|
|
|
هه‌یاسه له ئیماره‌تی ئیسلامی چباسه؟
لیستی شته قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان:بزن،تایه‌ی سپێر،جگه‌ره،ته‌ماته،خه‌یار،سه‌هۆڵ،سه‌موون وزۆر شتی دیکه. گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی چه‌ند گرووپێکی ته‌رۆسیستی که له ناوچه سوونه نشینه‌کاندا چالاکن و تاڕاده‌یه‌کیش به ئاشکراله‌وده‌ڤه‌رانه‌دا کار ده‌که‌ن ،ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئیماره‌تی ئیسلامیان له‌و ناوچانه ڕاگه‌یاند،به‌یانی ڕاگه‌یاندنه‌که له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌سه‌رانی ئه‌نجومه‌نی شورای مجاهدینه‌وه خوێنرایه‌وه.ئه‌نجومه‌نی شورای مجاهدین له کۆمه‌ڵێک ڕێکخراوی ته‌رۆریستی، سه‌له‌فی،ته‌فکیری و وه‌هابی پێکهاتووه ، ڕێکخراوی ته‌رۆریستی قاعیده سه‌رۆکایه‌تی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌کات. نێوی ئیماره‌ته‌که‌شیان {ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلام}یه. هه‌ردوای ڕاگه‌یاندنه‌که له هه‌ندێک شاروشارۆچکه‌ی سوونی نشیندا چه‌ند چالاکیه‌کیان ئه‌نجامدا وه‌ک مارشی سه‌ربازی به‌شه‌قامه‌کاندا ، خۆپیشاندان ، لافیته هه‌ڵواسین ،وتار‌و قورئان خوێندن له بڵنگۆری مزگه‌وته‌کانه‌وه. ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه‌یه له‌نێو گروپه ئیرهانیه‌کاندا ته‌نها به‌عسیه‌کان له‌گه‌ڵدا نین و به‌یانێکیشیان له ذژی ئه‌و ئیماره‌ته ئیسلامیه بڵاوکرده‌وه که‌له‌به‌شێکیدا ده‌ڵێت{ئه‌مه ته‌واوکه‌ری ئه‌و هه‌وڵیه که کورده‌کان له‌باکوور و شیعه‌کان له باشوور ده‌یده‌ن بۆ سیسته‌مێکی فیدراڵی،ئه‌مه پلانێکی زایۆنزمه که کورده زایۆنزمه‌کانی باکوور و شیعه‌کانی باشوور وسوونه‌کانی ناوڕاست جێبه‌جێی ده‌که‌ن}. ئاشکرایه ئیماره‌تی ئیسلامی یانی به‌جێگه‌یاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی به‌شێوه تووندووتیژیه‌که‌ی، له چه‌شنی ئیماره‌ته‌که‌ی تالیبان. ئه‌مانه‌ی عێراق هاتوون کۆپیه‌کی ئیماراته‌که‌ی تالیبانیان کردووه، ،دیاره کۆپی هه‌رگیز وه‌ک ئۆرگیناڵ ده‌رناچێت بۆیه ئه‌مان کۆپیه‌کی خراپی ئه‌زموونه فاشیله‌که‌ی تالیبانیان کردووه به‌جۆرێک که تالیبانه‌کان له چاویاندا پێشکه‌وتن خوازن. یه‌کێک له خاڵه هه‌ره‌گرنگه‌کانی سیاسه‌تی ئه‌م ئیرهابیانه ته‌کفیرکردنی هه‌رکه‌س وگروپ ولایه‌نێکه که له ئاین و مه‌زهه‌بدا موخالفیانن. له‌م ڕوانگه‌وه شیعه‌کان به ڕافز داده‌نێن،به‌وه‌ی که‌گوایه ڕه‌فزی خه‌لافه‌تی ئه‌بو به‌کرو عومه‌رو عوسمان ده‌که‌ن و عه‌لی کوری ئه‌بی تالیب به گونجاوتروشیاوتر داده‌نێن بۆخه‌لافه‌ت. جابۆیه کوشتنی شیعه ئه‌رک و پێویسته،هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه هه‌ر سونیه‌ک که هاوسه‌ره‌که‌ی شیعه‌یه ده‌بێت لێی جیابێته‌وه یا ده‌بێ بێته سه‌ر مه‌زهه‌بی مێرده‌که‌ی.به‌ڵام گه‌ر ئافره‌تێکی سونی مێردی به پیاوێکی شیعی کردبێت ئه‌وا به کوشتنی پێاوه‌که كێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.هه‌ربۆیه‌ش زۆرێک له‌و خێزانانه‌ی که هاوسه‌ریه‌تی تێکه‌ڵ له هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌که‌ن بۆ پاراستنی ژیانیان ئه‌و ناوچانه‌یان جێهێشتووه. له‌به‌رامبه‌ردا شیعه‌کانیش بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه گه‌لێک خێزانی سوونه‌یان ناچارکردووه که ناوچه شیعه نشینه‌کان جێبهێڵن . بابێینه سه‌ر بڕیاره سه‌یروسه‌مه‌ره‌کان که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م ئیماره‌ته ساوایه ده‌ریانکردووه بۆ ڕێکخستنی کارووباری ڕۆژانه‌ی ئیماره‌ته‌که‌یان ، که به‌ڕاستی مایه‌ی شه‌رمه‌زارین بۆ مرۆڤایه‌تی هاوکات مایه‌ی پێکه‌نیننیشن. یه‌که‌م بڕیاریان به‌سه‌ر شوانه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا جێبه‌جێ کردووه ،ئه‌و شوانانه جگه له مه‌ڕ هه‌ندێکیان بزنیش به‌خێو ده‌که‌ن،یه‌کێک له سه‌رانی ئه‌م ئیماراته بۆی ده‌رکه‌وت که بزن به‌خێو کردن دژ به‌ڕێبازی ئیسلامه بۆیه به‌خێرایی فه‌توای قه‌ده‌غه‌کردنی به‌خێوکردنیان دا،پێده‌چێت خوێنه‌ر ئه‌م بڕیاره والێک بداته‌وه که گوایه له‌دژی کورد ئه‌مه‌یان کردبێت ، به‌وه‌ی بزن سومبڵێکی کورده‌و پتر کورد به‌خێوی ده‌کات .خوزگه وابوایه به‌ڵام وانیه له‌وه مه‌هزه‌له‌تره،فه‌رمانی ته‌رۆرکردنی هه‌رچی بزنه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م ئاژه‌ڵه به‌سته‌زمانه بووه‌ته مایه‌ی شه‌رمه‌زاری و عه‌یبه بۆیان، چونکه[ هینه‌که‌ی] به‌ده‌ره‌وه‌یه.بۆچاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ش دوو پێشنیاریان خستووه‌ته به‌رده‌م خاوه‌ن بزنه‌کان ،یا ده‌بێ سه‌ریانبڕن یاخود ده‌بێ به پارچه په‌ڕۆیه‌ک عه‌وره‌یان داپۆشن. به‌ڕای من وه‌ک چۆن خێزانه شیعه‌و تێکه‌ڵه مه‌زهه‌به‌کانیان ناچار کرد که ئه‌و ده‌ڤه‌رانه جێبهێڵن، ده‌بوو وه‌ک سزادانێک هه‌رواش بزنه‌کانێشیان ڕابگوازتا‌یه‌ته‌وه بۆ کوردستان. ئه‌م سزایه‌شیان له‌وه‌وه هاتوه ده‌ڵێن کاتی خۆی ئه‌سحابه‌یه‌ک له‌ناو مێگه‌لێکی بزندا خۆی حه‌شارداوه به‌ڵام بزنه‌کان هێنده باعانوویانه ئه‌سحابه‌که ئاشکرا بووه ،خواش له تۆڵه‌دا عه‌وره‌ی ده‌رخستوون. شتێکی دیکه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو جگه‌ره‌کێشانه،هه‌رکه‌سێک به جگه‌ره کێشانه‌وه ببینن ئه‌و دووپه‌نجه‌ی که جگه‌ره‌که‌ی پێگرتووه دیبڕن،پاساویان بۆئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که نه‌په‌یامبه‌رو نه ئه‌سحابه‌کان جگه‌ره‌یان کێشاوه‌و نه بینیویشیانه. وه‌یل بۆئه‌وکه‌سه‌ی گوێڕادێری مووزیک ده‌بێت، یه‌کسه‌ر به‌بی سێ‌ودوو هه‌ردوو گوێی ده‌بڕن،هه‌ر بۆ تاقیکردنه‌وه‌ش گوێی خزمێکی {حارث الضاري سه‌رۆکی هه‌یئه‌ی عوله‌مای موسلیمین}یان بڕی پاش ئه‌وه‌ی ئاشکرابوو گوێی له مووزیک گرتووه. له‌وده‌مه‌وه ئه‌م ئیماره‌ته ڕاگه‌یه‌نراوه سه‌رجه‌م سه‌رتاشه‌کان بێکارکه‌وتوون ودوکانه‌کانیان داخستووه، چونکه سه‌رتاشینیش دژ به شه‌ریعه‌یه‌و له‌سه‌رده‌می په‌یامبه‌رو ئه‌سحابه‌کاندا پیشه‌ی سه‌رتاشی نه‌بووه،جابۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش دوو ڕێگه‌یان به ڕه‌عیه‌کانیان داوه،یا قژیان درێژ که‌ن وه‌ک سه‌رده‌می سه‌حابه‌و تابعه‌کانیان یا به گوێزان ته‌واو بیتاشن واته سفری که‌ن.لێ له فه‌رمایشه‌که‌یاندا باسی ئه‌وه‌یان نه‌کردووه گه‌ر که‌سێک نه‌توانێت سه‌ری خۆی سفرکات کێ بۆی بکات. له‌زۆربه‌ی ڕێگاوبانه‌کاندا سه‌ربازانی ئه‌م ئیماره‌ته خاڵی پشکنینیان داناوه،مه‌به‌ستیش له‌م خاڵانه گه‌ڕان به دووی نه‌یارانیاندا نیه ، به‌ڵکو بۆڕاوکردنی شتێکی زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه ، ئه‌ویش تایه‌ی سپێره واته[ یه‌ده‌ک].هه‌رشۆفێرێک له‌و تایانه‌ی له سه‌یاره‌که‌یدا هه‌ڵگرتبێت جگه له زه‌وت کردنی تایه‌که بڕێک تێهه‌ڵدانیش ده‌خوات.به‌ڵام با بزانین تایه‌ی سپێرو ئیسلام یا ئیماره‌تی ئیسلام کوردواته‌نی کووجا مه‌رحه‌با،هه‌رپه‌له نه‌که‌ن ودان به‌خۆتانابگرن ئه‌وه‌ش ده‌زانن به‌کوردی وبه‌کورتی ئه‌و عه‌بقه‌ریانه گه‌شتوونه‌ته ئه‌نجامێک که‌ده‌ڵێت مادامه‌کی ئێمه‌ی موسوڵمان له کاره‌کانماندا پشت به‌خواده‌به‌ستین ئیدی پێویستمان به‌سپێرنابێت، یانی خوا ڕێگه‌نادات تایه‌کانمان په‌نچه‌ر بیت ،که‌واته هه‌ر سا‌یه‌قێک ده‌مێک سه‌یاره‌که‌ی ده‌خاته‌کار بڵێت خوایه به‌پشتی تۆ ،ئیتر هه‌رگیز تایه‌ی نه‌په‌نچه‌ر ده‌بێت و نه ئه‌شته‌قێت، خوایه‌کرد به‌سه‌ر کێڵگه‌ی بزماردا پێی ده‌چوو بۆ شاخی هیمالایه. ئه‌وجا بابێنه‌سه‌ر باسی ته‌ماته‌وخه‌یار که له لیستی شته یاساغکراوه‌کانن،`قووڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی له ته‌ماته‌و خه‌یاره‌و له‌ده‌ڤه‌رکه‌ی بنده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا ده‌ژی،یائه‌وه‌ته ده‌بی مجازه‌فه‌بکات له باژێڕه‌کانی دیکه بیکڕێت و وه‌ک چۆن حه‌شێش ده‌شاررێته‌وه وا بیشارێته‌وه تا دیگه‌یه‌نێته ماڵه‌وه و له‌وێش به دزیه‌وه بیخۆن نه‌وه‌ک چاوێکی حه‌سوود به ئاگابێت ،یاخوود له‌بیری خۆیانی به‌رنه‌وه وجارووبار بڵێن دووشت هه‌بون ناویان ته‌ماته‌و خه‌یار بوو.هۆکاری قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌م دوو سه‌وزه سوودمه‌نده ئه‌ویه که‌به‌بڕوای ئه‌وان له ئه‌ندامی زاووزێی نێرومێ ده‌چن. له‌وماوه‌ی پێشودا چه‌ندین سه‌مونخانه ته‌قێنرانه‌وه ،هه‌رجاره‌ش کۆمه‌ڵێک نانه‌واو سه‌موونکڕ ده‌بوونه قوربانی،ئه‌ز وای بۆده‌چووم که خاوه‌ن سه‌موونخانه‌کان شیعه‌بن و له‌سه‌ربنه‌مای شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ده‌یانکوژن،لێ ده‌رکه‌وت هۆکار ئه‌وه نیه به‌ڵکو ئه‌وه‌بوو که پێشتر ئاگاداریان کردوونه‌ته‌وه چیتر سه‌موون درووست نه‌که‌ن و بچن کارێکی دیکه بکه‌ن،جا دیاره ئه‌وانه‌ی ته‌قێنراونه‌ته‌وه یاخود ئه‌و خاوه‌نان سه‌موونخانانه‌ی ته‌رۆر کراون له‌وانه‌ن که سه‌رپێچی فه‌تواکه‌یان کردووه.ئه‌وجا بابزانین گوناهی سه‌موون چیه و بۆچی درووستکردن و خواردنی حه‌رام کراوه.به پێی لێکدانه‌وه‌و سه‌یرکردن و تێفکرینیان سه‌موون {مه‌به‌ست درێژه‌کانه نه‌ک سه‌موونی خڕ} شێوه‌ی له خاچ ده‌چێت واته به‌عه‌ره‌بیه‌که‌ی صلیب. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاچیش سوومبوڵی نه‌صرانیه کافره‌کانه بۆیه قه‌ده‌غه‌یان کردووه. به‌ڕاستی هه‌رچه‌ند بێرم لێکرده‌وه بۆم ده‌رنه‌که‌وت که چۆن له خاچده‌چێت.ته‌نها مه‌گه‌ر عه‌قڵی بۆگه‌ن و نه‌خۆشی ئه‌و دڕندانه بۆ شتی وا بچێت و ئه‌وه‌یان به‌خه‌یاڵدابێت. له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ئه‌م ئیماره‌ته‌ی تێدا ڕاگه‌یانراوه له هاویندا پله‌ی گه‌رما ده‌گاته سه‌رووی په‌نجا چونکه زۆربه‌ی ده‌ڤه‌ره‌که بیابانه،نه‌ک هه‌ر هاوین به‌ڵکه له زستانیشدا ئاوی خواردنه‌وه هێنده گه‌رمه‌پێویستی به ساردکردنه‌وه هه‌یه واته به سه‌هۆڵ. بۆ نه‌گبه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه سه‌هۆڵیش به‌ر غه‌زه‌بی ئه‌وان که‌وتووه، ده‌ڵێن مادام له سه‌رده‌می په‌یامبه‌رو سه‌حابه‌کاندا سه‌هۆڵ نه‌بووه‌و ئاوی گه‌رمیان خواردووه‌ته‌وه و ته‌حه‌مولی ئه‌و گه‌رمایه‌یان کردوووه، بۆیه ده‌بێت ئێوه‌ش وه‌ک ئه‌وان به ته‌حه‌مول بن و سه‌هۆڵ به‌کار مه‌هێنن. خۆشه‌ویستی نێوان دوو ئه‌ویندار سزاکه‌ی به‌ردبارانکردنی هه‌ردووکیانه تامه‌رگ. هه‌رچی خوێندندنگاکانی کچانه به‌خێرایی ده‌بێت دابخرێن،له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندنی ئافره‌ت داهێنانێکی کافرانه ،جێگه‌ی ئافره‌ت ماڵه‌و ئه‌رکی به‌خێوکردنی منداڵ و خزمه‌ت وتاعه‌تی مێرده‌که‌یه‌تی.بویشیان نیه ماڵ به‌جێبهێڵن گه‌ر به ڕه‌زامه‌ندی مێرده‌که‌ی نه‌بیت،ئه‌ویش ته‌نها بۆ سه‌ردانی خزمان و کات وڕۆژه‌که‌ش مێرده‌که‌ی بۆی دیاری ده‌کات،له‌چوونه‌ده‌ره‌وه‌شدا گه‌ره‌که هه‌مووجه‌سته‌ی به‌ته‌واوی وه‌ک سندووقی ڕه‌ش داپۆشێت. سه‌رانی ئیماره‌ته‌که ڕه‌عیه‌که‌ی خۆیان ئاگادارکردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی گه‌ر هاتوو هه‌ستتان کرد یا گومانتان له که‌سێک کرد که کافره یا مورته‌دده گه‌ره‌که به‌بخێرایی بیکوژن،جاگه‌ر هاتوو بێگوناه بوو ئه‌وه چاکه‌مان به‌رامبه‌ری کردووه، به‌وه‌ی په‌له‌مانکردووه له نار‌دنی بۆ به‌هه‌شت،خۆگه‌ر کافرومورته‌دبوو ئه‌وه په‌له‌مانکردووه له‌ناردنی بۆ دۆزه‌خ که ئه‌مه‌ش به‌خێر بۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه.پڕاوپڕ ئه‌مه بۆچوونه‌کانی گۆڕبه‌گۆڕ ،جه‌لادی باژێڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌ڵخاڵیه که‌له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌کانی هه‌شتاکاندا سه‌ده‌ها ڕۆڵه‌ی کوردی بێتاوانی گووله‌بارانکرد،ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردبوون،ئه‌ویش له ده‌می گوله‌بارانکردنی گه‌نجه‌کانداهه‌مان قسه‌ی کردبوو. که‌سێک له‌وانه‌ی له به‌هه‌شتی ئیماره‌ته‌که هه‌ڵاتبوو به گاڵته‌جاڕیه‌وه ووتبووی ،هه‌مووشت له ئێمه قه‌ده‌غه‌ده‌که‌ن به‌بیانووی ئه‌وه‌ی کافر درووستی کردوون ، یا له‌سه‌رده‌می په‌یامبه‌رو سه‌حابه‌کاندا نه‌بووه ،لی خۆیان نوێترین مۆدێلی سه‌یاره‌و و باشترین چه‌ک به‌کار ده‌هێنن و یه‌کی دووسێ مۆبایلیش له‌گیرفانیاندایه که هه‌مووی سه‌نعه‌تی کافرانه،گه‌ر هێنده به‌ته‌نگ سه‌حابه‌وه‌ن و ڕێزیان لێده‌گرن بۆ خۆشیان به ئه‌سپ یا هوشتر هاتووچۆناکه‌ن و له‌بری چه‌کیش بۆ شمشێر به‌کار ناهێنن.یاخود بۆ به‌دۆلار مامه‌ڵه‌ده‌که‌ن خۆ به‌ڵای ئه‌وانه‌وه دۆلار له وڵاتی مه‌زنترین کافر درووست ده‌کرێت. پێده‌چێت ئه‌وکه‌سه ئه‌وپه‌نده‌ی نه‌بیستبێت که ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی بۆمن ده‌ستده‌دات بۆتۆ ده‌ست نادات،یائه‌وه‌ی بۆتۆ حه‌رامه بۆمن حه‌ڵاله. مه‌سه‌له‌ی حه‌رام و حه‌ڵاڵ ویاساکانی قه‌ده‌غه‌کردن و به‌ندوکۆتکردنی ئینسانه‌کان وسوکایه‌تی کردن پێیان ته‌نها په‌یوه‌ست نیه به‌م سه‌له‌فیه ته‌کفیریانه‌وه،هه‌روه‌ها پێوستی به ڕاگه‌یاندنی ئیماره‌تی ئیسلامیش نیه ،به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندی به توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌فکیری ئه‌و حیزب و گروپه ئیسلامیه‌کانه‌وه هه‌یه که ئه‌مڕۆ له عێراقدا هه‌ن. به‌تایبه‌تیش حیزب و گروپه شیعه‌کان. ده‌بینین هه‌ریه‌ک له‌مانه له سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا چه‌ندین یاسا‌و ڕێسای هێناوه‌ته‌ئاراوه و حوکمی پێده‌کات و خۆی کردووه‌ته ئه‌ڵته‌رناتیف بۆ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی و هیچ حسابێک بۆ یاساکانی مه‌رکه‌ز ناکات.ئه‌وه‌تا ڕه‌وتی سه‌در له باژێڕی سه‌وره که ناویان ناوه سه‌در حوکمه‌تێکیان بۆخۆیان پێکهێناوه و به یاسای تایبه‌تی خۆیان کارده‌که‌ن،بۆنمونه باج کۆده‌که‌نه‌وه ،خه‌ڵک له‌سه‌رکار ده‌رده‌که‌ن که‌ڵک داده‌مه‌زرینن، وه زۆر شتیشیان قه‌ده‌غه‌کردووه، بۆ نمونه‌ئافره‌ت بۆی نیه هاتووچۆبکات باگه‌ر موحه‌جه‌به‌ش بێت، مه‌یخواردنه‌وه‌و گوێگرتن له موسیقا یاری تاوڵه‌و دۆمینه و کۆمه‌ڵێک شتی دیکه یاساغه و هه‌رکه‌سیش سه‌رپێچی بکات له دادگای تایبه‌تی سه‌ر به سوپای مه‌هدی سزاده‌درێت. نازانم مرۆڤ ده‌بی چ ئومێدێکی به ئاینده‌ی ئێراقێکی دیموکراتی هه‌بیت که‌له سایه‌یدا نرخ و به‌ها بۆ مرۆڤ دابنرێت و چیتر به‌ناوی ئاینه‌وه سوکایه‌تی پێنه‌کرێت. له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌ش له‌هاتنه‌دی ئه‌و ئومێده بۆ ماوه‌یه‌کی زۆریش موعجیزه‌یه.
سه‌رچاوه /ماڵپه‌ڕی ئیلاف 18/10/2006 halabja@ofir.dk
|
|
|
|
|