|
1
دایکم.. ئای له دایکم
چه‌ند ترسنۆک بوو!
نه‌كا باوکم له گریانم به‌ئاگابێت
هێنده‌ی ڕائه‌ژاندم به عاسته‌م
ئێستاش..
شه‌که‌تی گرێدانی ده‌سرازه‌م و
پڕ له‌ترس و ژانه جه‌سته‌م!
2
باوکم..
باوکم یه‌که‌م جار کوشتمی
هه‌ر که پێناسی که‌ژاڵێکی مردووی
به باڵام بڕی
له گۆڕی ژیان
به زیندوویی ناشتمی!
3
بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م نه‌مرم
له‌جیاتی کفنی سپی
تارای سووریا‌ن پێدادام
كه‌چی..
له‌م گۆڕستانه
جه‌سته‌یه‌كی هه‌ڵوه‌دام!
4
چه‌ن ئه‌سته‌مه
من به‌م بچووكییه و
نیفاق به‌و گه‌وره‌ییه
ده‌سته‌و یه‌خه بوه‌ستین!
5
لێم مه‌پرسن
من به‌چی پێئه‌که‌نم
دڵنیام..
ئێوه‌ش هه‌ر به‌وه پێئه‌که‌نن!
6
هه‌رکه موچوڕكی ترسێك
جه‌سته‌م ڕائه‌چڵه‌کێنێت
قه‌ڵه‌مێک ئه‌گرمه ده‌ستم
ڕوخساری گوڵه به‌یبوونێک ئه‌كێشمه‌وه و
ڕووبه‌ڕووی ڕاده‌وه‌ستم!
7
پێم پێمه‌که‌نن
چه‌ند ئه‌ترسم
من له مردن خوایه گیان
مافی خۆمه..
گه‌ر له مردن یاخی بم و
ترسم هه‌بێت له ژیان!
8
حه‌زم له شێتییه‌که
به‌ڵام..
هێشتا فه‌نی شێت بوون فێر نه‌بووم
9
چه‌ن گه‌مژه بووم ئه‌و شه‌وانه‌ی
کتێبخانه‌که‌م پڕ بوو له ڕۆمان
که‌چی..
وه‌کو تووتی
گوڵه‌به‌رۆژه‌م ئه‌قرتان
• • •
هۆله‌ندا 2006
|