چۆن
قەرەبوی زیانلێكەوتوانی كوردستان
دەكرێتەوە

حمە علی توفیق میرزا
ئەندامی یەكیتی پەرلەمانتارانی
كوردستان
گەلی كوردستان هەمیشە زیان لێكەوتوو
بووە و هیچ لایەكیش بە فەرمی هەنگاوی
پێویستی نەناوە بۆ قەرەبوكردنەوەی ،
لە ساڵانی نەوەدەكانەوە چەند
رێكخراوێكی خێرخوازی جیهانی لە رێگای
نەتەوەیەكگرتوەكانەوە ولەسەر بریاری
688 ساڵی 1991ی ئەنجومەنی ئاسایش
هەندێ هاوكاری جۆراوجۆریان گەیاندە
كوردستان ، جگە لەوەش بەپیێ بریاری
986 ساڵی 1995 ئەنجومەنی ئاسایش برێك
لەو داهاتە نەوتیەی كە بە پرۆسەی نەوت
بە خۆراك ناوزەد دەكرا ، ئەمانە
هاوكاری گشتی بوون نەك قەرەبوكردنەوە
.
ئەوەی مەبەستە بیڵێن ئەوەیە مادام
ئیستا لە بارودۆخێكی ئازاد داین و بە
فەرمی لە هەرێمێكی دانپیانراو لە
دەستوری عیراقیدا و بۆخۆشمان لەو
دەسەڵاتەدا بە چەندین پۆستی گەورە و
بچوك بەشدارین ، بۆیە گەلی كوردیش
مافی خۆیەتی داوای قەرەبوی زیانەكانی
بكاتەوە پاڵپشت بە چەند یاسا و
بریارێك ، دەتوانین بڵێن لەوەتەی
رژێمی عیراقی دكتاتۆر لەناو چووە لە
ساڵی 2003 وە تا ئیستا جگە لەو
هاوكاری و ئەركە مرۆڤایەتیانەی
حكومەتی هەرێم كاری لەسەر كردوون بۆ
كەسوكاری شەهیدان و برینداران و
پەككەوتەكان و زیندانانی سیاسی ، هیچ
قەرەبویەك لەلایەن عیراقەوە بەرچاو
نەكەوتوە ، گەلەكەمان مافی خۆیەتی
داوای مافی خۆی بكات و داواش بكات ئەو
یاسا و بریارانەی بۆی دراوە بێنە
جێبەجێ كردن وەك ئەمانەی لای خوارەوە
:
1 – قەرەبووكردنەوەی مادەی 140ی
دەستوری هەمیشەیی عیراق
بەپیێ مادەی 140 ی دەستوری عیراق كە
ئاماژەدەكات بە جێبەجێ كردنی مادەی (
58 ) یاسای بەرێوەبردنی عیراق بۆ
گواستنەوە ، مافی هەر كەسێكی
راگوێزراوە لە كركوك وئەو ناوچانەی
تری ناكۆكی لەسەر بە بریێ پارە
قەرەبوو بكرێنەوە ، ئەم ئەركە بە
لیژنەیەكی تایبەتی سپێردراوە و
پەیوەندە بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی
وەزیرانی عیراقەوە ، لیژنەكە بری ( 10
) ملیۆن دیناری بۆ دەركراوە كوردەكان
دیاری كردووە و هەروەها ئەوانەش كە
هینراونەتە جێگایان و دەیانگێرنەوە بۆ
جێگای خۆیان بری ( 20 ) ملیۆن دینار و
پارچە زەویەك لە جێگای خۆیان وەردەگرن
، ئەم پرسە یەكێكە لە برگەكانی مادەی
( 58 ) كە بە ئاسایی كردنەوە ناسراوە
و پاش ئەوەش برگەی سەرژمێری دێت ودوا
جاریش راپرسی ، ئەوە ماوەی زیاتر لە (
5 ) ساڵە ئەو لیژنەیە نەیتوانیوە
مەرحەلەی یەكەم تێپەرێنێت ، بەبیانوی
نەبوونی پارە و میزانییە تا ئیستا
كۆتای بە قەرەبوكرنەكە نەهاتووە ، جگە
لەمەش بۆ ئاسایكردنەوەی ناوچەكانی
سنوری ئیداری پارێزگاكانی نەینەوا و
سەلاحەدین و كەركوك و دیالە وەكو
خۆیان ماونەتەوە .
لەلایەكی تر ئەو لیژنەیە بە فەرمانی
خودی سەرۆك وەزیرانی عیراق و لەسەر
داوای چەند ئەندام پەرلەمان و سەرۆك
هۆز و پارێزگاكانی ناوەراست و باشوری
عیراق ، بریاری ژمارە ( 7 ) ی
دەركردووە كە مادەی 140 لەو
پارێزگایانەش جێبەجێ بكرێت ، رەنگە
ئەم كارە هۆكارێك بووە بۆ دواكەوتنی
ئەم برگەیە ، وا ئیستاش لەسەر
داواكاری نوێنەری كورد لەو لیژنەیە كە
بە هەمان شێوەش لە پارێزگاكانی
هەرێمیش جێبەجێ بكرێت ، ئیستا ئەو
فۆرمانەی دابەشدەكرێن ئاماژە بەو
بریارە دەدات كە پارێزگاكانی عرب
نشینی دەگرێتەوە ، وەكوو هەندێ
زانیاری لە راژەی جێبەجێ بوونی لە
ناوچەكانی ناكۆكی لەسەر بە
كەركوكیشەوە تا ئیستا بەو شێوەیە نییە
و چەند ساڵێكی تری دەوێت ، ئەم
قەرەبوانە تەنها بۆ كەركوك و ئەو
ناوچانەیە كە دابرینراون لە كوردستان
، خودی مادەكە بۆ گشت عیراق نییە ،
دیارە مەبەستێكی تر لە پشت ئەم
دواخستنەی هەیە ، ئەم پرسە زۆر
هەڵدەگرێ و لە بابەتێكی تردا بە
درێژی باسی دەكەین .
2 - یاسای ژمارە ( 5 ) ساڵی 2009 ی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
ئەم یاسایە تایبەتە بە قەرەبوكردنەوەی
زیانلێكەوتوانی لەدەستدانی یەكی لە
ئەندامانی لەشیی یا توشی نەخۆشی
ترسناك بوەتەوە یا بوەتە هۆی تێكدانی
لەشیی بەهۆی ئەو تاوانانەی رژێمی
لەناو چوو بەرامبەر هاووڵاتیانی
كردویەتی لە نێوان 17 / 7 / 1968 تا
19 / 3/ 2003 ، جگە لە قەرەبوكردنەوە
، هەندێ ئیمتیازاتی تری بۆ دیاری
كردوون ، بە پیێ ئەم یاسایە لە هەر
پارێزگایەك لیژنەیەكی تایبەتی دروست
دەكرێت و داواكاریەكان لە رێگای
ئەوانەوە جێبەجێ دەبن ، پێم وایە ئەم
یاسایە لە هەرێمی كوردستان نەكەوتوەتە
بواری جێبەجێ بوون ، رەنگە
داواكاریەكی زۆر و زەوەندە لەسەر ئەم
یاسایە لە كوردستان هەبێ ،
تاوانەكانی بۆردومانكردن و چاندنی مین
و سزادانی زیندانیانی سیاسی و چەندین
بابەتی تر .
3 – یاسای ژمارە ( 20 ) ساڵی 2009 ی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
ئەم یاسایە تایبەتە بە قەرەبوكردنەوەی
زیانلێكەوتوانی كارەساتەكانی جەنگەكان
و كارە تیرۆرستیەكان لەكاتی بونی
رژێمی لەناوچوو پاش ئەویش ، لە
یاساكەدا هاتووە كە لیژنەیەك لە
هەرێمی كوردستان دێتە پێكهێنان بۆ
داواكاری ئەو زیانلێكەوتوانانە ،
نەمانزانیوە ئەم یاسایەش جێبەجێ
بوبێت .
4 – یاسای ژمارە ( 16 ) ساڵی 2010 ی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
ئەم یاسایە تایبەتە بە قەرەبوكردنەوەی
زیانلێكەوتوانی دەستی تاوانەكانی
رژێمی لەناوچوو لە هەرچی ماڵ و موڵك و
ناوماڵ و هەرشتێكی تر لە دەستی دابێت
، ئەو تاوانانە دەگرێتەوە كە لە نێوان
17 / 7 / 1968 تا 20 / 3 / 2003 دژی
هاووڵاتیانی عیراقی كراوە ، پێم وایە
ئەم یاسایەش نەكەوتوتە بواری جێبەجێ
بوون ، لە نێوان ئەندامانی لیژنەی
باڵا بۆ ئەم یاسایە نوێنەری هەرێمی
كوردستان ناوی هاتووە .
5 – پرۆژە یاسای قەرەبوكردنەوەی
زیانلێكەوتوانی تاوانەكانی جینۆساید
لە كوردستان
تاوانەكانی رژێمی لەناوچوو درهەق
بەگەلی كوردستان سنوری خۆی بەزاند و
چونە ریزی تاوانە قەدەغەكراوكانی
نێودەوڵەتی و ناسراو بە جینۆساید ،
قەرەبووی ئەم جۆرە زیانانە جیاوازە
لەگەڵ تاوانەكانی تر كە بە یاساكانی
خودی دەوڵەتان كاری پێدەكرێت ، بۆیە
بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی
جینۆساید كە خۆی لە ( 4 ) بریاری
تایبەتی دادگای باڵای تاوانەكانی
عیراقیدا هاتووە ، تاوانەكانی (
ئەنفال ، كیمیاباران ، تاوان دژ بە
برا فەیلیەكان ، ئەنفالی بارزانیەكان
) پێویستی بە یاسایەكی تایبەتی هەیە
كە هاوشێوەی ئەو یاسا و بریارانە بێت
كە دادگاكانی نێودەوڵەتی دژی ئەو
تاوانانە دەریانكردووە لە شوێنە
جۆراوجۆرەكانی جیهانی بە هۆی
تاوانەكانی جینۆساید ، لەبەر ئەوەی بۆ
ئەم كارەش ئەزمونمان نییە و
ناشمانەوێت سود لە ئەزمونی هاوشێوەی
جیهانی وەرگرین ، چەندین بیروبۆچوونی
جیاواز هەن بۆ دەركردنی یاساكە ،
هەرچی عیراقیەكانیشە نایانەوێت ئەو
كارە بكرێت و ناوناوبانگی عیراق بە
تاوانكاری جیهانی بناسرێت ، هەوڵدەدەن
كە نەكرێت و بە شێوازی جۆراوجۆر ئەو
زیانانە قەرەبوو بكرێتەوە ، یەكی لەو
هەوڵانە دەیانەوێت لە رێگای میزانییەی
مادەی 140 وە گشت عیراقیەكان قەرەبوو
بكەنەوە وەكوو ئیستا خەریكن ، لای
خۆشمان هەندێك دەیانەوێ بۆ هەر
بریارێك لەو چوار بریارە یاسایەكی
تایبەتی پەسەند بكرێت ، هەندێكی تر
دەیانەوێت یاسایەك بۆ سەرتاسەری عیراق
دەركەن ، هەندێكی تر دەیانەوێت تاوانە
بێ وێنەكانی جینۆسایدی كوردستان
تێكەڵاوی ئەو تاوانە ئاسایانەی كە
بریاریان بۆ دەرچووە و رەنگە قەرەبوش
كرابێتنەوە تاوانەكانی ( دوجێل ،
ئەهوارەكان ) بە بیانوی ئەوەی بەڵكوو
لیستی دەسەڵاتی عیراقی دەنگ بە یاساكە
بدات .
هەرچی بیروبۆچوونی یەكیتی
پەرلەمانتارانی كوردستانیشە جیاوازە
لەگەڵ گشت ئەو بیرورایانەدا و هەنگاوی
ناوە بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیەكی
تایبەتی و بۆ هەر چوار تاوانەكە و
هاوشێوەی یاسا و بریارەكانی
نێودەوڵەتی بەهۆێ :
1 – ناكرێت ئەو تاوانانە لەیك جیا
بكرێنەوە و قەرەبوەكانیان وەكوو یەكن
.
2 – یاسایەك بۆ گشت عیراق ، ئەم
یاسایە هەیە و لەسەرەوەش ئاماژەم
پێداوە ، دەبێ یاساكە تایبەت بێت .
