یەكەم جاربوو میوانت بم ..

پێشكەشە بەهاورێی ئازیز و شاعیرم
فاتیح سەلام
*كەژاڵ ئیبراهیم خدر*
بەرەو لای تۆ ملم لێ ناو
نەمزانی كاروانی ئەم كۆستەم
لە كوێدا تروسكە دەدات
لە كوێدا سەر دەنێت بەسەری وەرزێكی
ترەوە
لە كوێدا لێو دەنێت بە لێوی دڵێكی
ترەوە
لە رۆژگار و شەوگاری سینەتدا
خەمەكانی هەر هەموو كۆستی تێدا بوو
ئەی پەپوولەی هەڵنیشتوو
هەڵمەفرە..
هیچ نەبێ بۆ ساتێ وەرە ناو دنیای
شیعرمەوە سەرخەوێك بشكێنە
ئەم ئازارە سامناكەم لێ دەربێنە
كە هاتم هێلانەی داری ووڵاتم
ئاوەدان بۆوە
سەرەتای هەتاو و سەرەتای پێكەنین
دەستی خۆی دایە دەست
ئەوینم ..
كێوەكان لە ( كفری ) كڵاوێكیان
بۆ چنیم و كردمە سەرم
لە پردا نازێك و عیشوەیەك
بوون بە گوڵ و دام لە بەرۆكم
مێژووشم راست بۆوە و لەسەردا كەوتە
سەرزەمین
چاوی تۆش وەك چاوی عاشقێ
لەبەردەم ئەم تەرمی شارەدا
گۆرانی بۆ ووتم
باڵاشت بەرزبوو
لە وێوە تەماشای مێژووم كرد
كە زانیم بوێریت
دڵنیام ناترسی
دەتوانی بچیتە كیشوەری مەرگەوە
ناوێرم بنوارمە ئەو نوورەی
لەسەر تەوێڵی روخسارت كەوتوووە
دوو چاوی كۆچێكی بێ وادەم تێدەبریت
ناچارم وەكو حاڵ
عاشقێك دەمگرێ
ئەم زەنگی زریكە و هاوارە بەرمە كوێ
دڵۆپی ئەو هەموو فرمێسكە
گەردانەی ئەو هەموو هەنسكە
بە مەچەكتا یا بەلاملتا هەڵواسم
لە كوێ داتبنێم ..؟.
لە نێوان ئەو هەموو بارانە
كوژراوە
ئەو هەموو خاكە سووتاوە
یان ئەو هەموو ئەستێرە چاو گەشانەی
شەوانە پاسەوانتن
كێ هەیە وەكو من بتدوێنێ ..؟.
گوڵ بە گوڵ
ژێ بە ژێ بتنوێنێ
ئەم جارە هاتیت و..
بارانی بەهەشتت بەسەردا باراندم
هاتیت و..
سۆزی خۆت بەردایە ئاسمانم
دەڵێی چی ئەی عەشقی سەرگەردان
كە تۆ دێی
چاوی ئاسمان پر دەبێت لە پرشنگ و
ئەستێرەی
تازەتر
چاوی تۆش رەنگاورەنگ
وێنەیان دەكێشێ
ئاورێ بەرەوە
ئەوەتا گوڵەكان
لەبەردەم عەشقی تۆدا دەپشكۆن
هەر تۆ بوویت و..
نە فریشتە و نە پەری و نە خواكان
هیچیان لەدڵی مندا نەبوون
هەرخۆم دار و بەرد و
ژان و ژن و خۆشەویستیم
وەك گەورەیی خۆت
من دەمەوێ بە گەورەییەوە
بانگت بكەم
من و تۆ دوو مرۆڤین
نامانەوێ سەربەرەو خوار بژین
من دەمەوێ لە گەڵ تۆدا
هەور و ئاسمان لێك جیا نەكەمەوە
لووتم لە بۆنی چیا دانەبرێ
من دەمەوێ فێرم بكەی
چاوی ( كفری ) و چاوی ( هەڵەبجە)
لە چاوانمدا بچێنم
هەموو داستانە خوێناوییەكان
هەموو چیرۆكە بە ژان نووسراوەكان
بسرمەوە
سەنگەرەكەت ..شەهیدەكەت
تفەنگەكەت .. پێنووسەكەتم
خۆش بوێ
من دەمەوێ لە گیرفانی
ماڵەكەی تۆدا
ووردە نان و مشتە چاكان
بدەمە ئەو درۆزەكەرانەی
لە بەردەمی مزگەوتەكاندا
دانیشتوون
تا لەبرساندا نەمرن
تۆ بووی ووشەكانی تۆ بوون
وەكو لاولاو بست بە بست باڵایان
پێكردم
بووم بە گر و خێرا خێرا وەكو
پشكۆ گەشامەوە وەختێ زانیم بووم بە
گوڵ و
بووم بە چەتر و بووم بە گەنم و
بووم بە ووشە
ئەم ووشانەش بوونە
مەدالیای سەرسنگی تۆ
1/1/2012