|
|
|
arله وڵاته‌که‌ی مندا گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی
* له‌وڵاته‌که‌ی مندا ڕۆژانێک بوو مرۆڤه خاکی له‌به‌ره‌کان سومبوڵی نه‌به‌ردی و به‌رخوردان بوون،زاده‌ی چه‌نده‌ها چیرۆک وهه‌وێنی شعری شاعیران بوون،وزه‌ی ڕۆشنایی چرای سه‌رفرازی و پشکۆی ئاگردانی دیوه‌خانی عاشقان بوون. * ئێستا ئه‌و مرۆڤانه شوناسیان ونبووه ،بڕێکیان ڕۆژگار ئامێته‌ی گه‌مه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی کردوون و مافیا ئاسا کارده‌که‌ن و ڕابردوو به فلسێکی قه‌ڵب ناکڕن. بڕێکیشیان حه‌سره‌ت بۆ رابردوو ده‌خۆن و نه‌فرت له هه‌نوکه‌ش ده‌که‌ن که هێنده‌ی ئه‌نفالچیه‌ک ئیعتباریان نیه‌و له لیستی پێ میمه دیرینه‌کاندا ناویان له خوار ناوی ئه‌و جاشانه‌وه‌یه‌وه که بۆ کووشتنی ئه‌مان پێش ده‌بابه‌کانی به‌عس ده‌که‌وتن. *زاراوه‌ی شه‌هید خه‌ریکه به‌هاو پیرۆزی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، هه‌روه‌ک چۆن له زۆرێک له باژێره‌کانی وڵاته‌که‌مدا ئاوی زێراب و ئاوی خواردنه‌وه ئامێته بوون و لێک جیا ناکرێنه‌وه ،هه‌رواش ناوی شه‌هید پۆخڵ بووه، شه‌هیدی ڕاسته‌قینه ئامێته‌ی جاش و خۆفرۆشه‌کوژراوه‌کان کراوه و به‌یه‌ک چاو سه‌یر ده‌کرێن و خانه‌واده‌کانیان وه‌ک یه‌ک {شه‌هیدانه} وه‌رده‌گرن. * که‌سانی دڵسۆز‌و خاوه‌ن ئه‌زموون و وڵاتپارێز پاشه‌کشه‌یان پێده‌کریت،که‌سانی هه‌ڵپه‌رست و بێ ئه‌زمون و کاسه‌لیس و ڕابردوو پۆخل جێگه‌یان ده‌گرنه‌وه. * به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی جیهانی، حیزب حکومه‌ت به‌خێو ده‌کات،حیزب ملێاردێرو حکومه‌تیش لات. * ڕۆژانه سۆپه‌رمارکێت و هۆتێل و پارتمه‌ن ده‌چن به ئاسماندا ، له به‌رامبه‌ریشدا 3 قوتابخانه له بینایه‌کی بێ په‌نجه‌ره‌دا ده‌وم ده‌که‌ن، یا له مزگه‌وتی گوونده‌کاندا جێگه‌ی مردووشۆران ده‌بنه شوینی خوێندن. * به‌هۆی کۆنترۆڵکردنی کایه ئابووریه‌کان له‌لایه‌ن مۆنۆپۆله سیاسیه‌کانه‌وه، توێژی ناوه‌راست ورده‌ورده کاڵ ده‌بیته‌وه‌و ته‌نها دوو چین ده‌مینێته‌وه ، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار. * وه‌ده‌ست هێنانی دیبلۆم و لیسانس له‌زانکۆکاندا بۆ هه‌ندێک به‌رپرس له په‌یداکردنی ده‌سکێک که‌وه‌ر ساناتره. * ئاستی خوێندن له‌ته‌ک ئاستی خویندنی زانکۆکانی سۆماڵ‌دا له پێشبڕکێدایه. * له ئیبراهیم خه‌لیله‌وه تا باشماخ و مه‌حمود `قه‌جه‌ر له‌سه‌ر دووحیزب تاپۆکراوه. * ناردنی که‌سان بۆ ده‌ره‌وه‌ی ولات پێویستی به ئه‌زموونی کار نیه به‌ڵکو پێویستی به ئه‌زموونی خزمایه‌تی و حیزبایه‌تی هه‌یه. * قه‌بوڵ خاس خوێندکاره فاشیله به‌عسیه‌کامنان دێنێته‌وه یاد. * له مێژه هاوارده‌که‌ن ئاوی باژێر به‌که‌ڵکی خواردنه‌وه نه‌ماوه ،ده‌میکیش ئاوی پیس کاری خۆی ده‌کات پێمان ده‌ڵێن پاش ته‌والێت ده‌ستتان به سابون بشۆن. * لافاو پرد ده‌ڕمێنێ هاوڵاتیانیش پاش بێ ئومێدیه‌کی زۆر خۆیان چاکی ده‌که‌نه‌وه. * نه‌ریته کۆن و به‌سه‌ر چوه‌کان هێنده پیرۆزن لامان ناتوانین ده‌سبه‌رداریان بین ،ئه‌وه‌تا سه‌رله‌نوی گووروتین ده‌ده‌ینه عه‌شیره‌ت. * ده‌مێک کاره‌ساتی ژنکووشتن به‌رده‌رگمان پیده‌گرێت په‌نا بۆ پیاوانی ئاینی ده‌به‌ین یارمه‌تیمان بده‌ن. * لیتاوا و `قووڕاوا بۆ هه‌ژاران و فیرعه‌ون ئاوا‌و به‌هه‌شت ئاواش بۆ {خۆ}پێداوان. * که‌سانێک به فرۆشتنی شقارته‌و به‌نه‌خوێن و ته‌زبیح پاره په‌یدا ده‌که‌ن ،که‌سانیکیش به ته‌له‌فونێک چه‌ند ملیۆنێک دێته گیرفانیانه‌وه. * حیمایه‌ی به‌رپرسه‌کان وه‌زیفه‌یه‌کی دیکه‌شیان هه‌یه ئه‌ویش ئاقڵکردنی هاوڵاتیانه به‌لێدان. * ڕێزی مامۆستا به‌وه ده‌گیرێت که مووچه‌که‌ی له هی حیمایه‌ی به‌رپرسه‌کان که‌متره. * گرانی شمه‌کی بازار هه‌رده‌م ده‌خرێته ئه‌ستۆی هاولاتیان،حکومه‌ت ده‌خلی تێدا نیه. * گه‌ر ئه‌دیسۆنیش بیت ده‌ستڕۆشتویه‌ک نه‌ناسیت که‌س عیلمه‌که‌تت و پیشه‌که‌ت به پولێک لێناکڕێت. * نان بۆ قه‌سابه‌و گۆشتیش بۆ نانه‌وا. * له‌پشووی هاویندا له‌بری سه‌فه‌رو که‌یف و سه‌فا و کۆرسی هونه‌رو زانست، منداڵه‌کامنان له باره‌گای حیزبه ئیسلامیه‌کان وحوجره تاریکه‌کا‌ندا به فه‌له‌قه جزمی عه‌ممه‌یان پێ له‌به‌رده‌که‌ن . * هه‌رچی بڕیاری دادوه‌ره به ته‌له‌فونێکی هه‌ڕه‌شه ئامێز پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه. * کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری وه‌ک گیسکه‌که‌ی هه‌یاسی خاسی لێهاتووه. * که‌س به‌ئه‌ندازه‌ی به‌رپرسه‌کان باسی سه‌روه‌ری یاسا ناکات ،که‌سیش هێنده‌ی ئه‌وان بێڕێزی به یاسا ناکات. که‌م پۆلیسی هاتووچۆ هه‌یه له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه سوکایه‌تی پێنه‌کرابێت وشه‌قی نه‌خواردبێت. * خانووی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان به‌ر له به‌کارهێنانی دڵۆپه‌ده‌کات.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڵێنده‌ره سیاسیه‌کان درووستیان کردووه ،ئاساییه که غه‌ش له شه‌هیدانیش بکه‌ن. * جاده‌یه‌کی 3 کیلۆمه‌تری 3 ساڵه ته‌واو نه‌کراوه و که‌سیش نازانیت که‌ی ته‌واو ده‌بێت. *پاره‌یه‌کی باش بۆ پرۆژه‌کان ته‌رخان ده‌کرێت ،لێ به خراپترین و هه‌رزانترین که‌ره‌سته ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز له کاتی خۆیدا کۆتایی نایه‌ن و به‌ناته‌واوی ده‌درێنه‌وه به‌حوکمه‌ت. * هاوکاری مادی ڕۆژنامه ئه‌هلیه‌کان که‌مده‌کرێته‌وه‌و هی حیزبیه‌کانیش، که که‌مترین خوێنه‌ریان هه‌یه ده‌گیان مه‌زبووته و چه‌ندین ڕاپۆرتنووسی حیزبی له‌سایه‌یدا حه‌واونه‌ته‌وه.
* ڕۆژنامه حیزبیه‌کان به تۆپزی به فه‌رمانبه‌ری دائیره‌کان ده‌فرۆشن ،قه‌یدی چیه با ئه‌م ئه‌زمونه‌ش له حیزبی به‌عس فێربین.
* ده‌سه‌ڵاتی عه‌شایه‌ری و حیزبی ڕێگرن له‌به‌رده‌م گرتنی تاوانباراندا.
* دووکادیری حیزبێک به هۆی داواکردنی شه‌فافیه‌ت له‌خه‌رجکردنی پاره‌دا ده‌رکران .ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵیت ده‌مت داخه چاوت بنوقێنه و گوێچکه‌ت بئاخنه.
* به‌ڵگه‌و دۆکۆمنتی دزین و به هه‌دربردنی پاره‌ی میلله‌ت له هه‌ندێک وه‌زاره‌تدا له کاسه‌کاندا تۆزی لێنیشتوه ،کلیلی ئه‌و کاسانه‌ش لای مرