به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار

هەنگاوەكانی مادەی 140 بەرەو جێبەجێ‌ بوون یا دواكەوتنی


        حمە علی توفیق میرزا
ئەندامی یەكیتی پەرلەمانتارانی كوردستان

دوو بریارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە رۆژی 24 / 1 / 2012 كە یەكێكیان لە دەسەڵاتی خۆیدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی و دووەمیان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدایە بۆ بریاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو چەند بریارانەی بەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی عیراقی لە ناوچوو دژی هاووڵاتیانی كورد لە كەركوك و ناوچەكانی تری كوردستان داویەتی ، هەردوو بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی بە مەبەستی جێبەجێ‌ كردنی چەند لایەنێكی مادەی ( 140 ) ە و گرنگی خۆیان هەیە ، بەڵام بە ئەندازەیەكی زۆر دواكەوتووە ، پێویستە باسێكی كورت لەسەر هەردوو بریارەكە بكەین :
یەكەم : هەڵوەشاندنەوەی گشت بریارەكانی لیژنەی كاروباری ژوروی عیراق ( لجنە شۆون الشمال ) ، ئەم لیژنەیە لەلایەن بەعسیەكانەوە پێكهێنرا و ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرش لێپرسراوی بوو لێپرسراوانی بەعسی لە كەركوك و موسڵ و پارێزگاكانی تری باكوری عیراق ئەندامی بوون ، كاریان جێبەجێ‌ كردنی بریارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی عیراق بو لەگەڵ ئەركەكانی ( راگواستنی كوردەكان ، هێنانی عەرەب بۆ ناوچەكە ، دروستكردنی كۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆیان ، دابەشكردنی زەوی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوون بە سەریاندا ، دامەزراندنیان لە دامودەزگاكانی حكومی ، گواستنەوەی فەرمانبەرانی كورد بۆ پارێزگاكانی خواروو و هەولیر و سلیمانی ، گرتن و راوەدونانی كوردەكان لە گشت پارێزگاكانی باكور ، سەرپەرشتی پرۆسەكانی ئەنفال و كیمیاباران و راگواستنی گوند و شارۆچكەكان و بۆردومانكردنی گشت ناوچەكانی كوردنشین ، سیاسەتی تەعریب و تەبعیس پەیرەو بكەن ) ، تاوانەكانی دژ بە گەلی كورد لە پارێزگاكانی ( كەركوك و موسڵ و سەلاحەدین و باقوبە ) لەلایەن ئەو لیژنەیەوە جێبەجێ‌ دەكران ، بۆیە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراقی سزای توندی بەسەر ئەو لێپرسراوانەدادا .
دووەم : پێشنیار كردن بۆ هەلوەشاندنەوەی بریارەكانی ( ئەنجومەنی سەركرایەتی شۆرشی عیراق ) دژ بە گەلی كوردستان ، حوكمی یاساییان هەیە و پێویست دەكات بە یاسا هەڵوەشێنەوە ، بریارەكانیش ئەمانەن ( 31 و 369 و 398 ی ساڵی 1975 ، 181 و 824 ی ساڵی 1976 ، 949 ی ساڵی 1977 ، 974 و 1065 ی ساڵی 1978 ، 189 ی ساڵی 1979 ) ، ناوەرۆكی ئەم بریارانە بریتین لە دەستبەسەرداگرتن و كوژاندنەوە و دابەشكردن و بەناوكردنی گشت ئەو زەوی و زارانەی بە دەست كورد و توركمانەوە بووە لەو چوار پارێزگایەدا بۆ بەرژەوەندی عەرەبە هاوردەكان لە خواروو و ناوەراستەوە ، بە هەڵوەشاندنەوەیان خاوەنداریەتی دەگەرێتەوە بۆ خاوەنەكانی پێشویان كە زۆربەی كورد و هەندێ‌ لە برا توركومانەكانە ، ئەمەش هەندێ‌ ئاسانكاری بۆ دەربازبوون لە خاڵی ئاسایی كردنەوە دەكات .
مادەی 140ی دەستور ئاماژە بە مادەی 58ی یاسای بەرێوەبردنی عیراق بۆ گواستنەوە دەكات ، ئەو مادەیە بە ( 3 ) مەرحەلە كۆتایی پێدێت ، گرنگترینیان مەرحەلەی یەكەمە كە بە ناوی ئاسایكردنەوە ناسراووە ، ئەوەش بوەتە چەند بەشێكی كاركردن لەوانە ( گیرانەوەی دەركراوەكان ، گەراندنەوەی هێنراوەكان ، گێرانەوەی موڵك و زەوی وزاریان ، هەڵگرتنی هەر زوڵم غەدرێك لێیان كرابێت ، گێرانەوەیان بۆ سەر وەزیفەی پێشویان ، هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆرانكاریانەی لە سنوری ئیداری پارێزگاكاندا كراووە ) بۆ جێبەجێ‌ بوونی ئەمانە پێویستە قەرەبوبكرێنەوە ، مەرحەلەی دووەم بریتیە لە سەرژمێریكردنی ناوچەكە ، مەرحەلەی سێیەم راپرسیە لە كەركوك و باقی ناوچەكانی تر .
ئەو هەنگاوانەی تا ئیستاجێبەجێ‌ كراون ئەمانەی لای خوارەوەن :
1 – گەرانەوەی دەركراوەكان و هێنراوەكان ، بە شێوەیەكی گشتی خۆی لە قەرەبوكردنەوەی دەركراوەكان بە مەبلەغی ( 10 ) ملیۆن دینار و بۆ هێنراوەكان ( 20 ) ملیۆن دینارە ، لە سەرەتای كاری لیژنەی جێبەجێ‌ كردنی مادەی 140 وە تا ئیستا بەردەوامی هەیە و تەواو نەبووە ، هۆكارەكەشی بەستنەوەی گشت پارێزگاكانی عیراقە بە مادەی 140 ، ئەمە بوەتە هۆكاری كۆتای نەهاتنی ، چونكە میزانییەی مادەی 140 بەشی ئەو هەموو قەرەبوانە ناكات .
2 – دوای ( 5 ) ساڵ لە بەردەوامی كاری لیژنەكە تازە ئەو هەنگاوانە كەوتنە بەرچاو كە لەسەرەوەی بابەتەكەمان باسمان لێكردووە ، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی چەند بریارێكە كە پەیوەستن بەو مادەیەوە .
ئەوەی ماوە كاری لەسەر بكرێت :
1 – راگرتنی خەرجكردنی پارە لە میزانییەی مادەی 140 بۆ پارێزگاكانی ناوەراست و خوارووی عیراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی بریاری ژمارە ( 7 )ی ساڵی 2008 ی لیژنەی مادەی 140 بكرێت و هەر پارەیەك لەو میزانیە دیاری دەكرێت ، تەنها بۆ ناوچەكانی كەركوك و كێشە لەسەرەكان بێت .
2 – بۆ كۆتای هێنان بە ئاسایی كردنەوە كە مەرحەلەی یەكەمی مادەكەیە ، پێویستە لەسەر سەركردایەتی كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند بریارێكی تری ( مەرسوم جمهوری و ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی عیراق ) بكات كە تایبەتن بە گۆرانكاری لە ئیدارەی پارێزگاكانی ( كەركوك ، موسڵ ، سەلاحەدین ، دیالە ، سلیمانی ) ، بە مەبەستی گێرانەوەی ئەو شوێنە ئیداریانەی كە بەو گەمە سیاسیەی رژێمی لەناوچوو كردویەتی دژ بە گۆرانكاری سنوری ئیداری پارێزگاكان ، لەوانە :
مرسوم جمهوری / 607 / ساڵی 1975 / تایبەت بە ناحیەی سەرقەڵای قەزای كەلار
مرسوم جمهوری / 608 / ساڵی 1975 / تایبەت بە قەزاكانی / چەمچەماڵ ، كلار ، كفری
مرسوم جمهوری / 33 / ساڵی 1975 / تایبەت بە ناحیەكانی قەزای مەخمور
مرسوم جمهوری / 32 / ساڵی 1976 تایبەت بە قەزای چەمچەماڵ
مرسوم جمهوری / 41 / ساڵی 1976 َ تایبەت بە قەزای توزخورماتو
مرسوم جمهوری / 256 / ساڵی 1976 تایبەت بە ناحیەی داقوق
بریاری ژمارە / 17803 ساڵی 978 تایبەت بە ناحیەی دبس
مرسوم جمهوری / 232 / ساڵی 979 تایبەت بە ناحیەی شوان و ئاڵتون كۆپری
مرسوم جمهوری / 368 / ساڵی 1987 تایبەت بە برگەی 1 لە خاڵی یەكەم / ناحیەی قادركرم
مرسوم جمهوری / 508 / ساڵی 1987 تایبەت بە ناحیەی قادر كرم
مرسوم جمهوری / 434 / ساڵی 1989 تایبەت بە قەزای دبس

هەولیر / 29 / 1 / 2012

گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا
 

به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار