‌کانمان له‌ژێر گوشاری فه‌زای ئیستیبداد‌و سه‌رکوت‌و چاودێری پۆلیسیدا، به تایبه‌ت له شارێکی وه‌کو هه‌ڵه‌بجه‌دا، هونه‌رێکی سیاسی مه‌حکه‌م‌و شێوازێکی به دیسپلینی خه‌باتی نهێنی شۆڕشگێڕانه‌ی لێمان ئه‌خواست، تا بوار بخه‌مڵێنرێ بۆ کۆبوونه‌وه‌و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسی تۆڕه ته‌شکیلاتیه‌کانمان. ئێمه ڕه‌وتی کۆمۆنیست شێوازی ڕێکخستنی مونفه‌سڵ(دابڕاو له یه‌ک)مان په‌یڕه‌و ئه‌کرد به ئامانجی پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌ر شوێنپێ هه‌ڵگرتنێکی ئه‌منی‌و جاسوسی پیاوانی ڕژێم، تا هه‌رچی سه‌لامه‌تترو ساناتر جووڵه‌و هه‌ڵسووڕانی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێکخستنه‌کانمان مسۆگه‌ر که‌ین.
پیلانێک بۆ "ڕزگارکردن" یان بۆ نغرۆکردن!
چه‌ند ڕۆژێکی خایاند هه‌تا کاروباره‌کانی ته‌شکیلاتمان جێبه‌جێکرد. به‌ڵام مه‌خابن پیلانێکی چنراو له ژێره‌وه ته‌واوی تابلۆی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی کردۆته نیشانه‌ی ئامانجه ترسناکه‌کانی. له پڕ باڵی ڕه‌ش‌و نه‌گبه‌تی وه‌یشومه‌یه‌ک، وه‌سوه‌سه‌ی کاره‌ساتێکی مرۆیی گه‌وره سیمای ئاسایی شاری قڵپکرده‌وه‌و سایه‌ی خسته سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری. وه‌حشه‌تی کاره‌ساتێک حه‌وزی بناری شاره‌زوور له سه‌یسایه‌ق‌و چاڵاوی ده‌ربه‌ندیخان به‌ره‌و ڕۆژه‌ڵاتی گرته‌وه. تارمایی نغرۆبوونێک باڵی قه‌ترانیی خۆی هاویشته سه‌ر ژیانی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌موو شتێکی خسته‌لاوه‌و ناوچه‌که‌ی تووشی شۆکێکی سامناک‌و وه‌حشه‌تناک کرد!
دڵنیا نیم کام ڕۆژی دوای 13مارسی ئه‌و ساڵه بوو! به‌ڵام له‌یادمه هه‌واڵی گورچکبڕو شۆکهێنه‌ر به خێراییه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر بڵاوئه‌بوویه‌وه؛ شار له پڕێکا حاڵه‌تی ئاسایی لێ حه‌رام بوو. فڕکان فڕکان‌و حه‌په‌ساوی له‌بناگوێی هه‌ر که‌سێکا له‌م شاره گێنگڵی ئه‌دا. زه‌مبه‌له‌کی میلی سه‌عاتی ژیان لێره له‌کارکه‌وتووه. هه‌واڵێک بڵاو بۆته‌وه ئه‌ڵێ؛ هێرشێکی سه‌ربازی له سنووره‌کانی ئێرانه‌وه به هاوکاری‌و پێشله‌شکری حیزب‌و هێزه کوردیه‌کان‌و مه‌جلیسی ئه‌علای شۆڕشی ئیسلامی ده‌ستیپێکردووه بۆ "ڕزگارکردنی" هه‌ڵه‌بجه‌و داوێنه‌کانی تری تا پرده‌که‌ی زه‌ڵم.
ده‌ڵێ؛ تۆپه قورسه‌کانی ئێران وه‌کو کابوسێک به شێوه‌یه‌کی ئه‌فسانه‌یی له‌سه‌ر لووتکه‌ی (ئه‌شکه‌وڵ) به پشتی زه‌ڵم‌و ئه‌حمه‌دئاواو خورماڵه‌وه دامه‌زراون، که پردی زه‌ڵم له‌ژێر لووتیدایه‌و جموجووڵی سه‌ر پرده‌که‌ی کردۆته ئامانجی گوله تۆپه‌کانی. هیچ که‌سێک بۆی حه‌ل نیه چۆن چۆنیی ئه‌و تۆپانه له‌و شوێنه ستراتیژیه‌دا جێگیر کراون که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێرانه‌وه زۆر دووره‌و ته‌نانه‌ت ئێجگار زه‌حمه‌تیشه! ئه‌مه گومانێکی گه‌وره‌ی کرده به‌شی خه‌ڵکی ناوچه‌که. ده‌ڵێن له پرده‌که‌ی زه‌ڵمه‌وه ته‌یر(قوش) ده‌رناچێ! چه‌ندین ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگرو ئاسایی له ده‌ورو به‌ری پرده‌که‌ی زه‌ڵم که به نیازبوون ماڵ‌و خێزانیان ده‌ربازکه‌ن به‌ره‌و سلێمانی، بوونه‌ته نیشانه‌ی تۆپه قورسه‌کانی ئه‌شکه‌وڵ‌و ده‌یان ماڵ‌و خێزان بوونه‌ته قه‌قنه‌س‌و گۆشتی ده‌م تۆپه‌کان. مقۆمقۆی به‌کاربردنی چه‌کی شیمیایی زه‌نده‌قی خه‌ڵکی بردووه.
هه‌واڵێکی دیکه ئه‌ژنۆی ئینسان ووشک ئه‌کات؛ هه‌ڵه‌بجه گیراوه! چۆن؟! وابڵاوه پرده‌که‌ی زه‌ڵم گیراوه‌و ئاوی سیروان‌و چاڵاوی ده‌ربه‌ندیش هێنده به‌رزه بوار نادات‌و ته‌نانه‌ت له هه‌ردوو به‌ره‌وه، یان ڕاستتره بڵێین له هه‌موو لایه‌که‌وه، چ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه، یان له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای پاسدارانه‌وه یاخود له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌شدار له‌م پیلان‌و تاوانکاریه‌دا به ده‌سڕێژی دۆشکه‌و چه‌که‌کانیان هه‌ر تارماییه‌کی ئینسانی‌و هه‌ر کۆمه‌ڵ‌و کاروانێکی خه‌ڵکی ئه‌سووتێنن که نیازی جێهێشتنی شار یان ناوچه‌که‌یان بێت.
له ناو هه‌واڵه سه‌رسام هێنه‌ره‌کاندا یه‌کێکیان باسی ئه‌وه ده‌کات که هێزی پێشمه‌رگه هه‌ڕه‌شه‌یان له خه‌ڵکی کردووه‌و ته‌نانه‌ت چه‌کیان لێ ڕاکێشاون که نابێت ماڵه‌کانیان جێبهێڵن. پێیان ووتوون؛ ئه‌و کاره ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ووره‌ی خه‌ڵکی شار بڕوخێ‌و خه‌ڵکی هه‌موو چۆڵی بکه‌ن. هه‌روه‌ها ڕایان گه‌یاندووه به خه‌ڵکی که ئه‌وان هاتوون هه‌ڵه‌بجه ڕزگار بکه‌ن، بێ وه‌فاییه چۆن ئه‌بێ ئێوه ڕاکه‌ن‌و چۆڵی بکه‌ن! ئه‌وه خیانه‌ته له خه‌باتی پێشمه‌رگه! جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا دوپاتی که‌مه‌وه که ساڵی پێشوو به‌هۆی که‌شف بوونی سه‌عاتی سفری هه‌مان هێرشی سه‌ربازی به پێشله‌شکری بۆ ئێران، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه شاره‌که‌یان به‌جێهێشت. هه‌ر ئه‌وه‌ش بویه هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌لاماره‌که. تا ئه‌مجاره‌یان خه‌ڵکیان غافڵگیرکرد.
هێشتا خه‌ڵکی شار به گومانه‌وه له هه‌واڵه‌کان ڕائه‌مان، هێشتا مابوو مرۆڤ دڵی خۆی بداته‌وه‌و بڵێ؛ سه‌بر که‌ین باشه به‌ڵکو به‌خێر بگه‌ڕێته‌وه. کاتێک لامانکرده‌وه سه‌رله‌به‌یانیه‌کی یه‌کێک له ڕۆژه‌کانی 14 یان 15 ئازار بوو بینیمان ئاپۆڕه‌ی چه‌ندین هه‌زاریی له سه‌ربازه هه‌ڵاتووه‌کانی به‌ره‌کانی جه‌نگی دیفاعی له هه‌ورامان‌و هاوارو به‌رزاییه‌کانی پشته‌وه به تێکشکاوی‌و بێ چه‌ک‌و چۆڵ‌و به ڕه‌نگی زه‌ردو سه‌روچاوی قوڕاویه‌وه ڕژاونه‌ته نێو شه‌قام‌و بازاڕه‌کانی ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌و هانایان بۆ خه‌ڵکی هێناوه. هه‌موو چۆکیان شکاوه‌و لیکی ده‌میان له قوڕگیاندا ووشکبۆته‌وه. بێئه‌وه‌ی که‌سێک لێیان بپرسێت هه‌ر بۆ خۆیان ده‌ستیان بۆ سه‌ره‌وه هه‌ڵبڕیوه به نیشانه‌ی ته‌سلیمبوون! به‌ڵام خه‌ڵکی شار چوون به ده‌میانه‌وه‌و نان‌و ئاویان پێدان‌و هێنده‌ی پێیان کرابوو حه‌واندنیانه‌وه.
به‌ڵام کاتێک چاره‌نووسی سه‌ربازو به‌ره‌ی جه‌نگ‌و مۆڵگای سه‌ربازی له‌گه‌ڵ مه‌دره‌سه‌و دایه‌نگاو ماڵ‌و گه‌ڕه‌ک‌و خوێندنگا‌و ڕوخساری ژیانی ئاسایی‌و په‌له‌وه‌رو گیاندارانیش، له چرکه‌یه‌کدا کراسی یه‌کسانیان کرایه به‌رو سه‌راپایان گۆڕان بۆ سڤیلی ئه‌کته‌ری شانۆنامه‌یه‌کی خوێناوی گه‌وره‌و دڵته‌زێن، ئیتر شوناس‌و ڕه‌گه‌زو قه‌وم‌و تیره‌و زمان‌و ئه‌م شتانه ته‌کیان دایه دواوه‌و هه‌موو پێکه‌وه بوونه باوه‌شێک خه‌م‌و یاده‌وه‌ری‌و دڵنه‌وایی بۆ یه‌کتری! هه‌موو له به‌رده‌م شاڵاوی بێبه‌زه‌ییانه‌ی مه‌رگدا یه‌کسان بووین!
ئێمه هاوڕێیان هێنده‌ی له ده‌وری یه‌ک مابووینه‌وه‌و ده‌نگمان به یه‌ک ده‌گه‌یشت، له هاوشانی گه‌نجان‌و هاوڵاتیانی هه‌مشاریماندا، بڕیارماندا کارێک بکه‌ین خه‌ڵکی شار کۆمه‌ک به‌و سه‌ربازانه بکات. نان‌و ئاویان بده‌نێ، جل‌و به‌رگی مه‌ده‌نیان پێبده‌ن‌و له‌ترسی ڕه‌میکردن ڕزگاریان بکه‌ن! ڕاستیه‌که‌ی نازانم چه‌نده ئه‌م هه‌نگاوه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام شاڵاوی هه‌واڵێکی کاره‌ساتباری له هه‌موو ئه‌وانه به‌ولاوه‌تر هه‌موو شتێکی پێچایه‌وه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ی گۆڕی بۆ سه‌حرایه‌کی بێئه‌وپه‌ڕو ڕۆژی حه‌شری لێ هاته پێشه‌وه!
له ناو سه‌ربازه تێکشکاوه‌کاندا تێگه‌یشتین که پیلانه‌که ئامر فرقه‌ی چواریشی تیایه‌و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامانی ته‌سلیم به ئێران کردووه! له سیروان‌و سه‌یسایه‌ق به‌ملاوه له عێراق دابڕاوه‌و ئێستا له‌ژێر ده‌ستی سوپای پاسداران‌و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و مه‌جلیسی ئه‌علادایه!
وێڕای ده‌نگی تۆپ‌و ڕاکێته‌کانی جه‌بهه‌کانی پشته‌وه له سه‌عات‌و ساته‌کانی ڕابردوودا، ده‌نگی ته‌قه له چوارده‌وری شاریش ده‌ستی پێکردووه‌و ده‌بیسرێت. ده‌ڵێن؛ سوپای پاسداران‌و چه‌کدارانی مه‌جلیسی ئه‌علاو پێشمه‌رگه له دۆڵی گوڵان‌و باوه‌کۆچه‌ک‌و چه‌می قاغه‌وه دابه‌زیون بۆ ناو شار‌و ئێستا شه‌ڕ گه‌یشتۆته نێو کۆڵانه‌کانی شێخ سمایل‌و گه‌ڕه‌کی به‌نزینخانه‌که. زرێپۆش‌و تانک‌و هێزه دیفاعی‌و هێرشبه‌ره‌کانی ڕژێمی به‌عسیش تووشی فه‌وزایه‌کی گه‌وره هاتوون‌و هه‌ندێکیان بێبه‌رنامه ڕوویان له شه‌ڕه‌که کردووه‌و بێ‌ئامانج ته‌قه ئه‌که‌ن.
تروسکاییه‌ک بۆ خۆڕاگریی!
تازه کار له کار ترازابوو. هه‌موو پێکه‌وه خۆشمان بێ‌و ترشمان بێ تێگه‌یشتین که ئێمه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان که‌وتووینه‌ته که‌مینێکی سه‌ربازی بێوێنه‌وه‌و ده‌رچوون ئه‌سته‌مه! به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بڕستی له‌به‌ر خه‌ڵکی بڕیبوو، مه‌سه‌له‌ی تاقیکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی چه‌کی شیمیایی بوو له‌م کێبه‌رکێیه‌دا. هێزه سه‌ربازیه‌کان‌و هاوپه‌یمانه کورده‌کانی ئێران‌و مه‌جلیسی ئه‌علاش بێگومان به که‌ره‌سه‌و ئامڕازی خۆپاراستن له چه‌کی شیمیایی موجه‌هه‌ز بوون. خه‌ڵکی سڤیلی ناوچه‌که له ناکاو که‌وتونه‌ته نێو قوڵایی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی بێبه‌زه‌ییانه‌و هیچ ده‌روازه‌و توانایه‌کی ده‌رچوونیان نه‌ماوه. گه‌وره‌و بچووکی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به شێوه‌یه‌کی دڕندانه فڕێدراونه‌ته نێو کوره‌ی ئاگرێکی جه‌هه‌ننه‌میه‌وه.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان نامیلکه‌یه‌کی بچکۆله‌یان بڵاوکرده‌وه به هاوکاری ڕێکخستنه‌کانی ئێمه‌و دۆست‌و لایه‌نگرو نفوزی خۆشیان به‌ناو خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و چوارده‌وریدا، که به‌شێوه‌یه‌کی ساکارو ئاسان زانیاری خۆپاراستن له جۆره‌کانی گازی شیمیایی‌و هه‌ندێ ڕێ‌و شوێنی دیکه‌ی وه‌کو هه‌ڵدوورینی کیسه‌ی بچووک له قوماشی که‌تان‌و بازه‌و خام بۆ ئه‌وه‌ی بڕێک له خه‌ڵوزی تێبکرێ‌و له‌کاتی هه‌ستکردن به بۆنی سێ‌و یان بۆنه‌کانی دیکه‌ی گازی شیمیایی بخرێته سه‌ر ده‌م‌و لووت بۆ هه‌ناسه‌دان لێوه‌ی. هه‌روه‌ها له‌و نامیلکه‌یه‌دا هوشداریان به خه‌ڵکی دابوو که له کاتی بۆمبارانه‌کاندا هه‌وڵده‌ن ئه‌و کیسه خه‌ڵوزیانه یان خاولی ته‌ڕ یان به‌تانی‌و قوماشی ته‌ڕ بده‌ن به‌سه‌ریاندا، وه تا بۆیان بکرێ بۆ به‌رزایی خۆیان بکوتن تا هه‌وای پاک هه‌ڵمژن. چونکوم ئه‌و گازه کوشندانه هه‌میشه بۆ نزمایی شۆڕئه‌بنه‌وه. یا هه‌وڵ بده‌ن له نزیک ئاوه‌وه بمێنن تا ئه‌و خاولی‌و به‌تانیانه ته‌ڕکه‌ن به‌رده‌وام بۆ هه‌ناسه‌وه‌رگرتن لێوه‌یان. ئه‌و نامیلکه‌یه‌و ئه‌و ڕێنوێنیانه گرنگی باشی پێدرا له‌ناو خه‌ڵکیداو پێئه‌چێ به‌شێک له ڕزگاربووانی نێو کاره‌ساته‌که له سایه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌وه ژیانی خۆیان ده‌رباز کردبێت.
مۆڵگه سه‌ربازیه‌کانی فرقه‌ی چواری ڕژێم که له ده‌شتی سوسێ‌و دوکانه‌وه هه‌تا بگاته تانجه‌رۆو ده‌شتی گه‌وره‌ی شاره‌زوور به بناری سورێن‌و به‌رزاییه‌کانی هه‌ورامان‌و پانتاییه‌کانی حه‌وزی هه‌ڵه‌بجه‌و خورماڵدا بڵاوبووبوونه‌وه‌و دامه‌زرابوون‌و به درێژایی حه‌وت ساڵ شه‌ڕی ئێران- عێراق، وه‌کو مۆڵگای جه‌نگی‌و مۆته‌که‌ی کاولکاری‌و سندان به‌سه‌ر سه‌ری ژیانی خه‌ڵکیه‌وه جێگیربووبوون، شڵه‌ژاوی‌و په‌شۆکاویه‌کی کوشنده‌یان تێکه‌تبوو. نه‌خشه‌ی سه‌ربازیان به هه‌واڵی گیرانی هه‌ڵه‌بجه تێک‌و پێک چووبوو!
تا به‌شێکی دیکه! 11شوبات2010
(به‌شی چواره‌م)
من‌و هه‌ڵه‌بجه له‌نێو توونێلی مه‌رگدا!
هه‌رچی سیمای شار‌و شارستانی‌و ئاوه‌دانی بێت به ڕوخساری هه‌ڵه‌بجه‌وه نه‌ماوه، جگه له کۆمه‌ڵێکی زۆری مرۆڤی تۆقیو، بێ هیواو بێ ئامانج‌و دۆشداماو که ژیان به سه‌رو چاویانه‌وه ووشک‌و قه‌تیس ماوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌واڵێکی نوێ‌دا تارمایی مه‌رگ‌و کاره‌ساتێکی ئینسانی گه‌وره به‌سه‌ر سه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵکی شپرزه‌و په‌شۆکاوه‌وه ئه‌خولایه‌وه. ژیانی ئاسایی گۆڕاوه بۆ کابووسێک. ده‌نگ‌و هه‌ڵای ئه‌و جه‌بهه بچکۆلانانه‌ی ده‌ورو به‌ری شاری گرتبۆوه، سیمای ڕۆژگاری شاری کردۆته تاریکه‌شه‌وێک له ڕۆژی ڕووناکدا، گیانله‌به‌رو په‌له‌وه‌رێک به‌دیناکرێ. سه‌رله‌به‌ری کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی هاوڕێ‌و دۆست‌و ئاشنا‌و هاوشاری‌و هاوسێیه‌تی مه‌حفبوویه‌وه‌و له پڕێکا هێزێکی ئه‌فسانه‌یی بێهاوتا ئینسانه‌کانی پاڵیپێوه‌ئه‌نا بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که هیچ ئایینده‌یه‌کی پێوه دیار نیه، بۆ باوه‌شی فامیلی‌و که‌سه نزیکه‌کانی خۆی، هه‌تا هیچ نه‌بێ پێکه‌وه دوایین ساته‌کانی ژیانیان تروسکایی ئومێدێکیان لا بخولقێنێت.
له‌ناکاو ترسێک جه‌سته‌می داگرت. سه‌یری ده‌وروبه‌رم کرد به ته‌نها مابوومه‌وه. به‌ڵام دواین پاشماوه‌ی هه‌نگاوه به‌جێماوه‌کانیانم له‌سه‌ر سیله‌و سووچی کۆڵانه‌کانه‌وه بۆ دوایین سات له‌به‌ر چاوم وونئه‌بوون. ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه شه‌که‌ت‌و بیماره که‌س نازانێ ڕوویان له چی چاره‌نووسێک کردووه. ئه‌مه دیمه‌نی به‌رده‌م ژێرزه‌مینه گه‌وره‌که‌ی دوکان‌و بازاڕه‌کانی حاجی که‌یخه‌سره‌و بوو به‌ر له‌وه‌ی هه‌ستی ته‌نهاییه‌کی قورس‌و خنکێنه‌ر تاومبدا بۆ ماڵی خاوه‌ری خوشکم! ژێرزه‌مینه‌کان جمه‌یان دێ له خه‌ڵکی که زۆرینه‌یان ژن‌و مناڵ‌و پیرو په‌ککه‌وته‌ن. هه‌موو که‌س خاولی‌و به‌تانی‌و توره‌که‌ی خه‌ڵوزو بڕێک ئاوی لای خۆیه‌وه داناوه. ئه‌م شتانه ئه‌و ساتانه به‌نرخترین که‌لوپه‌لێک بوون که خه‌ڵکی به‌رپێی مه‌رگی دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵیان ئه‌گرتن. کاتێک شاڵاوی مه‌ترسی چه‌کی شیمیایی خه‌ریکبوو ئه‌بووه یه‌قین، ئیتر په‌ناگاو ژێزه‌مینه‌کانیش زیاتر سیمای گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی وێنائه‌کرد تا په‌نایه‌ک بۆ نه‌جات. خه‌ڵکی سڤیل‌و بێدیفاعی ئه‌و شاره ده‌قه‌و سه‌عاتیان ئه‌ژماردو که‌چی کات له تونێلێکی بێئه‌وپه‌ڕ به‌ولاوه‌تر نه‌ئه‌هاته به‌رچاو که ده‌رچوون لێی ئه‌سته‌مه.
به‌ر له کۆتایی هه‌نگاوه‌کانم لاقه‌کانم بۆ هی گه‌وره‌تر خۆیان تاوئه‌دا. خۆم گه‌یانده کۆتایی کۆڵانی سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌کیه‌که‌ی لای ئینحیساره‌که. شاره‌که ڕه‌نگ‌و بۆی مه‌رگی لێنیشتووه. شه‌رای مه‌رگ فه‌رمانڕه‌وای بناری شاره‌زوووره به‌ڕووی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌وراماندا. له هه‌موو لایه‌که‌وه شریخه‌و هاڕه‌ی ده‌سڕێژی دۆشکه‌و چه‌کی تۆقێنه‌ر که‌مه‌ر ئه‌شکێنێ. فیشه‌ک‌و گووله ده‌بارێ، ئه‌گه‌ر بکرێ مرۆڤ ته‌عبیری ئه‌و ڕۆژو ساته‌وه‌ختانه بکات. زرمه‌و ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی تۆپی قورس‌و دوورهاوێژ هه‌ر دڵ‌و ووره‌یه‌کی پۆڵایینی لوولئه‌کرد. کوڕم ئه‌ویست جه‌رگی هه‌بێ‌و له‌مبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که خۆی بخاته موجازه‌فه‌وه. بیرکردنه‌وه ده‌وری به‌سه‌ر چووبوو. دڵ بڕیاری ئه‌دا. زۆر جار لاقه‌کانم جه‌سته‌میان به هه‌ڵه‌داوان هه‌ڵئه‌گرت‌و ئه‌یانگه‌یانده بن دیوارێکی ئه‌ولاتر. من چه‌ند جارێک ئه‌بوایه چه‌ند شه‌قام‌و کۆڵانی پڕمه‌ترسیم ببڕیایه. خۆشم نه‌مئه‌زانی بۆچی ئه‌بێ ئه‌م زنجیره موجازه‌فه‌و خۆکوژیه نمایش بکه‌م.
ئاخر من ئاواره‌ی پێنج ساڵانم له‌گه‌ڵ 12 سه‌ر خێزان، که یه‌کێکیان کاکم بوو له ئۆردوگای زه‌مه‌قی خوار هه‌ڵه‌بجه بوون. هه‌ر ئه‌بوایه خۆم بگه‌یه‌نمه لای ئه‌وان. به‌ڵام کورتترین ڕێگا به ناو ده‌بابه‌و موده‌ڕه‌عه‌و زرێپۆش‌و جه‌بهه شه‌ق‌و شڕه‌که‌ی ڕژێمدا تێئه‌په‌ڕی. هه‌موو لایه‌کانی تریش هه‌ر به‌ره‌ی شه‌ڕ بوون. تازه ئه‌م ڕێگایه له هه‌مووی سه‌لامه‌ت تریش بوو! من خۆشم نازانم چۆن هه‌ستێکم لا درووست بووبوو، وام ئه‌زانی خۆم لێ ته‌وقه یان له مه‌رگی موحه‌قه‌ق گه‌ڕاومه‌وه. ئینێرژه‌یه‌کی سیحراوی ئه‌یجووڵاندم. سه‌رم له به‌ڵایه‌ک ئه‌گه‌ڕا بێئه‌وه‌ی خۆم هه‌ستی پێبکه‌م. له ناخمه‌وه خه‌یاڵێک لام بووبووه واقع، هه‌ستم ئه‌کرد هه‌موو که‌س وه‌کو من وایه له‌و ساته‌دا. ئینسان هه‌ندێ ساته‌وه‌خت ئه‌ژی مه‌رگ به‌نێو ڕۆحی‌دا دێت‌و ئه‌چێ. من ئه‌و ڕۆژانه له‌گه‌ڵ مردنێکی ئه‌کیددا ده‌سته‌و یه‌خه وه‌ستابووم. به‌ڵام نازانم من له مه‌رگ ڕام ئه‌کرد یان مه‌رگ ئێمه‌ی ڕاوئه‌کرد. نه‌ک هه‌ر من هه‌موو خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ش. به‌ڵام جیاوازی من هێنده‌یه ئێستا ماوم یاده‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و ساتانه‌م ده‌نووسمه‌وه.
سه‌ره‌نجام خۆم گه‌یانده نزیک گه‌ڕه‌کی جه‌یش شه‌عبیه‌کان که که‌وتبووه خوار به‌نزینخانه‌و پشتی به‌ڕێوه‌به‌رێتی شارستانی‌و ئاگرکوژانه‌وه‌وه. هێزه‌کانی سوپای عێراقی به سه‌ر ده‌وروبه‌ری هێڵی سه‌ره‌کی نێوان هه‌ڵه‌بجه سلێمانیدا بڵاوبووبوونه‌وه، به‌جۆرێک که درێژکراوه‌ی له‌شکره‌که پێئه‌چێ هه‌تا ده‌ورو به‌ری پردی زه‌ڵم‌و تا سه‌یسایه‌قیش به‌و شێوه ئاشکرایه‌و به‌بێ سه‌نگه‌رو له‌و ده‌شت‌و ڕوکاره بڵاوبووبێتنه‌وه. وه‌کو بڵێی خۆیان بۆ شکان‌و هه‌ڵاتنێک دانابێ سه‌رجه‌می ئۆتۆمبیل‌و بارهه‌ڵگره سه‌ربازی‌و لۆجیستییه‌کان تا بگات به تانک‌و تۆپ‌و ده‌بابه‌و زرێپۆشه‌کان له ڕێگایه‌که دوورنه‌ئه‌که‌وتنه‌وه. ئه‌و ساتانه په‌یوه‌ندی ژن‌و مناڵ‌و ژێرزه‌مین‌و خاولی ته‌ڕ میهرو عیشقێکی ویژدانی نیشانئه‌دا، په‌یوه‌ندی من‌و موجازه‌فه‌ش مانای ژیانی له‌خۆگرتووه، په‌یوه‌ندی سوپای شپرزه‌و واقووڕماو له‌گه‌ڵ ڕێگای قیردا ناوکۆکه‌ی ئاینده ئه‌نوێنێ، پیلانی سیاسی ئێران‌و هاوپه‌یمانه‌کانیشی سیمی گه‌یاندنی ئاگری ته‌قینه‌وه‌ی کاره‌ساتێکه. منیش به‌باشم زانی به‌نێو ده‌بابه‌و له‌شکره‌که‌دا بڕۆم‌و خۆم بگه‌یه‌نمه ماڵی خوشکم. له واقعیشدا چ ڕێگای تریشم له‌پێش نه‌بوو. دووری نێوان من‌و ماڵی خاوه‌ر نزیک به سێ کیلۆمه‌تر ئه‌بوو. به‌ڵام له من وابوو سه‌د کیلۆمه‌تره‌و هه‌ر نایگه‌مێ.
به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر نازانم چۆن ملی ڕێگاکه‌م گرت، خۆم له‌ناوه‌ندی زرێپۆش‌و ده‌بابه‌و هێزه سه‌ربازیه‌که‌دا ئه‌بینی که هێزێک پاڵمپێوه‌ئه‌نێت بۆ خواره‌وه. من که‌وتبوومه نێو گه‌وره‌ترین به‌ره‌ی جه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌و پاسدار‌و هێزه‌کانی ڕژێمی عێراقی. باوه‌ڕنه‌کرده‌نیه که من چۆن بووبوومه ڕێبوارێکی سه‌رهه‌ڵگرتووی سه‌ره‌ڕۆ به‌نێو ئاوڕشێنی ده‌سڕێژی دۆشکه‌و بی‌که‌ی‌سی له هه‌ردوو به‌ره‌وه‌ڕا له‌م په‌نای ده‌بابه‌وه بۆ ئه‌و په‌نای موده‌ڕه‌عه‌و زیلی عه‌سکه‌ری پچڕپچڕو به‌گوێره‌ی پێویست هه‌نگاوه‌کانم ڕاویان ئه‌نام بۆ ئامانج. من به‌نێو ته‌نووره‌ی ئاگری مه‌رگێکی ئه‌کیددا گوزه‌رم کرد‌و به شێوه‌ی ڕێکه‌وتێکی سه‌رسامکه‌رو ده‌گمه‌ن به‌زیندوویی په‌ڕیمه‌وه بۆ ناو خانووه نزمه‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانی لای سه‌ره‌وه‌ی موجه‌مه‌عی زه‌مه‌قی!