3 – تێكەڵ كردنی تاوانەكانی دوجیل و
ئەهوارەكان بەو بیانووە ، كارێكی زۆر
خراپە و ناپەسەندە ، ئەمە كتومت دەڵی
با مساوەمە لەسەر ماف و داواكاریە
یاسایەكانی گەلەكەمان بۆ بەرژەوەندی
لایەنێك بكەین ، ئەو تاوانانەی
دەیانەوێت تێكەڵی بكەن لەگەڵ
تاوانەكانی دژ بە كوردستان ، جینۆساید
نیین ، دەتوانیین بڵیین دەسەڵاتی
لەناوچووی عیراق تاوانی دژی نەتەوەی
كورد ئەنجامداوە و لە شوێنەكانی عەرەب
نشیین لەو جۆرە تاوانانەی نەكردووە .
ئامانج و پێشنیار :
بەمەبەستی گەیشتن بە مافە یاسایی و
دەستوریەكانمان پێویست دەكات ئەم
هەنگاوانە بنیین بۆ چارەسەریان :
1 – وردبیینیەكی خێرا لەسەر كارو
چالاكیەكانی لێژنەی مادەی 140 بكرێت
لە لایەن لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆر ،
بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ئەم لیژنەیە
توانیویەتی بە ئەركی خۆی هەستێ و
چەندی جێبەجێ كردووە ، چەند پارەی
وەرگرتووە و چەندی خەرج كردووە ،
مادەكە تەنها بۆ ( كركوك و ناوچەكانی
تری ناكۆكی لەسەرە ) كە ئەو ناوچانە
دیارن و هەمیشە ناویان هاتووە و
تایبەتە بە داواكاری كورد ، دەڵین
ناوچەیەكی دیاریكراوی نێوان هەردوو
پارێزگای بابل و ئەنبار هەیە با
ئەوانیش هەبن ، چونكە تا ئیستا ئەمە
نەكراوە و لێپرسینەوەش لە حكومەت و
لیژنەكە نەكراوە لە لایەن ئەنجومەنی
نوێنەرانی عیراقیەوە ، بۆ ئەوەی
بزانرێ ئایا ئەو هەنگاوانە دروستن
ئیستا ئەو لیژنەیە خۆی پێوە سەرقاڵ
كردووە و باقی ئەركەكانی تری جێ
هێشتووە .
2 – دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی
هەرێمی كوردستان ئاگادار بكرێنەوە بۆ
ئەوەی بە خێرای كار لەسەر هەر سێی
یاسای قەرەبوكردنەوەی هاووڵاتیانی
زیانلێكەوتووی هەرێمی كوردستان
بكرێنەوە كە یاسای تایبەت بە جینۆساید
نایانگرێتەوە ، وەكوو یاساكانی ژمارە
( 5 و 20 ساڵی 2009 و 16 ساڵی 2010 )
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق .
3 - رێگا لەو بیروبۆچونانە بگیرێت كە
دەیانەوێت تاوانە ئاسایەكانی عیراقی
تێكەڵی تاوانەكانی جینۆساید دژ بە
گەلی كورد بكرێ ، ئیستا یەكیتی
پەرلەمانتارانی كوردستان لە رێگای
لیژنەی یاساییەكەیەوە كە جێگای رێز و
سوپاسن ئەو پرۆژە یاسایەی ئامادە
كردووە دوای چەندین كۆبونەوە لەگەڵ
شارەزایانی بواری یاسای و پارێزەران و
نوێنەرانی رێكخراوەكانی پەیوەندیدار ،
هەروەها كۆنفرانسێكیشی لە رۆژی 29 /
10 / 2011 دا بۆ ئەنجام دا ، شایانی
باسیشە كە لەسەر داواكاری هەمان
یەكیتی پەرلەمانتاران ئەم بابەتە كە
قەرەبووی زیانلێكەوتوانی جینۆسایدی
گەلی كوردستانە كراوەتە یەكی لەو ( 19
) خاڵەی بۆ مەرجی بەشداری كورد لە
پێكهێنانەوەی حكومەتی تازە پاش
هەڵبژاردنەكانی 7 / 3 / 2011 ی عیراقی
.
هەولیر / 20 / 1 / 2012
Ali_tawfik42@ yahoo.com