به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار

 

رِه‌نگاڵه

 رِۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یى

1

هێڵكى دووكه‌ڵ ده‌مباته‌وه‌ بۆ،

به‌هه‌شتێك له‌ ئاگر و

به‌ نێرگزییه‌تى پیاوێكدا مورِاجه‌عه‌ ده‌كه‌م

غیره‌تى ده‌پێچێ له‌ سوچى سیگارێك و

دووكه‌ڵێك دروست ده‌كا له‌ به‌ژنى ژن...!!

2

په‌نجه‌ره‌ یانى بینین

له‌ ناو هه‌ناوى هه‌موو هاوینێكدا

جووتێك جزمه‌ى زستان

له‌ناو له‌پى هه‌ر ستیانێكدا،

دووپرته‌قاڵى مناڵ...

له‌ ناوگه‌نجى چه‌مێكیشا

پایزێك به‌ خه‌به‌ر دێ،

گۆچان چرۆ ده‌كا له‌ده‌سیا...

3

نان له‌ رِه‌چه‌ڵه‌كدا،

ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گوڵه‌ گه‌نم

ئه‌وه‌ حیكمه‌تىخه‌یاڵه‌كانى كێڵگه‌یه‌

ته‌ناف ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سێبه‌رى سێداره‌

له‌وێدا گه‌روىئازادى هێڵنج ئه‌دا

ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌ى وڵاتى وه‌حشه‌ته‌...!!

4

كه‌ جگه‌ره‌ لاساى شه‌و ده‌كاته‌وه‌

له‌ كۆڵانه‌كانى ئاسماندا،

تاریكى ده‌چێنێ...كه‌ تاریكى باڵ ده‌گرێ و

لاساى فرِین ده‌كاته‌وه‌

ته‌نها هاورِێیه‌كى هه‌یه‌

ئه‌ویش شه‌مشه‌كوێره‌...!!

5

كه‌ مانگ له‌ حه‌وشه‌كانى ئاسماندا،نان ده‌خوا

كه‌نارى ئه‌ندێشه‌یان له‌ قه‌فه‌س ده‌كه‌نه‌وه‌و

ده‌بنه‌ ئه‌سیرى شه‌و..

چۆله‌كه‌ ده‌ست هه‌ڵده‌گرن،

له‌ رِێنوسى هێلانه‌و

نیگه‌رانى پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌شه‌و..

مێروله‌ به‌ده‌نكه‌ گه‌نمێك ده‌ڵێ:لێم ببوره‌

قه‌ناعه‌تم به‌ فه‌تحى شه‌و..

په‌رِه‌سێلكه‌ ده‌ڵێ:به‌سیه‌تى كرێچێتى،

كوێستان و گه‌رمیان

مانگ ده‌له‌وه‌رِێ

منیش ده‌بمه‌ پاسه‌وانى شه‌و...!!

6

كه‌ شه‌و ده‌كه‌وێت و سه‌رى ده‌شكێ

تاریكى پێڵاوه‌كانى ده‌درِێ و

ئه‌ستێره‌ پێكه‌نینیان كپ و

مانگیش گۆره‌وییه‌كانى وون...!

7

كه‌ تیشكى خۆر دوگمه‌ى گوڵێك ده‌كاته‌وه‌،

به‌ ئینجانه‌ ده‌ڵێم به‌سیه‌ چه‌نه‌بازى،له‌وێدا دوو ده‌ریا

هه‌ژانیان ده‌گاته‌ حزوورى خوا...!!

8

په‌رده‌ بیانووه‌ بۆ په‌نجه‌ره‌

په‌یژه‌ دۆرِنێكه‌ بۆ نیشته‌جێ،

ئاوێنه‌ كتێبێكه‌ رِوومان،

تیاییدا موتاڵا...!!

9

كه‌ شه‌رِ دێ كه‌مانچه‌ به‌ فرِینێكى شه‌له‌وه‌

ده‌گه‌رِێته‌وه‌ ناو ده‌ستى دره‌خت

ده‌ست و پلى دره‌ختیش هه‌تا گوزه‌ر ده‌كا،

بۆ حه‌رفه‌ وه‌ریوه‌كانى خه‌یاڵ و

هه‌تا به‌ئاگا دێته‌وه‌،

ده‌بێته‌ قۆناخه‌ تفه‌نگ...!!

10

كه‌ چاوى مناڵان پرِ ده‌بێ له‌ ئاسمان

خۆیان ناونووس ده‌كه‌ن بۆ فێرگه‌ى فرِین

ئه‌و كات جه‌سته‌یان،

به‌ قاقایه‌ك ده‌به‌ستن و

رِۆحیان ئه‌ستێره‌ لێده‌خورِێ و

مانگیش ده‌كه‌نه‌ كۆلاره‌...!!

11

ژیان سه‌راپا سه‌فه‌ره‌...

هه‌رچى گومان و ترس و دڵه‌ رِاوكێیه‌،

هه‌ڵده‌چنم به‌ ملپێچى ده‌رگاكه‌مدا،

به‌ مردن ده‌ڵێم چاوه‌رِێم به‌ تا دێمه‌وه‌

ژیان له‌ تۆدا نیشته‌ جێیه‌...!

12

عیشق له‌زه‌تى تیشك،

ئاوه‌ڵا ده‌كا له‌ دڵما

ئه‌ مه‌یان یانى ئازادى...

وه‌لێ ده‌بێ چاوه‌رِوانبم، سێبه‌ره‌كه‌ى

تاڵیم پێ بنۆشێ،

ئه‌مه‌یان یانى دیلى...!!

13

كه‌ ده‌چمه‌ خه‌ڵوه‌ت و

خه‌و ده‌پلیشێنمه‌وه‌

ده‌سته‌كانم چاوه‌رِوانه‌

قیژه‌ى كاتژمێره‌كه‌م،

بخاته‌ پێڵاوه‌كانى كۆڵان..!!

14

هه‌موو شتێك دژ یه‌كه‌..

له‌ ناو شه‌پۆلى ده‌ریا،

كۆڵانێك له‌ بێده‌نگى...

له‌ ناو كپى به‌ردیشا

قیژه‌ى رِووبارێك،له‌ بێحه‌یایى...!!

15

لێره‌وه‌ له‌ دوورِیانى شه‌وێكا

جانتاى سه‌رم سه‌راب رِاده‌خا

جاده‌ ده‌رِوا

پارك ده‌رِوا

باران ده‌رِوا

له‌و سه‌رابه‌ شینه‌دا

من پیاوێك ئه‌ناسم ئاوى ئاوى

رِیشى پایزى لێده‌بارێ،

قژى گریان هه‌ڵده‌كا...!!

16

رِۆژانه‌ من ده‌رِۆم تا موتڵه‌ق تا سێبه‌ر تا دوورییه‌كان

تا چوارگۆشه‌ى چوار شه‌ممه‌یه‌ك،

له‌ ئاستانه‌ى مه‌زارێك...

تا شه‌پۆلدانى هه‌ینییه‌ك،

له‌ به‌ر قاچى مزگه‌وتێك...

تا ده‌ست له‌ دیوارى قریوه‌ى مێرووله‌یه‌ك

بۆ له‌تێك ژیان

تا باڵق بونى باڵى چه‌ترێك

به‌ واژۆى باران

كه‌چى من هه‌ر ناگه‌مه‌ حه‌قیقه‌تى مه‌نسورێك...!!

rozhhalabjay@yahoo.com

 

به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار