|
|
![]() |
|
په‌یامێکی ناخۆش بۆ جه‌نه‌راڵه‌کانی سوپای تورک
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی بێگومانم ئه‌وده‌مه‌ی دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌ته فاشیه‌که‌تان که‌مال ئه‌تاتورک و هاوحوکمه‌کانی به‌ر له پتر 70 ساڵ جاری دڵخۆشکه‌رانه‌یان به میلله‌ته‌که‌تان دا که مرۆڤه یاخیبووه شاخه‌ویه‌کان بۆ هه‌تا هه‌تایه ته‌مێ کران و ئاقڵکران. ئه‌وده‌مه‌ی ئه‌و ئه‌تاتورکیه ڕه‌گه‌زپه‌رستانه زۆر به له‌خۆبایبوون و دڵنیایه‌وه ڕایانگه‌یاند که له‌تورکیادا ته‌نها تورک خاوه‌ن بوون و ده‌سه‌لات و هه‌قه،ئاله‌وکاته‌وه تا ئێستا هه‌ر سه‌رهه‌ڵدانێکی کوردی چ چه‌کداری چ سیاسی ڕوویدابیت هه‌مان سیناریو هه‌مان قسه‌ی پڕوپووچتان دووباره کردوه‌ته‌وه. ده‌مێکیش پارتی کریکارانی کوردستان وه‌ک هێزیکی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر به بیروباوه‌ڕێکی تۆکمه‌ی کوردایه‌تیه‌وه هاته نیو گۆره‌پانی خه‌باته‌وه، هه‌رچی هێزو توانی سه‌ربازیتان هه‌یه بۆ سه‌رکووتردن و کپکردنی ده‌نگی دلێری ئه‌و شۆڕشگێڕانه به‌کارتان هێنا ،له‌ئاکمدا ئێوه شکستخواردو مایه پو‌چ و ئه‌وانیش سه‌ربڵندو به‌هێزتر.
تائێستا پتر له 25 جار سوپا ترسنۆک و برسیه‌که‌تان سنووریان به‌زاندوه‌و هه‌ر جارێکیش گه‌راونه‌ته‌وه پڕوپاگه‌نده‌ی سه‌رکه‌وتنی سوپاکه‌تان و پاکتاوکردنی په‌که‌که‌شتان ڕاگه‌یاندووه.
جه‌نه‌راڵه‌کان ئێوه زۆر هه‌ڵه‌ن بیر له شکستی ئه‌و گه‌ریلایانه بکه‌نه‌وه ئه‌وانه ده‌نگی دلێری گه‌لێکی زۆرلێکراون ،ئه‌وانه که‌رامه‌تی میلله‌تن،ئه‌وانه چاوی میلله‌تێکیان کره‌وه که شوناسی خۆی ونکردبوو ،ئه‌وانه کوردایه‌تیان گه‌یانده لوتکه، ئه‌وانه قوتابخانه‌ی کوردایه‌تیان گه‌یانده دوورترین کویره‌گوندی باکوور ، ئه‌وانه زاڕۆکه پێپه‌تی و ڕووت‌و ڕه‌جال و برسیه‌کانی ئامه‌دو باژێڕه‌کانی باکوریان فێرکرد که چۆن به‌ردبهاونه جه‌ندرمه‌و مده‌ره‌عه‌کانیان،ئه‌وانه وانه‌ی خۆشه‌ویستی ولاتیان به داپیره‌ی سه‌رپۆش سپی و مامه پیره‌ی پشت چه‌ماوه گووته‌وه و له سه‌ر خۆپیشاندان رایانهێنان. ئه‌وانه دۆزی کوردیان به‌جیهان ناساند،ئه‌وانه کێشه‌ی کوردیان کرده ژماره‌یه‌کی زیندو له حساباتی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا. ئه‌و گه‌ریلا یانه ،ئه‌وکیژوکوڕه‌گه‌نجانه ئامێته‌ی خاکوخۆڵ وبه‌ردوودارو ئاوده‌رختی قه‌ندیل بوون و قه‌ندیلیش به‌وانه‌وه سه‌رکه‌ش وجوانه.ئایا ئێوه ده‌توانن لوتکه‌ی قه‌نیل له‌ناوبه‌رن ؟ ئه‌وانه ترۆپکی قه‌ندیلن و ترپۆکی قه‌ندیلیش هه‌ر به به‌رزی ده‌میننه‌وه. گه‌رکچه‌گه‌ریلایه‌کان په‌یمانییان له‌ته‌ک چه‌که‌که‌یاندا به‌ستبێت که ده‌ستبه‌رداری یه‌کتر نه‌بن و خیانه‌ت له‌یه‌کتر نه‌که‌ن ،گه‌ر له‌بری باسکی خۆشه‌ویسته‌کانیان شه‌و سه‌ربخه‌نه‌سه‌ر چه‌که‌که‌یان، گه‌ر هه‌موو ته‌مه‌نی جوانی خۆیان به نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌خشی، گه‌ر خۆیان له‌هه‌موو خۆشی و جوانیه‌کی ئه‌م دونیایه بێبه‌شکرد،ئه‌وه بێگومانبن که‌هه‌رچی زریان و ڕه‌شه‌باهه‌یه نایانخات و هه‌رده‌م به‌پێوه‌ن. ئێوه زۆر سه‌هون گه‌ر واهه‌ست بکه‌ن به‌م کارانه‌تان چۆکیان پێدادێنن ،هێنده‌بزانن پاش هه‌ر ئۆپه‌را سیۆنێکی فاشلتان وزه‌و توان و ئیمانیان پته‌وتر ده‌بێت وجه‌ماوه‌ریش پتر له‌ده‌وریان کۆده‌بێته‌وه.ئیوه گه‌مه به‌ئاگر ده‌که‌ن ، ئۆپه‌راسیونه‌کانتان به خراپه بۆ خۆتان و ده‌سه‌لاته بۆگه‌نه‌که‌تان ده‌گه‌رێته‌وه، به ده‌ستکه‌وتیش بۆ گه‌ریلاو دۆزه‌که‌یان، سه‌یرکه‌ن ئه‌م یه‌ک دوو ڕۆژه چۆن باژێڕه‌کانی تورکیا شڵه‌قاون به هه‌زاره‌ها کورد هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان هاکا به‌ڕووتاندا ته‌قینه‌وه،ئه‌وده‌مه خۆتان ته‌حه‌مولی ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌که‌ن. خه‌یاڵتان خاوه بتوانن ئیراده‌ی میلله‌تیک به تۆپ و ته‌یاره بشکێنن.ئیرادوه‌یه‌ک که ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له‌ناخی هه‌مووتاکێکدا داکووتابیت به‌ئێوه‌یه‌ک که ته‌نها مه‌نتقی هێز شاره‌زان و نه‌عامه ئاسا سه‌رتان ده‌که‌ن به‌ژێر خۆڵدا بۆئه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان نه‌بینن،ئێوه به‌م عه‌قڵیه‌ته بۆگه‌ن و پاشکه‌وتوه‌وه خاوه‌نی هه‌موو چه‌کی جیهان بن مه‌حاڵه به‌هیچ بگه‌ن مێژووش سه‌لماندوویه‌تی که ئاینده هه‌ر بۆ خاوه‌ن هه‌قه ،ئه‌و هه‌قه‌ش هه‌ر وه‌ده‌ست دێت دره‌نگ بێت یا زوو . جا په‌یامم بۆتان ئه‌وه‌یه که له ڕووی سایکۆلۆژیه‌وه خۆتان بۆ ئه‌و ڕۆژه ئاماده‌بکه‌ن.
سه‌رنج
له‌سه‌رووه‌ختی ئه‌گه‌ری له‌شکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان که‌چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر بوو، ئه‌و بابه‌ته‌ی خواره‌وه‌م نووسی ، به‌پێویستم زانی جارێکی دیکه بیخه‌مه‌وه به‌ر دیدی خوێنه‌رانی به‌ڕێز.
تورکیا ده‌وڵه‌تێکی نه‌ژاندی و سیاسه‌تێکی نه‌گۆڕ
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی {ئای چه‌ند شادومانم که‌تورکم - که‌مال ئه‌تاتورک}
باوه‌ڕ ناکه‌م نه‌ته‌وه هه‌بێت هێنده‌ی تورک نه‌ژادی و شۆڤێنی بێت،گه‌ر ئاوڕیکی خێرا له‌ڕابردووی تورک وه‌ک نه‌ته‌وه بده‌ینه‌وه له ده‌می وه‌رگرتنی دوا خه‌لافه‌تی ئیسلامیه‌وه تاڕۆژی ئه‌مڕۆ ئه‌و راستیه ده‌رده‌که‌وێت که گیانی ره‌گه‌زپه‌رستی له‌هزروناخی تورک‌دا بنامه‌یه‌کی دیرۆکی هه‌یه.عوسمانیه تورکه‌کان له‌ژێر په‌رده‌ی ئیسلامداو به‌نێوی ئیسلامه‌وه نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌یان له کورد،عه‌ره‌ب،ئه‌رمه‌ن،بولگار ،یونان و تاد به‌دڕندانه‌ترین شێوه ده‌چه‌وسانه‌وه و خێروبێری وڵاته‌کانیان ده‌برد بۆخۆیان.له‌ڕاستیشدا ته‌نها ئامانجیان بالاده‌ستکردنی نه‌ته‌وه‌که‌یان بووه و هیچی دیکه.جینۆسایدکردنی ئه‌رمه‌نیه‌کان باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونه،هه‌رکه‌سێکیش ئه‌و کاره بخاته چوارچێوه‌ی ئاینه‌وه، که‌گوایه له‌نێوان ئیسلام وکریستیاندا روویداوه،ئه‌وا زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چووه. له‌پاش هه‌ره‌سی خه‌لافه‌تی عوسمانی له‌ئاکامی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیه‌وه و له‌ده‌ستدانی سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ره‌کانی ژێر ده‌سه‌لاتی ئیمپراتۆریه‌ته‌که‌یان ،ده‌وڵه‌تی که‌مالیستی مۆدێرن وعه‌لمانی هاته‌کایه‌وه. یه‌کێک له ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌وڵه‌تی که‌مالیستیه‌کان سڕینه‌وه‌و نه‌هێشنن ولاوازکردنی ڕۆڵی نه‌ته‌وه غیره تورکه‌کان بوو له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نوێیه‌دا. به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ش ته‌نها به‌یه‌ک ڕێگه جێبه‌جێ ده‌کرا ئه‌ویش سه‌رکووتکردن و چه‌وساندنه‌وه‌بوو. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌تاتورک له‌سه‌رتای ده‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌که‌یدا شاڵاوێکی به‌رفراوانی سه‌رکووتکردنی دژ به نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یره تورک ده‌ستپێکرد،هه‌رده‌نگێکی ناڕه‌زایی له‌هه‌رلایه‌ک به‌رزبوایه‌ته‌وه به‌دڕنددانه‌ترین شیوه کپده‌کرا. نه‌ته‌وه‌ی کورد گه‌وره‌ترین به‌شی له‌چه‌وساندنه‌وه‌دا به‌رکه‌وت،له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی که‌مالیسته‌کان بوونه‌وه.بۆ‌داکۆکیکردن له بوون و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان چه‌ندین سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخوردانیان به‌رپاکرد.لی هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه به کپکردن و خوێن کۆتایی هات .تراجیدیتریان شۆڕشه‌که‌ی شێخ سه‌عیدی پیران بوو که به‌له‌سێداره‌دانی سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌که‌و هه‌زاره‌ها ڕاپه‌ریو کۆتایی هات. پاش دامرکاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ڕاپه‌رینانه له‌لایه‌ن جاندرمه ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانه‌وه و نه‌مان وکپکردنی هه‌موو دنگێکی ناره‌زایی ئیدی به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌مانتیک هێدی هێدی هه‌مووشت له‌وڵاتدا به‌تورککرا.مرۆڤه‌کان،باژێڕه‌کان،که‌لتووره‌کان، مێژوه‌کان ،ناوه‌کان، شاخه‌کان،تاد.ته‌نها ده‌نگوره‌نگێک که ده‌بیستراو ده‌بینراا تورکی بوو،ئیدی هیچ په‌راویزێک بۆ چالاکی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه نه‌مایه‌وه،ته‌نها فه‌راهه‌مکردنی ئه‌و دۆخه‌تاڵه‌نه‌بیت. له‌م که‌شوهه‌وای سه‌رکه‌وتن و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌تاتورکیه‌کان پله‌ی شوێفێنزمیان هێنده‌ی دیکه به‌رزبوویه‌و به ئاشکراو به بێشه‌رم گوزارشتیان لێده‌کرد. ئه‌مه‌ش چه‌ند نموونه‌یه‌که له‌و ده‌نگانه فاشیانه: *عیسمت پاشا که یه‌کێک بوو له‌سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا له 30/8/1930 دا ده‌ڵیت[ له‌م وڵاته‌دا ته‌نهاو ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی تورک بۆی هه‌یه داوی مافی نه‌ته‌وه‌یی و شوناس بکات وه هیچ ره‌گه‌زێکی دیکه بۆی نیه‌داوای ئه‌م مافه‌بکات.] *وه‌زیری دادی هه‌مان سه‌رۆک وه‌زیران محمود عزت بگ له باژێری ئۆدلمیش ده‌ڵێ[ئێمه له تورکیادا ده‌ژین ئازادترین وڵاتی جیهانه،وه من وه‌ک کاندیدێک و نوێنه‌رێکی باژێڕه‌که‌تان به‌ڕاشکاوانه‌گوزارشت له بۆ چوونه‌کانم ده‌که‌م و ده‌ڵێم ته‌نها تورک ئاغا‌و بالاده‌ست وماڵداره له‌م وڵاته‌دا،وه ئه‌و تورکانه‌ی که به‌ره‌گه‌ز خاوێن نین{مه‌به‌ستی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌یه}بۆیان هه‌یه کۆیله‌و خزمه‌تکاربن،با دۆست و دووژمن ئه‌م ڕاستیه‌له‌یادنه‌که‌ن و چیاکانیش پێیبزانن.] *وه‌زیری ناوخۆش جلال بگ له ئایاری 1937دا له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی وه‌زیراندا گووتی[له‌ئه‌مڕۆ به‌دواوه دۆزی کوردبوونی نیه،شه‌قاوه‌کانیشمان به سرنجی{ده‌رزی} شارستانی له ڕێگه‌ی هێزه‌وه کوتا.] ڕۆژنامه تورکیه‌کانیش ته‌واکه‌ری ئه‌و شاڵاوه‌بوون که‌دژی کورد کرا ،وه تا ڕۆژی ئه‌مرۆش میدیای تورک ئاو به ئاشی هزری شۆڤێنیه‌تدا ده‌کات. ڕۆژنامه‌ی حاکمیتی میللی له ژماره‌ی 10-9-1930دا ده‌نووسێت[که‌س گۆمانی له‌وه نیه داخوازی کورده‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن ئه‌م ڕه‌وه وه‌حشیانه‌وه پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی ڕووته.گه‌لێک که فه‌رهه‌نگی زمانه‌که‌ی له200 په‌یڤ تێپه‌رناکات باشترین و گونجاوترین ده‌ڤه‌ر بۆ {ده‌سه‌ڵاتی ئیداریی خۆیی }بۆیان ناوڕاستی ئه‌فریقا یا یه‌کێک له بیابانه‌کانیه‌تی که هاوشێوه‌ی مه‌یمون و هاوشێوه‌ی مرۆڤی تێدا ده‌ژی.چونکه ئاسیا سه‌رچاوی شارسیانیه‌تی کۆن ڕێگه به‌م جۆره مرۆڤانه‌نادات پۆخڵی بکه‌ن،وه هه‌رکه‌سیکیش ڕێگه به‌خۆی بدات ئه‌و کاره‌بکات ئه‌وا شایانی پانکردنه‌وه‌یه،ئه‌وه‌ش ده‌چێته خانه‌ی ئاسایشی گشتیه‌وه‌و هه‌ر به‌و جۆره‌ش مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا کردوون.] *ڕۆژنامه‌ی میللییه‌ت 19-9-39دا وێنه‌ی گۆڕێکی کردوه له‌سه‌ر ترۆپکی چیای ئاگری،له‌سه‌ر گۆره‌که کلاوێکی کوردی وێنه‌کراوه‌و له‌ژێریدا نووسراوه{کوردستانی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی بۆهه‌تا‌هه‌تایه لێره‌دا له‌گۆڕنراوه.}. هه‌ڵوێستی تورک به‌رامبه‌ر به کورد‌و ئه‌رمه‌ن چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات و ئه‌حزاب چ وه‌ک میدیا و شه‌قام له‌و مێژوه‌وه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه‌و نه‌گۆراوه.خۆگه‌ر ده‌نگیکی دلێردژبه سیاسه‌تی باو لێره‌و له‌وێ په‌یدابووبێت ،ئه‌وا سه‌رکووت و خه‌فه‌کراوه،یاخود له ئاستێکدانه‌بووه بتوانێت گۆرانکاری له عه‌قڵیه‌تی ڕای گشتی تورک‌دا بکات. ده‌توانم بێژم پاش تێپه‌ربوونی پتر له70سال به‌سه‌ر ئه‌ولێدوانه نه‌ژادیانه‌و ئه‌و گۆڕانکاریه مه‌زنانه‌ی به‌سه‌ر جیهان وده‌ڤه‌ره‌که‌مانداهاتوه له‌بواره‌کانی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌کان وتێکشکاندنی مه‌فاهیمه چه‌وت و کۆنه‌کان و شکستی هزره دواکه‌وتوکان وهاتنه‌ئارای گیانی قه‌بوڵکردنی یه‌کتری وپێکه‌وه ژیانی ئاشتیانه له زۆر ده‌ڤه‌ری جیهاندا،هێشتا تورک به عه‌قڵیه‌تی هه‌مان سه‌رده‌م بیرده‌کاته‌واو به‌هه‌مان پێوه‌ری کۆن حیساب بۆکوردو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ده‌کات. تائێستاش سه‌رکرده‌و جه‌نه‌راڵه‌کانی تورک به عه‌قڵیه‌تی سه‌رکرده‌کانی ئیتحادوته‌ره‌قی بیرده‌که‌نه‌وه‌و که‌سایه‌ته‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه فاشیه پیرۆزترین سومبوڵیانن،له‌وێنه‌ی جمال سفاح،ئه‌نوه‌ر و ئیبرایم پاشا وئه‌تاتورک و عسمت پاشا‌و تاد. وه‌حشیگه‌ری تورک به‌رامبه‌ر به کورد‌و ئه‌رمه‌ن هێنده بێهاوتابوو کاریگه‌ری له سه‌رکرده‌ی مه‌زنن و مرۆڤ دۆستی هند جواهیر لال نه‌هرۆش کرد ،ئه‌وه‌تا له نامه‌یه‌کدا بۆ کچه‌که‌ی ئاندیرا ده‌نووسیت{هه‌موو سه‌رۆکه‌کانی دوای ئه‌تاتورک پترله خودی ئه‌تاتورک تووشی گه‌نده‌ڵی عه‌قڵی وشۆڤێنی بوون.} هه‌ڵوێستی دژانه‌ی تورک به‌رامبه‌ر به‌کورد ڕێژه‌یه‌کی نه‌گۆڕه‌و یه‌کێکه له سه‌وابته‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا ،که هه‌موویان له‌سه‌ری ته‌باوکۆکن. گرنگ نیه چ حیزبێک له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته ،عه‌لمانی بێت یا ئیسلامی چه‌پ بێت یا ڕاستڕه‌و هه‌ر هه‌موویان نه‌ته‌وه‌ی کورد به مه‌ترسیه‌کی مه‌زن بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌که‌یان داده‌نینن و دژایه‌تی کردنی به پێویست ده‌زانن. به‌بۆچوونی ئه‌ز هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی دووژمنکارانه‌ی تورک به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه به‌رامبه‌ر به کورد په‌یوه‌ندی به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای باشووری کوردستانه‌وه نیه،که گوایه مه‌ترسیداره بۆ ره‌وشی باکووری کوردستان .هه‌روه‌ها به به‌هانه‌ی داکۆکیش نیه له تورکومانه‌کان، به‌ڵکو ته‌نها قه‌بوڵ نه‌کردنی کورده وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز وخاون خاک و مێژوو .دیاره ئه‌مه‌ش ده‌چێته خانه‌ی دژایه‌تیکردن له ڕوانگه‌ی نه‌ژادیه‌وه. قسه‌کانی وه‌زیری به‌رگری پێشووی تورکیا باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌که‌م که گووتبووی [گه‌ر ده‌وڵه‌تی کوردی له ئه‌رجه‌نتینیش بێته دامه‌زراندن ئێمه دژی ده‌بین و له‌نێوی ده‌به‌ین.] گه‌رله له ماوه‌ی ته‌مه‌نی پتر 80 ساڵی ده‌وڵه‌تێکدا گچکه‌ترین گۆڕانکاری له بواری پێکه‌وه ژیان و ڕێزگرتن و دانپیانان به به‌رامبه‌ردا ڕووینه‌دابێت ،ئه‌سته‌مه له خراپه زیاتر چاوه‌ڕێی هیجی دیکه‌ی لێبکریت. بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ئێمه‌ی کورد خوێندنه‌وه‌مان بۆ تورکیا به جۆره‌بیت که هه‌ن،نه‌ک به جۆریکی دیکه ،ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت وریابن ئه‌و ماره پێتانه‌وه نه‌دات. halabja@ofir.dk
|
|
|
|
|