|
( مرۆڤ .. كائینێكی هەمیشە تینوو
)

{ پەندێكی كوردەواری هەیە و ئەڵێ : نەفس گەر بیگری پڕ بە
مشتێكە و بەریدەی دەشتێكە }
بێستون
حەسەن
وەك چۆن ژیان هەمیشە لە هەڵكشان و داكشاندایە لە ڕووەكانی
ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە ، هەربەو جۆرەش ئاستی ماددی و
مەعنەویش هاتووەتە نێو هاوكێشەكەوە .
ببینە كاتێ مرۆڤایەتی لە دۆخێكی چەق بەستووی وەستاودا بوو
چەندە سانا بوون هەموو ئەو خواست و ئارەزووانەی تاك هەیبوو
لەسەر شمەك و پێداویستییەكانی ژیان ، ڕەنگە نیان دەرتاڵەكان
زیندوو ترین نموونە بن كە چۆن دەگوزەران ، بەڵام كات تێئەپەڕێ
و عەقڵ وەك كایەیەكی جوڵاو دەبێتە داینەمۆی گۆڕانكارییەكانی
بوون و هەر ئەمیشە كار لە گۆڕینی شێوەی مامەڵە كردن بە ژیانەوە
ئەكات لە گوزەرانێكەوە بۆ گوزەرانێكی باشتر و جیاوازتر .
گەر لەدوێنێمانا حەزەكانی مرۆڤ لە پەنجەكانی دەستمان تێ
نەدەپەڕین ئەوا ئەمڕۆ خواست و حەز و ئارەزووەكان نەك بە هێندەی
فراوان بوون بگرە زۆرجار سنووریشیان بەزاندووە و بەجۆرێ تای
تەرازووش نایكێشێ ..
وەك چۆن تەكنەلۆژیا هەمیشە كاریگەری زۆرباشیی داناوە لەسەر
ڕەوتی گۆڕانكارییەكان هەربەو جۆرەش مرۆڤی تەمبەڵ و سستی
هێناوەتە بوون ، ئەمە توانج نیە لەسەر پێشكەوتنی ئاستی تاك و
گۆڕانكارییەكانی سروشت وەك ئەوەی ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە و
ئەكرێ لەسەری بوەستین .
تا دێ حەز بە گۆڕان ئەكەین لە هەموو ڕوویەكەوە ، وەك گۆڕان لە
ماڵ و شمەكەكانی ناو ماڵ و گۆڕان لە جل و بەرگ و
پێداویستیەكانی ڕۆژانە و تا دەگاتە هەبوونی ئۆتۆمبیل و كۆمەڵە
شتانێكی تر كە لەڕاستیدا بوون و نەبوونیان وەك یەكە بەڵام
تینوێتی مرۆڤ و خواست لەسەری بووەتە حاڵەتێك كە دەكرێ لەمڕۆدا
قسەی لەسەربكرێ ، ئەگەر نا سنوورێك نییە بۆ ڕاگرتنی حەزی
مرۆڤەكان لەسەر گۆڕانكارییەكانی ژیانی .
كەواتە بەرلەوەی ئەم گۆڕانە بە نەگەتیڤ بشكێتەوە بەسەرماندا و
حەز نەبێتە كایەیەكی كارا و عەقڵ وەلاوە بنێ،دەكرێ خۆمان بەو
پێیەی ژیان لەبەرچاوماندایەو خۆشمان تاكێكین لەو ژیانە ، دەست
بردنمان بۆ هەموو شتێ سنوور نەبەزێنێ و ئەوەندە بەگوێی
عەقڵیشمان بكەین كە گیرفانمان ڕێی پێ بدا، نەك حەز بكەینە خاڵی
جەوهەری ژیانمان ، دەنا بەجۆری جێدەمێنێین پەشیمانیش دادمان
نەدا .
|