چیرۆكی ژیانی حەمەشوان

پهخشان :
ڕێبوار حهمه شهریف
و به دهنگی لارزۆ بهکر
له چلهی جوانه مهرگ خوێنرایهوه
ھەڵەبجەی ناو باوەشی شنروێ، ژانێك
ئەیگرێ و لەودیو ئەو ژانە گەورەوە
دڵێكی بچوك لە دەرگای ژیان ئەدات ،
دڵێكی بزێوی سپی لەناو كۆرپەیەكی پڕ
لە ڕەنگ و خۆشەویستی، ئەیەوێت لە
پەنجەرەی خەمەكانی مرۆڤهوه بڕژێتە
ناو دنیای شەڕ و ئاشتی .
ئەگەرچی بۆ ناو دنیا ژانێكی قورس
بەردەم ئەو دڵە سپیەی گرتبوو، لەو
سەردەمەدا ژنێكی ڕۆح سوكی نورانی
لەگەڵ خەونێكی سەوز ئهوی هێنایه
ژیان.
ئیدی لە ساڵی ( 1970 ) حەمەشوان كەوتە
ناو دنیای پڕ لەستەم و ئازارەوە،
ھەستایە سەرپێ بەسەر ئەسپی خەمەوە
جڵەوی ژیانی گرت و خۆی تاودا .
تەنھا بەو ناوەی لە ئەزەلەوە بۆی
ھاتبو ڕازی نەبو، بە نێو شەقامو
كۆڵانی تەمەن، بەسەر پشتی ساڵەكانەوە
ھەڵزنا و ناوێكی دی دۆزیەوە كە خۆی
چاوەڕێی بوو .
ئەو نەیویست دەستخەڕۆی چارەنوس بێت،
بەڵكو خۆی چارەی خۆی نوسیەوە ،چارەیەك
بێدادی و چارەیەك خەم و چارەیەك
نشوستی و سەدان چارەش ھەڵسانەوە ،
چارەیەك سەركەشی و چارەیەك مەرگی
ھەڵەبجە و ھەڵەبجەی مەرگی سارا و
سالار و دایكی ، چارەیەك ھەڵاتن و
یاخیبون و ئاوارەیی ، چارەیەك مەرگی
نیشتیمان و دواچارەی مەرگی كتوپڕی
مەنفا بوو .
حەمەشوان قەڵەمی لە شان كرد و كتێبی
كردە سەنگەر و شیعریش نیشتمانی
ڕاستەقینەی.
ڕق و نیگەرانی و توڕەیی ئەو ووشە بوو
، خەندە و گریان و ڕامان و میھرەبانی
ئەو ھەر ووشە بوو، زمان و دەستو چاو و
دڵی ئەو ھەر ووشە بوو، ئەرزی ئەو ھەر
ووشە بوو، عەشقی ئەو ووشە و سەری ئەو
پڕلە ووشەی ڕەنگاوڕەنگ بوو .
خەڵك و دنیای ئەو ھەر ووشە و بە ووشەش
سەری دوژمنەكەی دهشكاند و ھەر بە
ووشەش دنیای ئاشت دهكردەوە .
حەمەشوان گەنجێكی ناو ئاسۆگە و
ئاوارەی ناو خۆی و ھەمیشە ڕوو لە خۆر
بوو، ھەر ئەو دەمە ڕێچكە نیگای خەڵك و
خوای لەسەر خۆی بڕی و یەكێ لە
وەرزەكانی ساڵ بویە نیشتمان و ماڵی
شیعری .
بڵێی ئەو دەمە دڵی پڕڕازی لە كام وەرز
فڕیبێ ، لەسەر چڵی كام درەختی
بەختەوەری ئۆقرەی گرتبێت ئەوە كێ بو
پێیوت دهبیتە باڵندەیەكی ئاوارە و
بەسەر بیابانی خەم و خامۆشیدا ئەفڕیت
، لە ووڵاتی غەریبیدا ئەنیشیتەوە و
گۆرانی غهریبی دهڵێو گۆڕغهریب
دهبێت .
ئەوە بەھار بوو لەسەرڕێ حەمەشوانی
ڕاگرت و ووتی ..
من.
ئەتكەم بە شەماڵ و
لە ( با ) جۆلانەیەكت
بۆدروست ئەكەم
گوڵە ئەرخەوانێ
پاڵت پێوەنێ و
گوڵە نێرگزێ بتگرێتەوە
..........
لەسەر ئەو ڕێیە ھاوین ووتی ..
وەرە ..
لەناو لەپی دەستم
لەژێر سێبەری گوڵە
گەنمێكا
بنو ..
با ئاخ و حەسرەتی
ماندوبونت بڕوا
وەرە ..
ئەی شاعیری بەرھەتاو
با تاجە گوڵینەی تیشك
و پرشنگت
لەسەرنێم ..
..........
شریخەی زستان كاروانی تەمەنی لیێگرت و
ووتی ..
ئەم نیشتمانە ..
تەڕ و تاریكەت بۆ
دائەخەم
بروسكەی ھەورت
بۆ دائەگرسێنم و
چلورەكانت بۆ ئەكەم بە
پەرژین
لەسەر ئەم بەستەڵەكە
قەسیدەی خەمەكانت
بنوسە
..........
ئێستا .
لەوسەری ڕێگای
تهمهنهوه
پایز ..
بە چەپكێ گەڵاوە
چاوەڕێیە
بەدەم ڕێوە
گڤەی ( با )
بە ناو شمشاڵەكەی
پایزا
ئەڕوا و
لەوسەری ڕێ
پایز قژ ئەڕنێ
شیوەنێك ..
بۆ حەمەشوان دائەخا
لە پایزدا بوو حەمەشوان کامهی
گۆچانهکهی گرتو، وهک پێنوسێکی
بووێر لهسهرقاچهکانی وهستا..
ئەو ھیچی لە پایز نەویست ئەوە نەبێت
كە ببێتە شوانی پیت و گەڵا. شیعر
بخاتە ناو حەمەشوانی چارەنوسەوە ،
لەسەر ھەر گهڵایهک حەمەشوانێك
بەجێبێڵێت .....................
پایز لای حەمەشوان وەرزێكی زیندوبوو
بۆ ژیانهوه، وەرزی ڕەنگ و وەرزی
جوانی و وەرزی عەشق بوو ، پایز
پهنجهرهی قەسیدە و دەنگی گۆرانی و
نۆتەی خەم بوو ، پایز ڕێگە بوو ڕێگە ،
ڕێی گەڵا و ڕێی با و ڕێی مەنفا ،ههر
لەو ڕێگایشەوە حەمەشوان شیعرەكانی
چنیەوە .
حەمەشوانی ھەڵەبجە، لەگەڵ بەرد دارو
درهختو نێرگزو شلێرو ههڵاڵهو
بهیبونی ئهم شارهدا گەورە بوو،
لەگەڵ منداڵ و گەورە و نەھامەتی و
كارەسات و كێشمانكێشی ئەو شارەدا
هاوتهریب بوو، لە ژێر داپڵۆسین و
كوشتن و بۆردومان و ڕاونان و مردنی
یەكهبەیەكی ھەڵەبجەی مەرگ ژیا ، ھەر
ڕوداوێك بۆ ئەو وێنەیەكی پڕ لەسروهو
جریوهو تراجیدیایەكی مەزنی ناو
شیعرەكانی بوو .
لەو كاتەی خۆر ئاشنادهبێت به
چاوهکانی حەمەشوان، لەسەر دەستی
خێزانێكی ھونەری و ھونەردۆست گۆش
ئەكرێت ، چاوشارکێ لهگهڵ چیڕۆکو لە
جیاتی گەمەی كۆڵان گەمەی شانۆ و ڕۆمان
و موزیك و گۆرانی ئاشنای ژیانی
ڕۆژانەی حەمەشوان ئەبن .
لە سێبەری درامای ھەڵەبجەدا. بە
تێپەڕاندنی دەردەسەریەكی زۆر
قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و
ئامادەیی تەواو ئەكات. ڕۆژانەی
گەنجێتی و تافی لاوی ئەكاتە قوربانی
دەستومەچەكی كار. لەبەردەم گڕوتینی
تەنوری ناندا ئەقرچێ و ھەمیشە وەك
كرێكارێكی زەحمەتكێش دەستوپەنجەکانی
ههڵدهپڕوزێ. حەمەشوان لەگەڵ ھەر
نانێكدا سەری ئەسوتا و چاوەكانی
گڕیئەگرت . ووشەی گەرمی دەرئەھێنا و
لەبەر سێبەری درهختێکی پایزیدا
ئەینوسیەوە و نانە شیعرێكی
دروستئەكرد.
حەمەشوان سەری تهژی بوو لە شیعر و
دەستەكانی پڕبوون لە زەحمەتی ،
ههرخۆی لە زمانی ئاگر و تەنور و نان
ئەگەشت.
بەتەنیا ئەو بەیانی زوو ئاگرێ چاوەڕێی
ئەكرد. نانێك دەستی بەسەردا ئەھێنا و
گڕێک لە باوەشیدا ئەیخەواند
لەوسەردەمەدا لەناو خێزان و ماڵ و
گەڕەكەكەیاندا، گوێڕایەڵی، لەسەرخۆیی
، تێكەڵبون ، سهلاری ، میھرەبانی ،
ئارامی ، خەندە و گوتنی بابەتی جوان و
شیعر خوێندنەوە ، دەنگە خۆشەكەی خەڵك
بەخۆی ئالودە ئەكات ، لەھەر
كۆڕوكۆمەڵێكدا جێی خۆی بەجێدێڵێو
ئەبێتە سێبەری چاوەڕوانی .
ھەرلە گەنجیەوه، ژیان ساكارانە
قۆناغەكانی بەسەر حەمەشواندا
تێناپەڕێنێت، بەڵكو كتێب ئەبێتە
یەكەمین دۆست، ھونەریش ئەڕژێتە ناو
خوێنیەوە. لە نێوان ئەو دوو چەمكەدا.
ئەكەوێتە ناو گێژاوی تێڕامان و لە بون
ونەبوندا شەڕی ( ھەین یا نین) دەكات.
ئیدی لەو ڕوانگەیەوە ئەكەوێتە ناو
یەقینی عەشق و نیشتمانەوە، ھەر لەو
چەمكەشەوە ڕێچكەیەك ئەبەستێ و لەپێناو
نەمریدا قەڵەم ئەكاتە ھاوڕێ و شیعریش
ئەبێتە ڕێگە و بەدوای مرۆڤی
ڕاستەقینەدا ئەگەڕێت .
لە كارەساتە مێژووییەكەی ھەڵەبجەی
ھەشتاوھەشتدا . حەمەشوان گهنجێکی
تازەپێگەشتوی باخەكانی شار بوو، وەك
دەنكێ ھەڵوژە لەو بهرهوپیرچونی
مردنهدا، بۆ ناو كۆڵان و ھەیوان و
ژوور و ژێرزەمینەكان غلۆردهبویهوه
و نەیدەزانی ڕوو لەكوێ بكات .
لە
ھەڵەبجە، بەسەر تەرمەكاندا ئەیقیژاند
، لە خودا ئەپاڕایەوە.
خودا ئەم حەرفانەی
كەوتون جارێدی بیانوسەوە . خودا ئەو
تۆفانی مەرگە بگرەوە ، بەڕەحمێكی
زەمانەمان ببهخشه ، خودا شیعر
بەرەوە و ووشەش زەندیقكە ، بەریمكە
لە خۆت و قەسیدە ، تەنھا ھەناسەیەك بۆ
ئەم پەپولانە ، خودا بمانبەخشە بە شێخ
مۆمن و گوڵان و عەبابەیلێ و پیر
محەمەدت. ئافاتی ئەم زوڵمە بگێڕەوە بۆ
زاڵمەكەی ، خودا ھەڵەبجە ئیبراھیمە و
ئەگەر منیش ئیسماعیل بم ،بۆ خاتری
ھەڵەبجە نەك ھەر سەرمببڕە، لەتوپەتمكە
، ھەر پارچهیهکم بۆ لایەك فڕێدە،
تەنھا قومێك ھەناسە ببەخشە بەو ھەموو
مرۆڤهدڵ پاكە .
لە كوشتن و خنكانی ھەڵەبجەدا، تازە
پێی نابویە ناو کۆشکی شیعر و دنیای
ئەدەب و ھونەر ، ھەربۆیە ئەو كارەساتە
ئەبێتە سیناریۆیەكی تراجیدی ،
كاردانەوەیەكی غەمگینانەی
لەسەردائەنێت و لەناو
بیروبۆچونەكانیدا ڕەنگ ئەداتەوە ،
لەبەرئەوە خۆی لە چاویدا وێنەی سەدان
مرۆڤی پەرەوازە و ھەڵوەریو ئەگرێت ،
بۆ یەكەمین جار مردنی مرۆڤی
نهمرهکان لەو دۆزەخەدا ئەبینێت
.
پاش ئەوەی لە پاشكۆی ئەو دۆزەخەوە، بە
ڕێگای تەسكی مردندا ئەڕوات و لە
ئۆردوگایەكی ئێرانی بە خێزانەكەیان
ئەگات ، ھەرلەوكاتەدا ھەواڵی مەرگی
دایكی و سارا و سالار ئەبیستێ . ئیدی
ئەوە دواھەمین ھەواڵی خەمە كەتێیدا
نغرۆ ئەبێت و ڕۆحی دایکی و نیشتمانی
لەبەرچاودا ئەسوتێ .
حەمەشوان لە ئێوارەیەكی ئەو سەردەمەدا
لە تاوێری كەژێكی نزیك ئۆردوگاكەدا
شیعری
( ئێرە
ئێوارەیەكی مانگەشەوە بۆ ھەڵبەستم
) ئەنوسێتەوە ، خەمەكانی ئەپێچێتەوە و
قەڵەم و كتێبەكەی ھەڵەگرێت و ئەكەوێتە
سەرڕێی شیعر .
دوابەدوای كارەساتی ھەڵەبجە ،
گیرسانەوەیان لە شاری سلێمانی،
حەمەشوان لەلایەن ڕژێمەوە وەك
ھەڵەبجەییەك لە زۆربەی مافەكانی ژیان
و مرۆڤایەتی بێبەش ئەكرێت ، ھەردەم
لەژێر سێبەری ترس و ڕاوەدونان و
ئەشكەنجەی دەرونیدا ژیان بەسەرئەبات .
دوای ئەوەی دەسبەرداری قۆناغی خوێندن
ئەبێت ، ڕێگەكانی لێئەگیرێت ،
خۆبەخشانە بۆ خاتری خێزانەكەیان، لە
پێناو بژێویدا ڕێی چەند شارێكی دوور
ئەگرێت، بۆ ماوەیەك دوورەپەرێز لە
ھەموو خواستێكی گەنجانەی شیعر و
تەنیایی و كار و دابڕان لە ماڵەكەی
خۆیدا ئاوارەی ئەكەن .
جارێكیتر ڕژێم شوێنپێی حەمەشوان
ھەڵەگرێت. كە ئەو كاتە وەك جووەكانی
ھۆلۆكۆست، لەھەر شوێنێك ھەڵەبجەییەك
ھەبوایە،ئەبو لەلایەن خەڵكەوە، ڕژێم
ئاگاداركرایەتەوە دەنا توشی
تەنگوچەڵەمەی تایبەتی ئەبون .
له ڕاپهڕیندا له ئازاد بوونی گهلی
ستهمدیدهی کوردستان وهک
پهپولهیهکی باڵ ڕهنگین له سهر
هیچ ڕهنگێک نهنیشتهوه، بهرهو
قوڵایی ئاسمانی مرۆڤی دنیا ههڵفڕی.
دواجار حەمەشوان وەك باڵندەیەكی تۆراو
لە ئاسمان و ماڵەكەی ئەفڕێ، لە ڕێی
مەرگ و نەھامەتیەوە. لەسەر ئەرزی
مەنفا ئەنیشێتەوە، لە ووڵاتی غەریبی
ئاسمان رهساسی بهستهلهک بارگەی
خەمەكانی ئەخات .
مەنفا ڕەنگادانەوەیەكیتری ئەبێت بۆ
شیعرەكانی حەمەشوان. بیروبۆچون و
دەربڕینی شیعری، ڕێڕەوێكیتر
ئەگرێتەبەر ، زیاتر بە ڕیتمێكی
فەلسەفیانە بیركردنەوەكانی
ئەخوێنێتەوە ، دەربڕینە شیعریەكانی
ئەنوسێتەوە ، ئەوەندەی بەسەر مرۆڤ و
مافە مرۆڤایەتیەكاندا ئەشكێتەوە ،
ئەوەندەی بۆ ژیانێكی ڕەنگاوڕەنگ و
ئارام و پڕلەئاسودەیی ئەگەڕێت،
ئەوەندەش ژیان و مافە تایبەتیەكانی
خۆی تێئەپەڕێنێت
.
سەیری
فەلسەفەی حەمەشوانكەن چی بۆ مرۆڤ و
ژیان ئەڵێت ..
ژیان پێش ئێستا
چەند جوان بوو
دەرگای نەبوو بۆ
داخستن
كە مرۆڤ ھات
بیری لە دەرگا كردەوە
دەرگا ...
لەسەر ھەردوكیان داخرا
.
...دهڵێت
لەمڕۆوە
ئیتر بە سێبەرەكەمەوە
نانوسێم
ئەمەوێ فێربم ..
ئاوڕ لەڕابووردوو
نەدەمەوە
ھەوڵئەدەم ..
لەژێر باراندا نەگریم
چەتر بۆ ھەتاو
ھەڵنەدەم
سەرما كزۆڵەم نەكات
ئەبێ ..
وەك سنەوبەر
بەفر لەسەر باڵم بنوێت
دەزانم ژیان نایەتە
ناو منەوە
دەبێ ..
من بۆ ناو ژیان
شۆڕببمەوە .
دوای ئەوەی لە مەنفا شوێنپێی خۆی
ئەدۆزێتەوە، دەستەوسان دانانیشێت ،
بەردەوام ئەكەوێتە گەڕان بەدوای ئەو
ڕێگایانەی ئهیگێننهوه بە ماڵە
ڕاستەقینەكەی كورد ، لەو دەروازەیەوە
دەنگ و ڕەنگی خەڵكی ستەمدیدە و
پێناسەی ووڵاتی وون لە شیعر و بۆنە و
ئاھەنگەكاندا ئەخاتە ڕوو .
ھەرلە سەرەتاوە خۆی ئەگەیەنێتە ناو
كۆمەڵ و ناوەندەكانەوە ، وەك كوڕی گەل
و سوێیەك بۆ نیشتمان بێلایەنانەو بەبێ
ھیچ پەیڕەو و پڕۆگرامێكی ڕێكخراوانە،
تێكەڵ بە خەڵك و دۆستانی ڕۆشنبیر
ئەبێت.
یەكێك بوو لە دامەزرێنەر و چالاکی
كۆمەڵەی ئامێز، تا ئەوكاتەی ئەو
كۆمەڵەیە دەستبەكار بوو، دواجار
ئەچێتە ناو ناوەندی ھەمەڕەنگ بۆ
پڕکردنهوهی ئهو درزهی که ههستی
پێدهکرد. لهئهنجام خۆی بوارد له
ئهندام بون ، ههمو کارهکانی وهک
بێلایهنێک رادهپهڕاند.
پاش ئەوەی بە ھاوكاری ھەندێ لە ھاوڕێ
و دۆستە دڵسۆزەكانی، لە ناو كۆمەڵەی
كلتورە كوردیەكاندا، لقێك ئەكەنەوە و
بۆ ماوەی سێ ساڵ دەستبەكار ئەبن، ئیدی
گێرمەوكێشە و ناكۆكیەكان ڕێی ئەو
كۆمەڵەیەی لێوون ئەكەن و ئەكشێتەوە
.
حەمەشوان بۆ ھەموو بۆنە و ئاھەنگ و
یادەكانی ھەڵەبجە و ئەنفال و ڕاپەڕین،
بەشداری كردووە و كارەكتەرێكی چالاك و
بزێو بووە.
لە كاتێكدا حەمەشوان
ئەندامێكی بەتوانا و چالاكی ناو
ناوەندی چاك بوو، دوبەرەكی و ستماتیكی
ڕێكخراوەیی و حیزبی ئەو ناوەندەش
پەرتوپەرەوازە ئهبێت، بەڵام شوانە تا
خامۆشبونی دوا ھەنسكی ھەناسەی بە
ئەندامێتی ئەو ناوەندە ئەمێنێتەوە
.
حەمەشوان لە تاراوگە خێزان پێكدێنێت و
ئەبێتە باوكی ڕۆزیا و ڕۆژین و ڕامێن .
حەمەشوان كوڕی حەمەفەرەج حەمەشەریف
ناسراو بە ( حەمەفەرەجی نانەوا ( 09
.12 .2011 ) شاعیری مەنفا و تاراوگە
بەتەنیا لە نێو شیعرەكانیدا
بەجێماندێڵێت .