به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار


روو لە مەغریب وەربگێڕن ..


حەمید قەڵادزەیی


چی دەبوو گەر..
هێندەی ئەو بەرچنەیە دڵخۆشبام
هەموو رۆژێ‌، بە هەناوێكی خاڵییەوە،
دەیهێنیتە ماڵە دڵ گەورەكەی باخچەو..
لەو سەرەوە.. پڕ دەبێتەوە لە ڕەنگ و..
ماهییەتی خاك
چی دەبوو گەر..
لەو سەری شەكەتیمەوە
گەیشتبامەوە كەنارەكانی ئومێدو..
یادەوەریم ..
بەتەنافی ئەو رۆژانەدا هەڵواسیبا
نەخاتری مناڵیمی تێدا گیراو ..
نەمنیش لە ماناكانی ئاوابوونیان تێدەگەیشتم
هێشتا لەمەغریبی غوربەتیما
نە كۆڵانەكانی مناڵیم دەمناسنەوەو ..
نە دیوارەكانی تەمەنی سپیم
وەك دیواری كۆڵانەكانی شایگەمان دەمپارێزن !
دەپێم بڵێ‌ چی لە گەورەبوونی خۆم بكەم
كێ‌ بە دەستمایەی ساڵەكانی تەمەنیەوە براوەیە؟!
لە سەفەری بەرەو گەورەبوونی خۆمدا..
نەهامەتیم لە وەرزی بێباكیدا چنیەوە
لەسەر تەختەڕەشی نوسینەوەی دروشمەكان
كەوتمە سڕینەوەی هۆشی خۆم
لەجۆگەلەی مەغریبی تەمەنی خۆما
كەوشەكانم
بەشەپۆلی حەزی مناڵیم دەسپێرمەوە
تا لە (كەندە دڵۆپی)* حوزنەوە
بڕژێمەوە ناو چەمی مناڵیم و ..
بڵێم : یاران دەخیلتان بم
روو لە مەغریب وەربگێڕن
مەغریب تەمەنمان ئاوا دەكا
مەغریب مناڵیمان لێ‌ دەستێنێ‌
مەغریب..
چاوی بە كوشتنی مناڵیمان سوور بووە
دەخیلتان بم ..
هێشتا لە سوچێكی مناڵیما
گوێم لە خووڕەی كانیەتاقانەكەی (حەسار)*ە
بەدەم شۆردنەوەی گەردی خەمی تاقەدارێك
كە شاهیدی ، مەرگی گۆرانییەكانی مناڵیمانە
بریاریدا.. روولە مەغریبی خۆی بكات
دەخیلتان بم ..
لە (كانیە زێن)*ی بەر ماڵانەوە
برۆنەوە بۆ دەسكەنەی ریشە پێغەمبەرەكەی ئەوێ‌
پشت لە چاوەسوورەكانی مەغریب بكەن
ئەها چەمی مناڵیمان
لە پێچی ئاوابوونی خۆیدا
سلاو لەوانە دەكا
مناڵیان لە مەغریبدا ون كردووە
دەخیلتان بم ..
روو لە مەغریب وەربگێرن
مەغریب مناڵیمان لێ‌ دەستێنێ‌
مەغریب..
چاوی بە كوشتنی مناڵیمان سوور بووە


..................
1ـ شوێنێكی تایبەت بوو بۆ مەلەكردنی نەوەی هەشتاكانی قەڵادزێ‌
2ـ نزیكترین سەیرانگا بوو بەر لە راگواستنی قەڵادزێ‌
3ـ یەكێكە لە كانیە بەناوبانگەكانی قەڵادزێ‌

گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا
 

به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار