به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار

 كە هاتییەوە تریفەی مانگت لەبەردەكەم


 فاتیح سەلام

شەوێك شیعرێكم دابە مانگ
ئەویش بەقەد شوێن خەرمانێ‌
تریفەی خۆی پێشكەش كردم
پێش ئەوەی تێر لێی بروانم
بایەك فێنك هەڵی كردو ..
بە ناكامی لێی فراندم
دەمەو بەیان كاتێ‌ كە بۆی هێنامەوە
دەسماڵێكی هەزار رەنگەی كەس نەدیووی
زۆر جوانی لێ‌ چنی بوو
چی ئەستێرەی چاوبـز هەبوو
تیشكیان تیا ئاخنی بوو
وەك پوولەكەش
خۆیانیان پیا هەڵواسی بوو
( كاروان كوژە ) پارایەوە كە بیدەمێ‌
بۆ داوەتێكی سەفەری رێی كاكێشان
( گەلاوێژ ) مەچەكی گرتم
ووتی : نەیدەتێ‌ ..سەد ئامان
بیدە بە من بە پێش سۆزی ئاسمانەوە
چاوی هەوری پێدەرێژم
رەنگی شریخەو چەخماخەی
ئەم زستانەی پێدەگۆرم
بۆت دێنمەوە
بە شایەتی ئەو پەیڤانەی
كردتنە ملی مانگە شەو
ناهێڵم بگاتە وەرزی ئەمساڵی تازەی جۆ درەو
رووبار لە دوور ڕا بانگی كرد
لێگەرێ‌ با لە هاژەمدا شەپۆلانمی پێداپۆشم
كەنارمی پێبنەخشێنم
هەرچی ماسی بن كاچ و قووڵاییەكانمە
بەرەو تەنكاییان بێنم
چیایێ‌ دووریش داوای كرد
بۆ كڵاوەی دوندی بەفری
بەهارێ‌ بیكات بە مێزەر
وەختێ‌ كانی قوڵپ دەداو
خاك جلی سەوز دەكاتە بەر
ئەم دەنگانە بەرزبوونەوە
مانگ و شیعریش گوێیان لێ‌ بوو
بەجووت ووتان :
نەبووە و ناكرێ‌ ..
وا دیارییەك نابەخشرێ‌ و بەكەس نادرێ‌
گەر هەر پێشكەشیشی دەكەی
لە ژێر تاڵی شەوێكی چراخانیما
بیبەخشە ئەو میهرەبانەی
بانگت دەكات بۆ ناو دنیای شیعرەكانی
بەو مەرجەی بە دوو دەستی خۆت
دەبێت بیخەیتە سەر شانی
9/1/2012

گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا
 

به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار