به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار


هەناسە تاساوەكانی ئەشكەوت

فاتیح سه‌لام
دوای پرۆسەی جێبەجێكردنی هەر هەشت قۆناغەكەی ئەنفال وماننەوەی خاكێكێی چۆڵ و كاول ونغرۆی بێ‌ نەتەوە كۆمەڵێك پێشمەرگەی خۆنەویستی (ئەو حەلە ) بریاریاندا بە ماننەوەیان لە ئەشكەوت و كەڵۆز و كونە تاوێر و هەندێ‌ حەشارگەی هەردە و دەشتەكانی گەرمیاندا بمێننەوە و درێژە بە خەباتی پارتیزانی خۆیان بدەن .گرووپێك لەو كەڵە پیاوانە ( مەلا ئەحمەدی گەرمیان و هاورێكانی ) بوون كە بە داخەوە رۆژی 19-3-1989 ( ساڵێك دوای ئەنفالەكە ) لە ئاكامی هەرۆژانی ئەشكەوتەكەی داری خلە بەسەریاندا هەر حەوتیان شەهید بوون و تا دوای راپەرین لە ژێر ئەو شەشكەوتەدا مانەوە و دواتر بە یارمەتی ئەو خەڵكە و بە بەكارهێنانی چەندین شۆڤەڵ ئامێری قورس تەرمەكانیان دەرهێنرانەوە .


ساڵێ‌ پاش مێژووی وونبوونی دەست و
پەنجەی نیشتمانم
پاش تەزینی هەر چوار پەلی سمكۆڵانی ئەسپی شێم و
رەوكردنی گوندەكانم
پاش خوێن بەربوونی جەستەم و
كوێر بوونی چاوی تەناهی و كانیاو و..
خولانەوە لە وەڕەسی خۆم و خۆمدا و ..
لە گۆ كەوتنی زمانم
بە هارێك پێش كووڕ بوونەوەی تیشكی خۆر بۆ زێدی نغرۆم
پێش ئەوەی خاك بانگی هەڵدا و..
بەرائەت بەرماڵی راخاو
دۆزەخم بۆ بێتە جۆش و..
نەتەوەیەك بڵێت دەرۆم
رێبەندانێ‌ زەرد دوای ئەوەی
زریان بردی سەری كاسم
جوانییەكان بوون بە شەیتان و..
( عەرعەر ) هۆرەی لێسەندمەوەو
كەڵپەی سەگ و لم و عەجاج
مێخەك بەنیان بڕیمەوە و ..
گیربوون لە ئێسك و كراسم
****
پاش ئەوەی لە وێرانەدا
ئەنفال لە ناو لەپی خوێندا چراكانمی كوژانەوە
نامۆیی لە وێستگەی رەشیا
وانەی مەرگ و..
گوڵ وەرین و..
چیرۆكەكانی برسێتی و ..
نەعل بە خەیار زانینی
لە فەرهەنگما توانەوە
ئا.. براكەم
بەڵێ‌ ئەوان
حەوت ئەستێرە
حەوت ئاگردانی پڕ پشكۆی
خومخانەیی كپی گەرمیان
كەمتر لە ساڵێ‌ دوای وەرزی
بومەلەرزە و كرگان و كرێوە و زریان
خەم ناخیانی داخ دەكر د و ..
لە ئەشكەوت و بن بەردانێ‌
بەردەوام دووجار دەسووتان
جارێك لە نێو قورگی كەژ و....
دڕدان بە تاریكی شەوی سرەوتی و پارتیزانیدا
جارێكیش بۆ هەڵ لووشینی خەڵك و خاكی دەستەپاچە
لە نێو نینۆكی خوێن بەستووی ترۆپكی نا ئینسانیدا
ئەوان حەوت سواری مێژوو بوون
ترسیان كردبووە پێڵاو
مەرگ ناسنامە و..
ئەشكەوت ماڵ و بەرگ و كڵاو
بەرەو مێرگی بەرەنگاری و ئەفسوون دەچوون
گوێ‌ بۆ چرپە و ..دەست بۆ چەك و .. خوێنیش لە دەریا سوورەكەی كوردستانا
قوڵپی دەداو ..تێكەڵ دەبوون
*******
وەك كۆڵەپشتی تۆزاوی
( دمدم ) یان لە كۆڵ بەستوو
( خانی لەپ زێرین ) لە دوور ڕا
بەرزە نیگا تێیدەروانین ..
ئەوانە چین ..ئەوانە كێن ..؟!.
وا هێندە شپرزەن و شەویان كردۆتە ئاورزەنگی و..
خەرمانەیان لە پاشكۆی رمبازێ‌ ناوە و بۆ ئێرە دێن
ووتیان میرم:-
ئەوانە حەوت شۆرەسواری لە ئەشكەوتا داگیرساون
ملیان ناوە بە رێگاوە و میوانی تۆن وا بە تاون
ئاسمان ووتی:-
ئەوان لە دوای نمەی باران
پەڵە هەورە كۆچەرییەكەی جارانن و..
دەچنەوە رۆخی كەنار و هەواری سووتاوی باوان
دەنگێك ووتی :
رۆژمێری بەرباخەڵی شەهیدێكیانم خوێندەوە
تیا نووسرابوو لە برسانا
لە چاوەروانی مردنا رۆحمان دەسپارد
رەنگە تاس بتانباتەوە
كاتێك دەڵێم ..
بۆ چەند رۆژێ‌ هیچمان نەبوو
تەنهاو تەنها گیامان دەخوارد
( با ) دەنگی بڵند كردەوە :-
ئەمان لە خەوێكی قووڵدان
كاتێ‌ بە ئاگا دێنەوە
بوونە بە حەوت بیرۆكەی سەوز
لە نوكی قەڵەمێكەوە گوڵی دەمیان دەكرێتەوە و سەر دەردێنن
مانیڤێستێ‌ دەنووسنەوەو
هەرۆژان و داڕمانێ‌ بۆ یەك بەیەك شاخ و ئەشكەوتی كوردستان
دەگێرنەوە و یەك دەدوێنن
********
بەدەم زامی كێم لێچۆرین و ژانەوە
( داری خلە ) ش شریخاندی بە بنارا
-- ئەوا وەك قوتكەو گرد ، شاخ وملە
بە گەورەیی لە دایكبوون
بۆیە ئاواش بە مەزنی لە سەر شانی مردن وەستان
سەربەرزم بەو شانازییەی
بۆ حەوت پێشمەگە و شۆرشێ‌
كرام بە ویرد و ناونیشان

گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا
 

به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار