به‌خێربێن بۆماڵه‌خنجیلانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌       مشتێک له‌خه‌رمانی سه‌رگوزه‌شته‌کانی شار . لاپه‌ره‌ی تایبه‌ت به‌شاعیر و نوسه‌ر :هه‌ردی شه‌فیق

چاكسازی‌و بڕوانامەی ساختە


هەردی شەفیق
هەنوكە من سەرم لەوە دەئاوسێت هەركات بتەوێت حەقیقەت بڵێیت ، ئەوا كۆمەڵێك قبوڵخاس‌و خاوەن بڕوانامەی ساختەو ئەوانەی هەنێك جاریش لەبری قۆپیەو مامۆستا، دەفتەری تایبەتیان بۆ دەبردنە ژوری تاقیكردنەوەوە، لێت دێنە هەڵا‌و ئەویش لەبەر ئەوەی نەكا خوانەخواستە ڕۆژێك لەڕۆژن میلی ئەم كاتژمێرەی گەندەڵی بەلای حەقیقەتا بسوڕێ‌‌و دووشەش لەدەستیاندا بتۆپێت‌و موچەكانیان بكەوێتە ژێر هەڕەشەوە. خوا هەڵناگرێت ئەشێت هەندێكیشان لارەمل هەرگیز ئەو چاكەیەی حیزب لەیاد نەكەن فڕێی داونەتە جێگای قوتابیەك، ئیتر هەر لەنەبوونی پارەو كرێ‌ پاس‌و خواردنەوەی قوڕاوی بەلوعای داخلی‌و خواردنی نانوچای شیرن‌و ڕاكردن بەدوای موخەسەسات‌و شەونحونی بەدیار كتێب‌و سەعیكردن‌و نەبوونی كارباو ئاوو پرتەپرتی چراو سەرماو گەرمای هاوینەوە ڕەنجی فەرهادیان كێشاوە. ئەوە نازونونوكی كوڕەبەرپرسان‌و تەپۆتۆزی سەیارەی جامڕەش‌و ئەو هەموو بەنازپەروەردەییەی ئەوان لەسەر سامانی خەڵك‌و ڕێكخراوە خوێنكاریوقوتابیەكان‌و مامۆستاو تەنانەت زانكۆش بەدیارچاویانەوە بابووەستێت. ئەنجا بیهێنە بەرچاویخۆت بێن‌و كەسێك لەشوێنەكەی تۆدا دابنێن، یا ئەو شوێنەی كەقەرارە وەك بەری ڕەنجو ماندووبوونی بدرێت بەكەسێك، وەك دەرەبەگێكی ڕەنجخۆر بەتۆی ببەنخشن! تۆش لەبری ئەوەی لەویژدانی خۆتا تەریق بیتەوە لەبەردەمی ئەو گەنجەدا سەری دایكوباوكی بەدەستیەوە سپیبوو تاخوێندنی تەواوكرد ئێستا ئەو ئەچێت بۆ حەماڵی‌و كرێكاری، بێیت‌و شەڕی ئەوانمان لەگەڵا بكەیت‌و جارجارەش منەتی ئەوەمان بەسەرابكەیت جەنابتان خزمەتكاری ئەم ئەزموونە جوانخاسەن‌و ئێمەو مانانیش دەستێكی دەركی وەكو مەیمون ئەمانخاتە سەما، نەوەك ئەوەی لەناخەوە هەلاهەلا بووبین!
ئەو ساتەیش ئەم حكومەتە بڕیاری چاكسازی ئەدات من چەنێك بۆ بەدبەختی ئەو هەموو بەدبەختیەی لەم وڵاتەدا ڕوئەدات گریانم دێت لەم فیرعەونئاوایەدا، بەپارەخۆت، بەڕەنجی خۆت ئەتكوژن، ئەوەندەش پێكەنینم بەپرۆژە چاكسازیەكانی حوكومەت‌و سەرۆك دێت، چەنێكیش پێكەنینم بەوانەدێت ئەوەندەش گریان بۆ حكومەتێك بەئەقڵی خەڵكەكەی پێئەكەنێت، ئاخر لەتەواوی دنیادا برین بەمەرهەم چارەسەر ئەكرێت بەڵام ئەم حكومەتە هەزەلیە برین بەبرین تیمار ئەكات!! ئاخر گەلۆ ئێوە سەیری كەن كێشەی خەڵك بەزیادكردنی چەند هەزار موچە خۆرێكی حیزبی چارەسەر ئەكرێت یان قوڵتر ئەبێتەوە؟؟ سەیری ئەو هەموو خاوەن بڕوانامە ساختەو بێ‌ بڕوانامەیە بكەن لەفەرمانگەكانا دایان مەزراندوون‌و حیزبی بوونیان لەبڕوانامە گرنگترە! ئاخر تۆ كەدوو وەزارەتت بەناوی خوێندنی باڵاو پەروەردەوە هەبێت دامەزراندن بەپێی (ئەوەلیات) نەبوون لەپایچی؟ بەپێی گرنگی بڕوانانە نەبوون لەپای چی؟ ئاخر ئەوە جێگای پێكەنین‌و هەم گریانیش نیە كەسانێكی موفتەخۆر بخەیتە شوێنی ئەو گەنجە قوڕبەسەرەی جواناوی دەردا هەتا بوو بەخاوەنی بڕوانامەیەك؟ تۆ بڵێی كارێكی ئەوەندە قورس بێت ناوی هەموو فەرمان بەران بنێریتەوە بەردەمی ئەو دوو وەزارەتەو بە بڕوانامەكانیاندا بچیتەوە؟ تۆبڵێی پارەی مانگێكی پۆلیسی خۆ پیشاندانەكانی تێبچێت؟ یا ئەوەتا بەبڕوانامەی ساختەوە، بەخەڵكێكی بێ‌ بڕوانامەوە ئەیانەوێت باری لاسەنگی حیزبەكانیان هاوسەنگ بكەنەوەو ئەوەندەی تر ژیانی خەڵك وێرانبكەن؟ تۆبڵێی گەنجانی زانكۆكان بۆگەشت‌و گوزار هاتبێتنە سەرشەقام، یا وەك ئەوەی من شەوێك لەگەڵ قوتابیانی زانكۆدا گوفتوگۆمكرد زۆریان هەرلەسەرەتاوە پێیان وابوو بڕوانامەكانیان بایەخی پولێكی قەڵبی نیە؟ سەعیكردنیان چی لەژیانی ئەوان ئەگۆڕێت كاتێك یارۆی حیزبی بەپاڵ دەرئەچێنن‌و بەبڕوانامەی ساختە، یا ئەسڵەن بەبێ بڕوانامە دایان ئەمەزرێنن؟ خۆ ئەگەر حكومەتیش بەڕاستی ئەیەوێت خاوەنی پرۆژەكانی چاكسازی بێت‌و خەڵك پێكەنینی پێی نەیەت، ئەوا بابەشێك لەو كەسانەی دایان ناون ڕاپۆرت لەسەر ڕۆژنامەنوسان بنوسن، ئەوا بابچن بەدوای بڕوانامەی حیزبیەكان‌و قبوڵخاسەكانیانا بگەڕێن‌و بەدوای كێشەگەلێكی تری لەمشێوەدا بچن‌و ئەوكات ئیتر باسی چاكسازیش بكەن شتێكی پێكەنیهێنەر نیە، ئەگەر ئەیانەوێت چاكسازی بكەن ئەوا باكێشەكان بنبڕبكەن نەوك دایبپۆشن، با كێشەكان چارەسەربكەن نەوەك پینەدۆزی بكەن. خۆ ئەگەر لەكاتێكدا باسی چاكسازی ئەكەن‌و بەبڕوانامەی ساختەوە سەرقاڵی دامەزراندنن ئەبێت لەو حەقیقەتە تێبگەن مامۆسایەكی بێ‌ بڕوانامە توانای نوسینی داڕشتنێكی نیە چ ئایندەیەك بۆئەم وڵاتە ئەهێنت؟ بەدیوێكی تردا ئەبێت چاوەڕوانی چ وێرانیەكی لێبەكەین كاتێك بەسەر قوتابخانەیەكیدا ئەهێنێت؟! كاتێك باسی دورخستنەوەی دەستی حیزب ئەكەن لەحكومەت و كەسێك لەوانەی زۆرترین هێرشی كردووەتە سەرخەڵك‌و خۆپیشاندەران ئەیكەن بە بەرپرسی ئیدارەیەك قەرارە بیكەن بەپارێزگا، ئاخۆ چ جیاكاریەك لەنێوان حیزبیەك‌و ناحیزبیەك، حیزبەكەی خۆیی‌و ئەپۆزیسیۆندا بكات؟ بۆیە بەبڕوای من چاكسازی ئەم حكومەتە لەداپۆشینی ئەو گانگرینە كوشندە‌و ترسناكە ئەچێت لەجەستەی مرۆڤێكدا دەرئەكەوێ‌ ‌و ناچێتە لایپزیشك‌و بەدوای نوشتەنوسێكدا ئەگەڕێت، بۆیە من بەدەست خۆم نیە بەچاكسازی ئەم حكومەتە‌و حیزبەكانی‌و سەرۆكەكانی ختوكەم دێ‌‌و لەگەڵ ختوكەشدا ئازار لەهەناوەوە خەریكە دەمخوات. ئیتر ئاوایە حیكایەتی چاكسازی لەم خەم ئابادە، ئائاوایە نایەكسانی لەم فیرعەون ئاوایە.