ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌كچه‌ شاعیری شار رۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی

 

ئه‌ى وێنه‌كێش من كچێكم تێپه‌رِ

لاى ئێواره‌یه‌كى سۆعبه‌ت چییه‌وه‌ هاتووم،
له‌ بازگه‌ى دڵشكانه‌وه‌ باز ئه‌ده‌م و تێده‌په‌رِم،
ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر چه‌مێكى پایزى كه‌ده‌زانم له‌رۆحا له‌یه‌كترى نزیكین
ئه‌و له‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌ى هاژه‌یدا ده‌گاته‌ خه‌تمبوونى كه‌نار....
من له‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌ى ته‌نیاییمدا ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر ئولفه‌ت بوونى یار...
كه‌ من ده‌گه‌مه‌ قه‌ناعه‌تىتێپه‌رِ بوون
هه‌موو كه‌لوپه‌لى ناو ژووره‌كه‌م نابینا
په‌نجه‌ره‌ موتاڵاى تاریكى و
كه‌نتۆر شه‌و قه‌د ده‌كا و
سیسه‌م باوێشك ئه‌دا..
.نازانن دره‌ختێك هاتۆته‌ ژووره‌كه‌م
پیاسه‌ى باده‌شێلێ و به‌ حیكایه‌ت شه‌و رِه‌نگ ده‌كاّّّّّ!!
تۆ ئه‌ى حیكایه‌ته‌كانى من له‌ زیندانى ناخما زیندان...
تۆ ئه‌ى لوغمى نهێنى له‌ قه‌راغ تینوێتى ته‌قینه‌وه‌
من نیشته‌جێى چیرۆكێكم تێپه‌رِ...
به‌هانه‌یه‌كم نییه‌ بۆ كلۆمدانى شه‌و،
كلیلێك شك نابه‌م بۆ كرانه‌وه‌ى چاوه‌رِوانى...
من ئاشنام به‌ ته‌لیسمبوونى تێپه‌رِ
له‌و په‌رِى قاچاخبوونى ئاسوده‌ییه‌وه‌ هاتووم...
من چاوه‌رِوانیم ده‌هرى بوو،
كه‌ خامۆشیم به‌ست له‌هاواره‌كانم،
كه‌ گه‌شتمه‌حزوورى جه‌ده‌له‌كانى تۆ...
تۆ ئه‌ى وونترین یار
بیستومه‌ له‌پردى خه‌یاڵه‌ ئاوییه‌كانته‌وه‌
ده‌په‌رِێیته‌وه‌ بۆ ده‌فته‌رى وێنه‌ كێشان....
وه‌ره‌ ئه‌م ژووره‌م رِه‌نگكه‌ كه‌ پرِه‌ له‌ وونبوونى خۆم....
ئاگادار به‌ گه‌ر رِه‌نگى خۆڵه‌مێشیت دى،
تۆخى مه‌كه‌ نه‌وه‌ك له‌ ناویا
پێكه‌نین بدرِێ و
هه‌نسكى گریانێك له‌ ده‌ماره‌كانیا له‌ت بێ....
وه‌ره‌ وێنه‌یه‌ك بكێشه‌ ...تیشك قاچ درێژكا بۆ سوراحییه‌ك ئاو
تاڵه‌ موویه‌كى پرچم موتوربه‌ بكه‌،
له‌ گه‌ڵا و رِه‌شه‌با....
چونكه‌ هه‌ندێك جار دره‌خته‌كان
گه‌ڵا ده‌كه‌نه‌شه‌پقه‌یه‌كى شه‌ل و
رِه‌شه‌باش به‌ بۆینباخێكى شێواو....
* * *
من هه‌موو رۆژێك خه‌یاڵێكم لێده‌كه‌وێت...
نازانم ده‌چنه‌ كۆڵانى خۆشبه‌ختى یان خامۆشى
من ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵم له‌ مه‌حه‌به‌تى تۆ
جه‌نجاڵیم پشتى ژان ده‌كاو
ته‌نیاییم تلاوتل....
عیشق ناچێ بۆ ماڵى پرسیار...
تۆ چ پرسیارێك ده‌كه‌ى ئه‌ى وێنه‌كێش؟!
عیشق پێویسته‌ دڵنه‌واى بكه‌یت،
كه‌ دائه‌نیشێ و داڵغه‌ ده‌چنێ،
ئه‌بێت پێى بڵێى زه‌مه‌ن، مه‌رگ
له‌ خوار پێیه‌كانته‌وه‌ نووستوون....
عیشق واته‌ دره‌وشانه‌وه‌....
له‌ دڵۆپێك ئاو
له‌ تنۆكێك رِووناكى
له‌ فه‌نه‌رى فرمێسك و
له‌ چوار رِیانى رِۆح...!!
له‌ هه‌ژاركه‌وتنى هزرمدا كه‌ئیتر
ده‌كه‌ومه‌ سه‌ر ساجى عه‌لى....
منیش ده‌مه‌وێ خه‌ونێ قه‌رز بكه‌م،
ببمه‌ وێنه‌كێَش....
تۆ وه‌فا رِه‌نگ ده‌كه‌ى له‌ بێده‌نگى هاوار،
من مناڵى سێوه‌كان له‌ باخى خه‌یاڵ....
تۆ مانگ ده‌كه‌یته‌ حه‌ره‌س بۆ شه‌وى په‌رده‌،
هه‌تا چڵه‌ گیایه‌ك بچێته‌وه‌ سه‌ر ئۆفى ئۆرگازم....
من گومان و گیانه‌ڵڵاو گریان،
به‌ خه‌م رِه‌نگ ده‌كه‌م،
تا بچنه‌وه‌سه‌ر دڵۆپێك دالى خۆم
* * *
ئه‌ى موحیبه‌ترین مه‌خلوق
مه‌هێڵه‌ئه‌م ته‌نیاییه‌م بچێته‌وه‌ خه‌رابستان...
ئه‌وه‌ چراوگى چراى تۆیه‌
ده‌رِژێته‌ هه‌وا ته‌ڵخه‌كانى من
ئه‌وه‌ عه‌ترى قسه‌كانته‌،
ده‌رِژێته‌ بیره‌وه‌رى ترش و تاڵیم...
من له‌ دڵێكى نابیناوه‌ ده‌گه‌مه‌ سواغدانى مه‌حه‌به‌ت....
مه‌حه‌به‌ت واته‌:موستیله‌ى تیشك له‌ په‌نجه‌ى تاریكى،
گزنگێكى گه‌نجه‌ له‌ گه‌ڵایه‌كى كه‌سیره‌..
سڵاوى په‌روانه‌یه‌كه‌ له‌ چرایه‌كى مه‌لول
گۆرانى گوڵێكه‌ له‌ میلۆدیاى بولبول.
شه‌رابى مه‌ستێكه‌ له‌ فه‌نا بوونى ترێ....
سه‌خاوه‌تى ئێواره‌یه‌كه‌ له‌ نووچدانى شه‌و...!!
ئه‌ى وێنه‌كێش له‌م ته‌نهاییه‌م كه‌م مه‌كه‌ره‌وه‌
با به‌كاولاشى بیره‌وه‌رییه‌كانما رِۆنه‌چم و
نیگه‌رانى كۆبكه‌مه‌وه‌....
من كه‌ باخچه‌یه‌ك ره‌ِنگ ده‌كه‌م،
بۆنى گوڵ چه‌پڵه‌ لێ ئه‌دا...
كه‌ ته‌نهایى رِه‌نگ ده‌كه‌م،
دڵى به‌رد لێم ده‌گا...
كه‌ گه‌ڵا ره‌نگ ده‌كه‌م،
جریوه‌ كراسى ئاسمان ده‌چنێ....
كه‌ قۆپچه‌ى كراسه‌كه‌ى ئاسمانیش رِه‌نگ ده‌كه‌م،
ئاوێزه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ و
مانگ ناچێ بۆ مه‌له‌وانى،
حه‌وسه‌ڵه‌ى رِووبارێك بشڵه‌قێ.....
ئه‌ى وێنه‌كێش كه‌ تۆش رِه‌نگ ده‌كه‌م،
به‌ خه‌یاڵێكى ته‌جرید
چین ،چین به‌خته‌وه‌رى له‌ دڵما نوێژ ده‌كا...
تۆ چیت ئه‌ى وێنه‌كێش له‌ گروپى تێنه‌په‌رِى یان تێپه‌رِ؟ّ!
ته‌ماشا من له‌گروپى تێپه‌رِم بێ باك له‌ رِه‌هابوون....
به‌ ناو دیوارێكدا ده‌رِۆم،
هه‌ر چوار په‌لى زیندان....
به‌ ناو هه‌ورێكدا ده‌رِۆم،
چوار چێوه‌ى له‌ باران....
به‌ ناو حه‌وزێك ئاودا ده‌رِۆم،
ماسییه‌كانى نغرۆى شوشه‌ به‌ند...
به‌ناو شه‌هید بوونى شه‌قامێكدا ده‌رِۆم،
پێیه‌كانى له‌و دیو عه‌ده‌م.....
من له‌ گروپى تێپه‌رِ به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌مه‌ تۆ،
تێنه‌په‌رِ...سه‌رم ده‌به‌ستم به‌ پرسیارێكى قه‌ڵه‌مى و
دڵم به‌ملپێچى با..
من له‌ گروپى تێپه‌رِ ...ئه‌رێ ئه‌م مه‌رگه‌ كه‌ تێپه‌رِ بێ چه‌نى ئه‌وێ بۆ ژیان!!
كه‌ ئاگر رِه‌نگ ده‌كه‌م،دڵم ده‌داته‌وه‌و ده‌لێ:
به‌ كۆكردنه‌وه‌ى پێكه‌نین،
ده‌گه‌ینه‌ گریانى ئاو...
به‌ درێژ كردنى هه‌نگاو،
ده‌گه‌ینه‌ پرچى هه‌تاو..
گه‌ر به‌ رِووبارى ئاسمانیشدا بفرِین،
به‌ به‌چكه‌ ماسییه‌كانى ده‌ڵێین سڵاو...
من له‌ گروپى تێپه‌رِ ئه‌ى وێنه‌كێش
ته‌ماشا باران ...باران كه‌ تێپه‌رِه‌،
به‌دێرِى كراسه‌كه‌مدا ده‌رِواو
ژێركراس و ستیان ژیر ده‌كاته‌وه‌و
پێم ده‌ڵێ:ئه‌رێ تۆى تێپه‌رِ گه‌ر بزانى
به‌ چه‌ند گۆچانى ئه‌م شه‌پۆلانه‌م
ده‌گه‌مه‌وه‌ گه‌روى گوڵ...
به‌ چه‌ند پێستى با،
ده‌چمه‌وه‌ خانه‌واده‌ى ئینجانه‌؟؟
من كچێكم تێپه‌رِ...
پێكه‌نین هه‌ڵده‌كه‌م و
باڵنده‌ دائه‌گیرسێنم و
گۆرانى ده‌كه‌مه‌ به‌ر
به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌مه‌ تۆ تێنه‌په‌رِ...
تۆ به‌ ناوشه‌قامه‌ ته‌رِه‌كانى قه‌سیده‌مدا رِۆشتى و
ته‌رِ نه‌بووى...
به‌ ناو گۆمى چركه‌ چركه‌كانى دڵمدا رِۆشتى و
شێدار نه‌بووى....
به‌ ناوهه‌ڵمبوونى هه‌ستما رۆشتى و
له‌ خێڵى هه‌ور نه‌بووى...
ئه‌م ته‌رازووه‌ لاسه‌نگ ده‌بێ
من كچێكم تێپه‌رِ....
ئاخر كه‌ دڵى شه‌و پرِ ده‌بێ له‌ زوڵمه‌ت و
تاریكى تۆخ ده‌بێ به‌ كوێر بوون...
رِووناكى چ خه‌وێك ده‌بینێ؟!
كه‌ شه‌مه‌نه‌فه‌رێك له‌ وێستگه‌ ده‌رئه‌چێ،
رِێگا هه‌ر قسه‌یه‌ك بكا
چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێ؟!
ئه‌ى وێنه‌كێش من كچێكم تێپه‌رِ...
كه‌ ده‌گه‌مه‌ ئاستانه‌ى تۆ و هه‌ر وێنه‌یه‌ك،
بكێشم له‌ تۆ ده‌كاو
له‌ تۆ زیاتر تێنه‌په‌رِ...!!



سلێمانى 14/1/2010


 

ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌كچه‌ شاعیری شار رۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی

rozj