به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار

 

كچێك به‌به‌رگى بارانه‌وه‌   

  ئیبراهیم هه‌ورامانى 14\ شوباتى \2009

هه‌ر به‌چه‌شنى

چڵه‌ رِێحانه‌یه‌كى شه‌رمن

جار ...نا جارىَ

به‌دزى

چاوه‌ ئێشك گرتوه‌كانمه‌وه‌

سه‌رخه‌وىَ

له‌هه‌ناسه‌ما ئه‌شكێنى .

هه‌ربه‌چه‌شنى

كۆتره‌ باریكه‌یه‌كى عه‌جول

جار... ناجارىَ

به‌دزى

رِوانینه‌كانمه‌وه‌

له‌نێو خوێنى

دڵما

نیگارێكى عاشقانه‌

                  ده‌نه‌خشێنى .

له‌مه‌وداكانى رِوانین

دوورین .....دوور .

له‌رِاچه‌نینه‌كانى گۆرانى

غه‌ریبین ....غه‌ریب

نێوانى من وتۆ

تاڵه‌ ده‌زویه‌كه‌ باریك

          بۆ خۆشویستن .

له‌ته‌ك دابارینى

دڵۆپ ...

دڵۆپى بارانا

وه‌ك سێبه‌رى خوێنه‌كه‌م

به‌ته‌نیشتمه‌وه‌ ،

شه‌قامه‌كه‌ ده‌هه‌ژێنى .

بۆ كوىَ بچم     !

له‌كوىَ وه‌ بێم !

وه‌ك  دێرِه‌ شیعره‌كانى دایكم

به‌چرپه‌

هێمنانه‌ ...ده‌مدوێنى .

****     ****    *****

دوێكه‌ ته‌نیا گوڵێكم شك ده‌برد

سوور ...سوور

وه‌ك سوراوى سه‌رلێوانت .

ناسك ..ناسك

وه‌ك ناسكى كوڵمه‌كانت .

باران ...هات و

پارِایه‌وه‌ پىَ ببه‌خشم .

مانگ به‌و به‌رزى یه‌وه‌

بۆ سه‌رزه‌وى دانه‌وییه‌وه‌ و

داواى كرد لێم ..

كانیله‌یه‌ك هاته‌ سه‌ر رِێم ..

چه‌م و شۆرِه‌بى پێكه‌وه‌

دنیایه‌ك لێم پارِانه‌وه‌

ئه‌وان ووتیان و

من ووتم :

گوڵى سوورى نێوان ده‌ستم

چاوه‌رِوانه‌

ئازیز بێت و

له‌به‌رۆكى هه‌ڵبواسم

 

 

به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار