ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف

منیش وەك تۆخەڵكی وڵاتی گریانم


حەمە ئەحمەد جاف


بە گوڵی بەهاری تەمەنم پێشكەشە
(1)
سوورگوڵخانم
منیش وەك تۆ...
خەڵكی وڵاتی گریانم!!؟
من شاعیرێكی ئاوارەم...
چۆن بتوانم :
خەمی خۆم و ..
خەمی خاك و...
خەمی ئێوە
لە بێشكەی شەوانی شیعرا رابژێنم!؟
چۆن بتوانم... .كە هاتمەوە
بێ‌ ئیزنی تۆ...
چنگێ‌ نو قڵَەماچی خاك و...
چەپكێ‌ گوڵەشیعری عیشقت
بۆ بهێنم!!؟
* * *
(2)
لەوەتەی من وەبیرم دێ‌....
باخ.. لەباوەشی شەوانی،...
تاری تەنیا یی تووتڕكا
پشـــــووئەداو...
شەونمی سەركوڵمی گوڵان ئەخواتەوە!؟
باخەوانیش مێزی گەرمی ... بۆ گوڵبەهاری تەمەنی ،..
عیشقێكی نوێ‌ ئەكاتەوە !؟
* * *
كاتێ‌ گوڵێ‌ هەڵەوەرێ‌
شیعرێ‌ ئەگری !؟
ئەگەر هاتوو شیعریش گریا....
گوڵێ‌ ئەمرێ‌!؟
بۆ مردنی هەر گوڵێكیش...
شاپەپوولەیەك گڕئەگرێ‌!؟
* * *
* * *
(3)
گوڵ....بەر لەوەی...
لێو بەلێوی كازیوەی بەیانەوە نێ‌ ....
خەون بەجوانی سپێدەو...
بەبەهارەوە دەبینێ‌!!؟
منیش بەرلەوەی لالێوم ..
بە لێوی شمشاڵی وشەو شیعرەوە نێم
خەو بەبێ‌ گیرفانیی ئێوەو...
شەوانی زامداری وشەو...
قەڵەمە زیندانییەكان و...
شیعری جەستە تێكشكاوی..
شاعیرانەوە دەبینم
* * *
كە گوڵ جوانی رووخساری خۆی
بەشووشەی پەنجەرەی دڵما ئەكاتەوە
سینەم پڕدەبێ‌ لەبۆنی ،..
سورمەی گوڵی گوڵە باخ و...
عەتری ئەوین....
لە یەخەو سینگی (باخەوان) ئەپرَژێنێ‌ !!
جا ئەو كاتە..... خۆشەویستیم
لە نێو دڵیا بزر ئەبێ‌ و....
هەر دێت و دێ‌....
لە گەڵ گزنگی هەتاوی هەناسەی شەو...
بۆنی وشەو جـــوانی شیعرم بۆ ئەهێنێ‌ !!؟
* * *
(4)
ئەوسا منیش....دێم وهێواش..
هەنگاو ئەنێم...
بەرەو هەواری ژوانی تۆ
دێم و هێواش...
.هەنگاودەنێمە..سەر جێ‌ پێی...
.وڵاتێكی سووتەمەرۆ !!
دێم و هێواش....
هەنگاو دەنێمە .سەر جێ‌ پێََی...
سەوزی بەهار.!!
هەتا گوڵی سووری تەمەن..
لەكۆشی ئینجانەی سۆزتا كۆكەمەوە !!؟
دێم و هێواش...
هەنگاو دەنێمە..سەر جێ‌ پێی...
لێوی زەردەخەنەو گریان
تا یاسایەك .....
بۆ مێژووی عیشقی كۆن و نوێ‌
بنووسمەوە !!؟
دێم و هەرچی ...
ئەشك و زامــە
چ گریانــــە !!
چ دووری و غوربەت و ژانە!!
بیخەمە سەر لەپی دەستی ،..
سەعاتی سفری زەمــــانە!!
دێم و هەرچی...
گوڵی سوورە.....
بە دووتوێی لێوەكانمەوە هەڵیواسم!!
دێم و هەرچی ....
جێ‌ پێی گوڵ و ....
نێرگزەجاڕی بەهارە
بیكەمە مەسكەنی عیشق و ...
دوا هەواڵی دەنگوباسم !!
* * *
دێم و هەتا.....
چڵێ‌ نێرگزو گوڵی سوور...
بدەم لە سینگو بەرۆكی
ژوانە عیشقێكی تامەزرۆ!!
دێم و هەتا....
تۆی باخ و...منی باخەوان..
بێینە قـەدو باڵاو چرۆ!!
دێم و هەتا....
منی شەپۆل.و...
تــۆی دەریــا
تووڕەییتان كپكەمەوە !!
دێم و هەتا ...
منی شاعیرو...
تــــــۆی كتێب
لاپەڕە ئاڵتوونییەكانت..هەڵدەمەوە!!؟
* * *
دێم و هەتا ...عینوانی
ئەو لاپەڕەیەم چاوپێكەوێ‌
كەلێی نووسراوە :
( تۆم لە خۆم خۆشترئەوێ‌ )
* * *

هــــــەولێر
كۆتایی گەلاوێژی/2010
 

ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف