ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف

ژیاننامه‌ى حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف         

*له‌دایكبووى چله‌ى هاوینى(1957) ى(حه‌سارى قه‌لاَدزىَ).

*له‌(1977)ه‌وه‌شیعر ده‌نووسىَ وبلاَوده‌كاته‌وه‌.

*ئه‌ندامى لقى سلێمانى یه‌كێتى نووسه‌رانى كوردو سه‌ندیكاى رِۆژنامه‌نووسانى كوردستان و ئه‌ندامى رۆژنامه‌نووسانى نێوده‌وڵه‌تى وكۆمه‌ڵه‌ى كه‌له‌پوورى كورده‌.

*(لاوكى پێشمه‌رگه‌) یه‌كه‌م به‌رهه‌مى چاپكراویه‌تى.

* دیوانه‌ شیعرێكیشى ئاماده‌ى چاپه‌.

*/ئێستا له‌ رۆژنامه‌ى (خه‌بات )كارمه‌نده‌ وله‌ شارى هه‌ولێرى پایته‌خت نیشته‌جێیه‌

...........................................................

خوێنه‌رانى ئــــــــازیز...

دواى به‌ چاپگه‌یاندنى كۆمه‌ڵه‌ شیعرى (لاوكــــى پێشمه‌رگــــــه‌) دیوانه‌ شیعرێكم كه‌ دووه‌م به‌رهه‌مى شیعریمه‌ ئاماده‌ى چاپه‌...كه‌سه‌رجه‌میان مشتێكن له‌ خه‌روارى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شیعریانه‌ى له‌ نێوان ســـــالاَنى[1977-2008] نووسراون كه‌ زوَربه‌یان له‌ دووتوێى رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ كوردییه‌كانى شاروشاخدا چاپ وبلاَوكراونه‌ته‌وه‌،..وه‌لىَ..مه‌خابن..زۆر له‌ شیعره‌كانیشم [به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى سالاَنى پێشتر نووسراوون] به‌هۆى سته‌م وزۆردارى رژێمى گۆرِ به‌گۆرِورووخان وراگواستن و ئاڵۆزى وگرژى بارودۆخى ده‌ڤه‌ره‌كه‌مانه‌وه‌ فــــه‌وتاون وله‌ به‌ینچوون!!؟

وا ئه‌مرِۆش...دواى(35) ســــاڵ له‌ ته‌مه‌نى ردێن سپى شیعریم ئه‌و دیارى شیعرتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م،..وه‌ك كورد ده‌ڵــــــىَ:[دیــــارى شـــــوانان ،ئــــــاڵه‌كۆكه‌]...بۆیـــه‌ منیش (له‌ دوو توێى ئه‌و ماڵپه‌رِه‌ جوانه‌ى شیعردا،ئاڵه‌كۆكه‌ شیعرى خۆمتان ده‌كه‌مه‌ دیــــــارى)،

بــــــه‌و هیوایه‌ى جێگاى ره‌زامه‌ندى تێكرِاى رۆشنبیرانى كـــــــوردوهه‌وادارانى شیعروخوێنه‌رانى دڵسۆز بێت...هــــه‌ڵبه‌ت ، ســـــه‌رنج وره‌خنه‌ وبۆچوونه‌كانیشتان قبوڵن وســـــــــــــــــه‌رچـــاوان.

پێشـــــــــه‌كى و...

                                   ئه‌زمونى شیعریم

دواى مۆركـــــردنى رِ ێككه‌وتننامه‌ى یازده‌ى ئادارى مێژوویى/1970 له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تى شۆرِشى كــــــوردوحكومه‌تى ناوه‌ندى ئه‌وساى ئێراق وده‌رچوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ رۆژنامه‌وگۆڤاروكتێبى به‌ نرخ ودانسقه‌ى كوردى،خولیاوكه‌ڵكه‌ڵه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌كى چرِوبه‌رده‌وام مێشكمى داگرت وله‌وىَ ده‌مێوه‌...ده‌ستم دایه‌خوێندنه‌وه‌وسه‌ره‌تا له‌خوێندنه‌وه‌ى چیرۆك وشیعره‌ بلاَوكراوه‌كانى سه‌ررِووپه‌رِى رِۆژنامه‌وگۆڤاره‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ هاتم...تابه‌وه‌سڵ ودیدارى دیوانه‌شیعرى شاعیره‌ كلاسیكیه‌كانى كوردگه‌یشتم له‌وانه‌(حه‌زره‌تى نالى وپیره‌مێردومه‌حوى وبێكه‌س وزێوه‌روقانیع وگۆران وشاره‌زاوهه‌ژاروفانى وفیداودواترشیعره‌ ته‌رِوناسكه‌ عاشقاتیه‌كانى( مام هێمن وفه‌ره‌یدون ) و(غه‌ریب پشده‌رى مامۆستاوگه‌وره‌شاعیرى مه‌رِخۆمان) ته‌ئسیراتێكى زۆریان تێكردم كه‌هێنده‌ى دى شیعریان لاجوان وجوان وجوانتركردم...ده‌توانم بڵێم وام لێهاتبوو(به‌یه‌ك جارخوێندنه‌وه‌ى شیعرى هه‌ریه‌ك له‌وشاعیرانه‌) ئه‌زبه‌رم ده‌كردن...زۆربه‌قه‌ناعه‌تیشه‌وه‌ ده‌ڵێم: ئێستاشى له‌گه‌ڵدابىَ به‌ده‌یان وسه‌دان قه‌سیده‌وشیعرى جوان وناسكى زۆرله‌شاعیرانى كلاسیكى كوردیمان وشاعیرانى نویىَ وه‌ك(پشده‌رى و كه‌مال وره‌ فیق وپه‌شێووشێركۆوهه‌ڵمه‌ت وپه‌رۆش وخورماڵى و دڵشادو وقوبادو شیعره‌ پاییزیه‌كانى حه‌مه‌ عومه‌رومه‌هاباد) ى كوردم ئه‌زبه‌ره‌...هاوكات(مه‌عفوو) بونم له‌وانه‌ى زمان وئه‌ده‌بى كوردى،له‌سه‌رجه‌م ساڵه‌كانى خوێندنم دا فاكته‌روهۆكارێكى گرنگ بووله‌پترچه‌كه‌ره‌كردن وخوڵقاندنى ئه‌ڵهاوسرووش وبه‌هره‌ى شیعریم...سه‌رتان نه‌یه‌شێنم...له‌دواى كاره‌ساتى دڵته‌زێنى 24/4/1974ى قه‌لاَدزىَ وئاواره‌ بوونمان بۆئه‌ودیوو...له‌نوسینى(شیعرۆكان) رِاچووم...بۆیه‌ش ده‌ڵێم(شیعرۆكه‌) ئه‌وكات زاتم نه‌ده‌كردوهه‌رگیزیش به‌خۆم رِه‌وانه‌ده‌زانى(خوانه‌خواسته‌،بڵێم:شاعیرم وشیعرده‌نوسم...لێتان ناشارمه‌وه‌،ئه‌وى،ئه‌وىَ ده‌مىَ ده‌منووسى وگوایه‌ نێوم لێده‌نان(شیعر) فرِیان به‌سه‌رشیعره‌وه‌ نه‌بوون،به‌ڵكوورِێنه‌وهه‌ندىَ قسه‌ى بریقه‌دارى رِووكه‌ش وورده‌ ورِێنه‌ورِێشكه‌وپێشكه‌ى نێورِه‌شنووسى ئیحساس وفكرى كورِێژگه‌یه‌كى هه‌رزه‌ى ئه‌وىَ ده‌مىَ بوون وهیچی تر...به‌لاَم ئه‌وانه‌ى ده‌منووسین(گوایه‌شیعرن) به‌كاڵ وكرچیش با لاى خۆم ده‌مپاراستن وله‌باوڵه‌سووره‌كه‌ى بوكێنى دایكمدا ئه‌رشیفم ده‌كردن...ساڵ وه‌رسورِاوگه‌رِاینه‌وه‌ قه‌لاَدزىَ وله‌گه‌ڵ خوێندنى قوتابخانه‌م دا،له‌خوێندنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان به‌گشتى و(شیعر) به‌تایبه‌تى به‌رده‌وام بووم...ناوبه‌ناویش جێم به‌خۆنه‌ده‌گرت وقه‌ڵه‌مم تاوده‌دایه‌ولاپه‌رِه‌ى سپیم به‌ورِێنه‌وهه‌ندىَ قسه‌ى باق وبریقى بازارِیى،رِه‌شده‌كرده‌وه‌ به‌چه‌ندان جاریش ده‌مدرِاندن ودوباره‌وسێ باره‌ ده‌منووسینه‌وه‌.

.ساڵ هاتن ورِۆیشتن...زۆرچاكم له‌بیره‌ سه‌ره‌ تاى ساڵى(1976) له‌پۆلى شه‌شى ئاماده‌یى بووم...شه‌وێك له‌قه‌لاَدزىَ بابى رِه‌حمه‌تیم كه‌زۆرئه‌ده‌بدۆست وهه‌وادارى شیعربوو،به‌سه‌رژانى له‌دایكبوونى شیعرێكمه‌وه‌ گرتمى وگوتى:

-ئه‌وه‌ چ ده‌نووسى؟

منیش به‌شه‌رم وترسێكى زۆره‌وه‌ پێم گووت:

-شیعر!

ئه‌ویش گووتى: شیعرى چ شاعیرێك؟

دیسانه‌وه‌ زۆربه‌شه‌رمه‌وه‌ گوتم:هى خۆم!!

-دواترگوتى: بۆشیعرانیش ده‌زانى!؟

-گوتم:نا... به‌س.. ده‌نوسم.

له‌بیرمه‌ باوكم( قه‌ده‌رىَ رِاماوبه‌سه‌رسامیه‌وه‌ رِووى تێكردم) وگووتى:

-رِۆڵه‌ زۆرم پێخۆشه‌، به‌لاَم خوێندنت له‌پێشه‌.

دیسانه‌وه‌ باوكم رِووى تێكردمه‌وه‌وگووتى:

-ده‌گه‌روایه‌( ئه‌فه‌ندى) بۆم وه‌خوێنه‌ بزانم چت نووسیوه‌!؟

-منیش له‌ شه‌رمان وله‌ترسان سورهه‌ڵگه‌رِام وهیچ چارم نه‌ما، كه‌ ده‌ بووبۆى وه‌خوێنم بۆیه‌ به‌پچرِپچرِكه‌وتمه‌خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌،شیعره‌كه‌م زۆرساده‌وساكاروهه‌رزه‌ كارانه‌بوو،به‌لاَم بىَ مجامه‌له‌ ( بابم) له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌داسه‌رى رِه‌زامه‌ندى بۆده‌له‌قاندم ..له‌وه‌ى ده‌چووپێى چاك بێت.

.به‌ڵىَ شیعرخوێندرایه‌وه‌ وئه‌وشه‌وه‌ له‌(بابم) سامم شكاوله‌گه‌ڵى كه‌وتمه‌ قسه‌ووتووێژ..بۆبه‌یانیش لاى مامۆستا(غه‌ریب پشده‌ رى) شاعیرومامۆستام ،شكایه‌تى نووسینى شیعرانى لێكردم.ئه‌وه‌من نازانم كه‌شكایه‌تم لىَ كراوه‌!؟ده‌نا نه‌مده‌وێرا به‌وگوزه‌روشوێنه‌شدا برِۆم كه‌ مامۆستامى لێیه‌!

یه‌كدوورِۆژ رِِابرد(بابم) بۆكارێكى ماڵىَ ناردمى بۆ بازارِى ،هه‌رئه‌وه‌نده‌م زانى(یه‌كێك بانگم ده‌كا) كه‌ ئاورِم دایه‌وه‌،بینیم وا مامۆستا (غه‌ریب) له‌( چاخانه‌كه‌ی مام حه‌سه‌نه‌وه‌) به‌ده‌ستتان ئیشاره‌تم بۆده‌كاولێك لێك بانگم دێڵىَ!؟ منیش كه‌به‌ره‌ورِووى چووم ولێى نزیك بوومه‌وه‌ به‌پێكه‌نینێكه‌وه‌ گووتى:

- وه‌ره‌ پێشه‌وه‌...هه‌ی كافر...شیعران ده‌نووسی وپێشم ناڵێى!؟

-كــــــــــوا چـــت نووســـــــیوه‌،.بۆم وه‌خــــوێنه‌!؟

خۆعه‌رز قوتم ناداوعاسمان هه‌ڵمناكێشىَ،له‌جێگاى خۆم سرِبووم وتاسام وله‌ شه‌رمان بوومه‌ قه‌ترێك ئاو!شیعره‌كه‌م پىَ بوو...وه‌لىَ..زاتم نه‌ده‌كرد پیشانى ده‌م و(بۆیه‌ كه‌وتمه‌ داڵغه‌وله‌به‌رخۆمه‌وه‌) ده‌مگووت:

-كىَ ده‌ڵىَ..ئه‌وشیعره‌ رِووى ناومه‌جلیسانى هه‌یه‌...بڵێم پێم نییه‌... باشتره‌؟

به‌لاَم مامۆستا وازى لىَ نه‌هێنام،تاشیعره‌ كه‌ى پىَ له‌باخه‌ڵىَ ده‌رێنام...منیش زۆربه‌ شه‌رمه‌وه‌،شیعره‌كه‌مم دایه‌وله‌به‌رده‌ستانى هه‌لاَتم وله‌دووره‌وه‌ به‌رامبه‌رى رِاوه‌ستام...

بیرمه‌ مامۆستا ده‌ستى كرد به‌خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌(ئه‌وه‌ ده‌شتۆقم) بانگم كاوبڵىَ(ئه‌وه‌ چییه‌ نووسیوته‌،گاڵته‌ به‌ شیعران ده‌كه‌ى!؟) به‌ڵىَ...له‌وبیرو خه‌یاڵه‌یدابووم مامۆستا غه‌ریب سه‌رى هه‌ڵبرِى وگووتى:

-وه‌ره‌ هه‌ى كافر مه‌زه‌ب ئه‌وه‌ شیعره‌و...شیعریشت نووسیوه‌...ده‌ستخۆش وئافه‌رم،به‌رده‌وام به‌.به‌لاَم به‌گوێمكه‌...(زۆربخوێنه‌وه‌و كه‌م بنووسه‌)

منیش له‌ خۆشییاندا شاگه‌شكه‌ بووم وئه‌وه‌نده‌ى نه‌مابوو باڵ بگرم...بۆیه‌ به‌په‌له‌ پرِوزىَ شیعره‌كه‌م ده‌ده‌ستى گرت وبه‌كه‌یفێكى سازه‌ وه‌ به‌ كۆلاَنىَ مه‌كته‌بى(ئاسۆس)دا به‌ره‌وماڵىَ ..تێمته‌قاند.ئیدى خوا وه‌تحه‌سێنىَ ئه‌و شكاته‌ى (بابم له‌ مامۆستا غه‌ریب) بوو به‌ شیفاى تلانه‌وه‌ى شه‌وانى بێداریم وكوشتنى ئه‌وكرمه‌ى شه‌وانه‌ گینگڵى پێده‌دام وهاوكات ده‌ركردنى ترس وره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌وشه‌رمه‌ى له‌ دڵ و ده‌روون وناخمدا چه‌كه‌ره‌ى كردبوو..

ئه‌و مرۆڤه‌ زۆر مه‌زن بوو..بۆ من..له‌و كاته‌وه‌ رۆژىَ بۆ رۆژىَ زیاتر به‌( شیعر)موعه‌رِیفى ده‌كردم وله‌ قوتابخانه‌ى شیعرى جواندا ده‌رسى داده‌دام وبرِوانامه‌ى شیعرى داپێم و..له‌ رێگاى ئه‌ویشه‌وه‌ یه‌ كه‌م به‌رهه‌مى شیعریم ترووسكا یى بلاَوكردنه‌وه‌ى بینى..راستى..منیش له‌وىَ ده‌مێوه‌ زنه‌ وكانیله‌ى شیعرم ته‌قى و(كرِینى كتێب وخوێندنه‌وه‌)بوو به‌ به‌شێك له‌ ژیانم و(شیعر)یش بوو به‌ پارچه‌یه‌ك له‌جگه‌رم!!

بۆیه‌ وه‌ك وه‌فاو دڵسۆزیم بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ میهره‌بان ومه‌زنه‌،پرِ به‌دڵ سوپاسى ده‌كه‌م ورێزو حورمه‌تێكى زۆریشم بۆى هه‌یه‌وله‌ خواش ده‌پارِێمه‌وه‌ده‌ست به‌ بالاَنیه‌وه‌گرىَ وته‌مه‌نى درێژ كــاو..نمونه‌یان زۆربێت!وه‌ك ئه‌مانه‌تێكیش بۆ مێژوو ده‌ڵێم:

هاندان وهاوكارى وپشتگیرى ره‌حمه‌تى(بابم )ومامۆستاى گه‌وره‌م (غه‌ریب پشده‌رى)شاعیرو(ئازادى خوله‌ پاقله‌ى)رِه‌حمه‌تى و دواترناوهێنانم له‌ میهره‌جانى شیعرى كوردى(وه‌ك شاعیرێك) له‌لایه‌ن مامۆستایانى گه‌وره‌و قه‌درگران(محه‌مه‌دى مه‌لا كه‌ریم وكه‌ریم شاره‌زا) وهاوكات ته‌مه‌نى (3) ساڵى عیشق وخۆشـــه‌ویستى (سازه‌) ش،زیـــاتر،.جوانیى وپاكیزه‌یى شیعریان لا جوانتروخۆشه‌ویستتركردم وهاوكات بوونه‌یه‌كه‌م هانده‌رو یارمه‌تیده‌رم بۆخوێندنه‌وه‌ونووسینى زیاتروگه‌شه‌كردنى ئه‌و به‌هره‌یه‌وته‌قینى كانیاوى سرووش و زنه‌ى شیعریم كه‌زۆر له‌ مێژبوو ناخمى ده‌هه‌ژاندوله‌ هزروبیرومێشكمدا په‌نگى خواردبۆوه‌.