|
دێم و...دێم

حەمە ئەحمەد جا
ف
من دێم و...
وەك شەستەباران
دێمی تەمەنت، ئــــاو بدەم.
ئەسپی نیگاو... سەرنجە رێم
لەگۆمی چاوتا... تـاو بدەم.
---
من دێم و... وەك شنەی شەماڵ
بشنێم بەرەشماڵی خەمــتا!!
هەگبەی كۆچی ماچێكی ئاڵ
بخــــەم لە هەواری مەمتا!
---
من دێم و مەلۆتكەی شیعرم
شەتەكبەم بە باوەشتەوە!
نەكا پەڵەی هەوری پەڵە...
گوزەركا بەرووی گەشتەوە!
---
دێم و نەكا چاوەڕوانیم
كانی ئۆقرەت، بتەقێنێ.
تیشكی كڵاورۆژنەی دوانیگام
بەفری تەمەنت وەتوێنێ.
--
دێم و لەنسێی كەزیتا
بۆ تاوێ بحەسێمەوە!!.
ئەوجا بەرێچكەی باڵاتا
بەرەو خوار مل بنێمەوە!!.
---
دێم و لەیانەی سینەتا
بەدڵی پڕ لەبۆسۆوە!.
بەپێكی چاڵی چەناگەت
قومێ فڕ بكەم بەتۆوە!.
---
هەردێم و هەواری خاڵیت
بۆ دواجار... بەسەركەمەوە!
كاڵای عیشقی دێرینەمان
بۆ ساتێ لەبەر كەمەوە!.
---
ئەوجا، دەڕۆم و، وەك (نالی)
بارتێكدەنێم، بەدڵگەرمی!!؟
ئاخۆ كێی تر... دەبێ وەك (من)...
لەگەڵتا بدوێ... بە نەرمی!!؟
******* |