|
|
|
یه‌ک لێپرسراوی شاره‌وانی نه‌ما کێشه‌که‌ی بۆ روون نه‌کرابێته‌وه ...
حیکمه‌ت مه‌عروف به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو شێوازه‌كانی تری كاری كه‌مئه‌ندامان، له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی داوا و مافه‌كانیان، گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، شێوازی روونكردنه‌وه و گفتوگۆی زۆر روونی له‌گه‌ڵ لێپرسراوان و به‌ڕێوه‌به‌رانی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تدا گرته‌به‌ر. ئه‌م شێوازی كاركردنه دووره له خۆ به‌كه‌مزانین و پاڕانه‌وه، به‌ڵكو ته‌نها پشت به ماف و سه‌ندنی ده‌به‌ستێت و له رێگه‌ی گفتوگۆوه ماف و پێداویستییه‌كانی كه‌مئه‌ندامان بۆ لایه‌نی به‌رپرس، له‌سه‌ر بنه‌مای ماف روون ده‌كاته‌وه. له‌و روانگه‌یه‌وه، گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، ئه‌مڕۆ 25/2/2010، هه‌موو كاته‌كانی كاركردنی خۆی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌ران و لێپرسراوانی شاره‌وانی سلێمانی ته‌رخان كرد، كه خۆی له‌م خاڵانه ده‌بنییه‌وه: 1) دروستكردنی رێوشوێنێكی هاتوچۆ بۆ كه‌مئه‌ندامان، له هه‌ر سێ ده‌روازه‌كه بینا نوێیه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی، كه دوای سه‌ردانی گروپی فشار، بۆیان ده‌ركه‌وت له دیزانی سه‌ره‌كی ئه‌و پڕۆژه‌دا كه نزیكه‌ی (هه‌ژده ملیار دینار) ی بۆ ته‌رخان كراوه رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامانی تێدا نییه؟! به‌ڵام كۆمپانیای (چل چه‌شمه) كه لایه‌نی جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌یه‌كه‌یه، خۆیان بڕیاریان له یه‌كێك له ده‌روازه‌كاندا رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندمان دروست بكه‌ن. 2) دروستكردنی رێوشوێنی كه‌مئه‌ندامان له هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌شه‌كانی شاره‌وانی سلێمانی، كه زۆربه‌یان بیناكانیان نوێیه، به‌ڵام ره‌چاوی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان نه‌كراوه. 3) ده‌ركردنی فه‌رمانێك له لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌وه مه‌به‌ستی: آ) ئه‌پروڤ نه‌كردنی هیچ دیزانێك له داهاتوودا، ئه‌گه‌ر رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامانی تێدا ره‌چاو نه‌كرابێت و به پێی ستاندارتی جیهانی نه‌بێت. ب) فه‌رمانكردن به سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان و به‌شه‌كانی تری شاره‌وانی، كه به زووترین كات رامپی هاتوچۆ له‌سه‌ر ستاندارتی جیهانی بۆ كه‌مئه‌ندامان دروست بكه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه: گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، سه‌ردانی شاره‌وانی رۆژئاوای سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له به‌ڕێزان: دیاری طارق، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی رۆژئاوا و عه‌بدولكه‌ریم فاتح، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی پڕۆژه‌كان و رێبین جه‌میل، سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كان و پێرس نهاد نوری، سه‌رپه‌رشتیاری گشتی پڕۆژه‌كانی شاره‌وانی، گفتوگۆیان كرد و هه‌موو به‌ڕێزانه له گرنگی بوونی رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان ئاگاداركرانه‌وه. به خۆشحاڵییه‌وه هه‌موویان پشتگیریان له داوا و روونكردنه‌وه‌كانی گروپی فشار كرد و دڵنیایان كردینه‌وه كه به‌زووترین كات ئه‌و رێوشوێنانه دروست ده‌كه‌ن. بۆ پشتگیری زیاتر و له سه‌ره‌وه هاتنه‌خواره‌وه‌ی فه‌رمانێك، گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان، سه‌ردانی به‌ڕێز خه‌سره‌و كمال سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانیان كرد و ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر گفتوگۆیه‌كی چڕ و پڕیان له‌گه‌ڵ كرد و هه‌موو كێشه و مافه‌كانی كه‌مئه‌ندامانیان بۆ روونكرده‌وه و به سه‌راحه‌ت پێیانووت: كه‌مئه‌ندامانی ئه‌مشاره، وه‌ك هه‌ر تاكێكی تر، مافی ژیان و ئۆكسجین هه‌ڵمژینی له‌مشاره هه‌یه و نابێت و ناكرێت 100 هه‌زار مرۆڤی كه‌مئه‌ندامی ئه‌مشاره نه‌توانن بچنه‌نێو فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت و خۆیان كاروباره ئیدارییه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. هه‌روه‌ها گرنگی ئه‌و ئازادییه‌یان بۆ لایه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی كه‌مئه‌ندامان روونكرده‌وه و وتیان: كام له فه‌رمانگه‌ی ئه‌مشاره بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاوه؟ كامه هۆڵی شانۆ و سینه‌ما بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاوه؟ كامه سوپه‌رماركێت و بینای ئه‌هلی و بازار و باخی گشتی و كتێبخانه و شۆسته‌ی ئه‌مشاره بۆ كه‌مئه‌ندامان گونجاوه؟! ناكرێت به‌هۆی دروستكردنی پلیكانه‌وه كه‌مئه‌ندامان له‌م هه‌موو شوێنانه‌ی شار بێبه‌ش بن و هه‌میشه له نێو ژوورێكی سێ به چواردا خۆیان زیندانی بكه‌ن؟! ناكرێت له دیزاینكردن و دروستكردنی ئه‌م هه‌موو باڵه‌خانه و بینا نوێیه‌دا رێوشوێنێك بۆ هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان دانه‌نرێت؟ هه‌موو شوێنه ته‌خته‌كانی شار، كه پێش بیناكردنیان كه‌مئه‌ندامان ئه‌یانتوانی به ئاسانی هاتوچۆی تێدا بكه‌ن، ئێستا ده‌كرێنه بینا، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له كه‌مئه‌ندامان بكرێته‌وه؟ بۆ ئه‌ندازیارانی ئه‌مشاره جگه له (پلیكانه) چاره‌سه‌رێكی تریان پێ نییه، بۆ ده‌بێت جوانترین دیكۆر له لای ئه‌ندازیارانی ئێمه قاڵدرمه بێت؟ له دوای هه‌موو ئه‌م قسه و باسانه، به‌ڕێز خه‌سره‌و كمال سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی، وتی: هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌یڵێن هه‌موو راستن و مافی خۆتانه، ده‌بێت ئه‌مشاره به هێنده‌ی بۆ ته‌واوئه‌ندامه‌كانه، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ ئێوه بێت. له‌و روانگه‌یه‌وه به‌ڕێزی بڕیاریدا: 1) بۆ هه‌موو ده‌روازه‌كانی بینا نوێیه‌كه‌ی شاره‌وانی رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامان دروست بكرێت. 2) له رێگه‌ی گشتاندنێكه‌وه فه‌رمانی دا: آ) رێوشوێنی كه‌مئه‌ندامان له سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و یه‌كه‌كانی شاره‌وانی دروست بكرێت. ب) نابێت چیدی هیچ دیزانێك ئه‌پروڤ بكرێت، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گونجاو رێوشوێنی هاتوچۆی كه‌مئه‌ندامانی تێدا نه‌بێت. گروپی فشاری كه‌مئه‌ندامان به گه‌رمی سوپاسی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كرد و هیوایان خواست شاری سلێمانی بكرێت به شارێك بۆ هه‌مووان.
|
|
|
|
|