دیمه‌نی وام بینیوه مرۆڤ به‌زه‌حمه‌ت د‌رکی پێئه‌کات! خۆشم زۆرتر به خه‌وێکی کابوساوی تێئه‌گه‌م. له‌و ساتانه‌ی ئه‌م په‌نا ده‌بابه‌و ئه‌و په‌نا زرێپۆشم ئه‌کرد به‌نێو ده‌سڕێژی ئه‌وبه‌ر که ئاراسته‌ی من‌و هێزه‌که‌یان ده‌کرد، له کاتێکدا ده‌بوایه به دیقه‌تێکی باشه‌وه پێشبینیم بکردایه که سوود له فاسیله‌ی نێوان په‌لاماره ده‌سڕێژه‌کان ببینم‌و به یه‌ک دوو بازو هه‌نگاو خۆم بگه‌یه‌نمه په‌نای ده‌بابه‌یه‌کی دیکه، وه هه‌ر حسابێکی هه‌ڵه بارته‌قای سه‌رم بوو، دانه‌دانه له سه‌ربازه عێراقیه‌کان له‌نێو ده‌بابه‌کانه‌وه سه‌ریان ده‌رئه‌هێناو هاواریان ئه‌کرد؛ کاکه، کاکه، هاهاها، شه‌کو ماکو!!؟؟ فهمنا یابه شنو للی صایر!!؟؟ به پڕتاو شریخه‌ی ده‌سڕێژێک یان ویزه‌ی قه‌ناسێک سه‌ری نقوم ئه‌کرده‌وه بۆ ناو ده‌بابه‌که‌ی، بێئه‌وه‌ی وه‌ڵامێک له من وه‌ربگرن. ئه‌م دیمه‌نه چه‌ند جارێکی زۆر دووباره بوویه‌وه، له‌کاتێکدا له‌گه‌ڵ هه‌ر بانگه‌وازێکی نێو ده‌بابه‌کانه‌وه ده‌یان جووته چاوی دیکه له‌ملاو لاوه زرته‌یان ده‌هات‌و بۆ وه‌ڵامێک واقیان ووڕمابوو، منیش ته‌نها سه‌یرێکم ئه‌کردو به‌رده‌وام ئه‌بووم له هونه‌ری خۆده‌ربازکردنه‌که‌م بێئه‌وه‌ی له‌وه‌ش بترسم که من به دوژمن بده‌نه قه‌ڵه‌م‌و بمکه‌نه نیشانه‌ی فیشه‌کێک یان...!
کاتێک گه‌یشتمه جێ خوشکم به ڕه‌نگی هه‌ڵپڕوزکاوه‌وه مناڵانی ڕه‌نگپه‌ڕیو هه‌موو به ده‌وریدابوون ڕای‌کرد بۆ ده‌رگای حه‌وشه‌و ده‌ستی کرد به سنگ کوتان! هه‌موو به گریانه‌وه تێمئاڵان‌و منیش به‌ره‌و ژووره‌وه وه‌کو یه‌ک جه‌سته که له‌نێو ترس‌و تۆقیندا سه‌ری ده‌رکردبێ پاڵمپێوه نان. ووتم وه‌رن هیچ نیه له سه‌ره‌وه شه‌ڕه دووره لێره‌وه.
دوای نیوه‌ڕۆی هه‌ر ئه‌و ڕۆژه ڕژێم بڕیاری دابوو هه‌ڵه‌بجه به هێزه‌کانی خۆشیه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی شار‌و ناوچه‌که‌و پاسدار‌و هێزه هاوپه‌یمانه‌کانیاندا له‌گه‌ڵ خاک یه‌کسان بکات‌و ته‌نها وێرانه‌یه‌ک بۆ هێزه سه‌رکه‌ووتووه‌کان به‌جێ بهێلێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چه‌کی ئاسمانی خسته کار‌و ده‌ستیکرد به قه‌سف‌و بۆمبارانێکی خه‌ستی هه‌ڵه‌بجه به‌تایبه‌تی به بۆمبی هێشوویی‌و ناپاڵم‌و هێزه خاپوورکه‌ره‌کانی. هه‌تا دوایین نووزه‌ی ووره‌ی خه‌ڵکی ووردبکاو مانایه‌ک بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و ژیان نه‌هێڵێته‌وه. 10ده فڕۆکه‌ی جه‌نگی پێکه‌وه ئاسمانی هه‌ڵه‌بجه‌و شار‌و کۆڵانیان بۆ پازده ده‌قیقه ده‌کرده ئاگرو هه‌رچی ئاسن‌و ئاگریان پێ بوو به‌ریان ئه‌دایه‌وه، ئه‌وان ئه‌ڕۆشتن‌و کۆمه‌ڵێک فڕۆکه‌ی دیکه ئه‌گه‌یشتن!
له به‌شی دواتردا پێکئه‌گه‌ینه‌وه! 12شوبات2010 0681484938 [به سنگێکی گه‌وره‌وه ئاماده‌م هه‌ر ئازیزێک په‌یوه‌ندیم پێوه بکات بۆ قسه‌وباس ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و داواکارم له هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان به‌تایبه‌تی هاوکاریم بکه‌ن بۆ ته‌کمیل کردنی ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌و ته‌نانه‌ت بیروڕا گۆڕینه‌وه سه‌باره‌ت به شێوه‌ی کردنه‌وه‌ی بانکێکی گه‌وره بۆ کۆکردنه‌وه‌ی دۆکۆمێنته جۆراوجۆره‌کانی تاوانی کۆکوژی هه‌ڵه‌بجه]
|
|
|
|
|