ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف

 عیشق و...تەمەن


حەمە ئەحمەد جاف


دەبا بگرین...
دەبا بگرین لە سەر عەرشی ،..
ئەو جێژوانەی،...
گەنجییەتی عیشق وئەڤینی
گەیاندە سەر كێكی تەمەن!!؟
دەبا بگرین بەسەركوڵمی ،..
بالۆرەی هەواری خاڵیی ،.
كچە عیشقی ئەو رەشماڵانەی ،..
بسكۆڵەشیعری تەمەنیان ..
بۆژوانی كچۆڵەی بەفرو..
جێژوانی كوڕە حەیرانێ‌ ،
دەهۆنیەوە!!؟
دەبابگرین بەسەر گۆنای،..
ئەو شیعرانەی ،..
بەفرمێسك نووسرانەوە!!؟
دەبا بگرین...
لەسەرجێ‌ پێی خوێنتێزاوی،.
ئەو كەسانەی،..
لەگەڵ شەختەی بەفری ،..
شەوانی غوربەت و تەنیاییدا
تــــوانەوە!!؟
* * *
(2 )

بابگریم....
بۆئەو رۆژانەی،..
لەیەكەم نوقتەی ئەوین و...
عیشقی سەرمەدییەوە هاتم و...
بە سەر تەمەنێكی بابردەڵەی ،
پەنجاوسێ‌ ساڵ رێداكەوتم!!؟
تەمەنێك لێوانلێو..
لەكارەسات و گریان!!
رۆژانێك پڕاوپڕ...
لە خەم و یاخیبوون!!؟
تەمەنێك لەپیری!
رۆژانێك لە غوربەت و دووری!
دەبابگریم...
بۆ ئەو رۆژانەی ،..
پیرە دارچنارەكەی خڕێ‌ بەر ماڵان
دەبووە جێژوانی،..
من و ئەو كچە شۆخەی ،..
سێ‌ چوار ساڵێك یەكدیمان خۆشویست!!
دەبابگریم!!؟
* * *
دەبابگریم...
بۆ ئەو رۆژانەی ،..
بەنسێی هەتاودا
بەتاوی نسێدا
بەرەو ژوانی عیشق و تەمەن،..
هەنگاوم دەناو...
لە لوتكەی جوانكەییمەوە...
دەڕژامەنێو..شیعرێكەوە!!
شیعرێك نزیك لە ژیان
دوور لــــــــە مردن
شیعرێك تژی لە شیعرو ئەوین!!
دوور لە غوربەت و..
تــــارمایی و بەزیـــــــن!!
عیشقێك...دوور لە تەمەنێكی هەڵچوو
تەمەنێكی ڕۆیو...
ئەو تەمەنەی ،بەلاملی كێوی ئەستەمی ورەدا
سەردەكەوێ‌ و...
هێواش...هێواش
بەسەر رنووە بەفری یادا
بە نسێی هەورو...
بە رێچكەی بـــــــادا
دەخزێتە خوار
سەردەكەوێ‌ و..لە لوتكەدا..
لەتەك (كەریم كابان) دا
گۆرانی بۆ ( تەمەن ) دەچڕێ‌!!؟
دێتەخوارو...
لە گەڵ (دیلانا ) سروودێ‌ بۆ نەورۆزو..
شیعرێ‌ بۆ (پاییزی جاران) !!
لە گەڵ (حەمە) شدا
سروودێ‌ بۆ(لەیلا) وقەڵادزێ‌ و..
كاكی پێشمەرگە !
گۆرانییەك..بۆ عیشق وخۆشەویستی خاك و
داستانی باران دەڵێتەوە !!؟
* * *
(3)
وەرن با هەموومان بگرین
لەگەڵ نـالی بۆ حەبیبە
لەگەڵ دێوانەدا بۆشەم
لەگەڵ جزیری بۆسەلما
مەولەوی بۆعەنبەرخاتون
لەگەڵ گــۆرانا بۆ هیوا
لەگەڵ غەریبا بۆ (نوقڵێ‌)
لەگەڵ حەسیبابۆكەژاڵ
لەگەڵ حەمرینا بۆكەركووك
لەگەڵ مەرزیە دا بۆ بەرزی
لەگەڵ مارفا بۆ رەنجـی
لەگەڵ (حەمە)شدابۆگەنجی
وەرن مادام..
پیریی و تەمەن بەرۆكمانی گرتووە!!؟
با هەموومان،...
دەست بە دامێنی عیشقەوە بگرین و...
لە لوتكەی بزەوئەسرینەوە...
بۆگەورەیی تەمەن بێینە سوژدە و...
لەگەڵ شنەی شەماڵی،..
هەناسەی هەتاوا دەستبگرین !!؟
ئەوسا هەموومان پێكەوە ...

بە...ئەسرین...پێبكەنین و..
بۆمەرگی ( گریان ) بگرین!!؟
* * *
كۆتایی /2010
هەولێر

 

ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف