ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌كچه‌ شاعیری شار رۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی

 

بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی چاوه‌رِوانی ..!!
-1-
كه‌چاوه‌رِوانی لای ئێواره‌ك دائه‌نیشێنێ ،
پاسارییه‌ك ده‌هێنمه‌وه‌ بیره‌وه‌ری،
تۆپه‌ڵێك ته‌ماشا،
به‌سكون دائه‌گیرسێنێ
له‌كتێبی جریوه‌دا..
قه‌فه‌سیش چاوه‌رِوانه‌ فرِین
سواغ بدا له‌دیواری..!!
-2-
 دواى بێده‌نگبوونى چراكه‌م،
تاریكی چاوه‌رِوانه‌،
پشتی رووناكی بشێلێ و خامۆشی بدا به‌سه‌ریا،
هه‌تا گه‌رووی ژووره‌كه‌م،
پرِبكا له‌پرخه‌ی شه‌و..!!
-3-
كه‌چاوی ئومێد پوچگه‌را،
نائومێدی چاوه‌رِوانه‌
قاچ راكێشێ و چرپاكه‌م،
هه‌ڵواسێ به‌بێدارییا..!
-4-
ئه‌وكاته‌ی به‌سێبه‌ری یاده‌وه‌رییه‌كا،
پیاسه‌ ده‌كه‌م
روحم چاوه‌رِوانه‌
ئینجانه‌ له‌قه‌دیا برِوێ..!
-5-
كه‌شه‌پۆلی گیا به‌هار ونده‌كا،
چاوه‌رِوانه‌ باخه‌وانێك
له‌ره‌یه‌ك رووناكی و
قومێك شنه‌ با،
بخاته‌ گیرفانی..!!
-6-
كه‌دارتویه‌ك ماسولكه‌كانی،
پرِده‌كا له‌خه‌یاڵ
چاوه‌رِوانه‌،
چه‌پكێك بولبول
له‌ئه‌ندێشه‌یدا نغرۆكا..
-7-
كه‌ده‌چمه‌ خه‌ڵوه‌ت و
خه‌و ده‌پلیشێنمه‌وه‌
ده‌سته‌كانم چاوه‌رِوانه‌
قیژه‌ی كاتژمێره‌كه‌م،
بخاته‌ پێڵاوه‌كانی كۆڵان..!!
-8-
عیشق له‌زه‌تی تیشك،
ئاوه‌ڵاده‌كا له‌دڵما
ئه‌مه‌یان یانی ئازادیی..
وه‌لێ ده‌بێ چاوه‌رِوانبم،
سێبه‌ره‌كه‌ی تاڵیم پێ بنۆشێ،
ئه‌مه‌یان یانی دیلی..!!!
-9-
كه‌ئه‌وین له‌جانتاكه‌ی باراندا،
ونده‌بێ..
هه‌نگ چاوه‌رِوانه‌ خه‌تمی فاتیحه‌،
ببه‌ستێ له‌یه‌خه‌ی گوڵێك
ره‌شه‌با چاوه‌رِوانه‌ به‌سڵاوێكی كه‌سك،
زاخاوی دره‌خت بدا
ئاو چاوه‌رِوانه‌ كراسێكی ره‌نگاوبانگ،
بكاته‌ به‌ری باخچه‌
باڵنده‌ چاوه‌رِوانه‌ گه‌ڵای دره‌خت بكاته‌ چه‌تری..!
-10-
عیشق شه‌رابێكه‌ ده‌بێ
هه‌موومان بینۆشین
ئه‌مه‌ حیكمه‌تێكه‌ خوا ناردی
شه‌و چاوه‌رِوانه‌ پشتوێنی رۆژ،
بپێچێ له‌كه‌مه‌ری
ئێواره‌ به‌تاڵی خه‌یاڵه‌وه‌،
به‌نیازه‌ ده‌سكێشه‌كانی مانگ،
بكاته‌ سه‌رپۆشی سه‌ری!
-11-
گاڵته‌ به‌مێروو مه‌كه‌ن بچووكه‌
ئه‌وان چاوه‌رِوانن،
مردن هه‌ڵبكاو
ئێمه‌ بخۆن،
كه‌چی جێی تێرِامانی ئێمه‌ نین..!!
-12-
ژیان سه‌راپا سه‌فه‌ره‌
هه‌رچی گومان و ترس و دڵه‌راوكێیه‌،
هه‌ڵده‌چنم به‌ملپێچی ده‌رگاكه‌مدا،
به‌مردن ده‌ڵێم چاوه‌رِێمبه‌ تا دێمه‌وه‌
ژیان له‌تۆدا نیشته‌جێیه‌..!!
-13-
ئاوێنه‌و په‌نجه‌ره‌ هه‌ردووكیان،
ته‌لیسمی بینینن
په‌نجه‌ره‌ باخێكه‌ سه‌خاوه‌ت
هه‌موو میوه‌یه‌ك له‌ناویا روون و رۆشن..
كه‌چی ئاوێنه‌ چاوه‌رِوانه‌،
هه‌ر دروێنه‌ی باخی خۆی بكا..!
-14-
منداڵی له‌ودیو حه‌قیقه‌ته‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ
ژیان چه‌ند گه‌وره‌یه‌
تاوێك خانوویه‌ك دروستده‌كاو
تاوێك ده‌یرِوخێنێ
به‌ڵام گه‌وره‌یی چاوه‌رِوانه‌،
به‌زه‌مه‌نه‌وه‌ ئاشوفته‌ بێ
ژیان چه‌ند بچووكه‌،
كه‌ده‌رووخێ..!!
-15-
ئێمه‌ ناتوانین رێ له‌سپێده‌ بگرین
بۆ هه‌ڵدێ؟!
ئه‌مه‌ شتێكه‌ له‌بوونی خوا..
كه‌چاوه‌رِوانیش ده‌بین،
خۆرئاوا بێ..
تینوو ده‌بین به‌رۆحی رۆمانسی
ئه‌مه‌ رازێكه‌ له‌بوونی خوا!!
 

ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌كچه‌ شاعیری شار رۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی

rozj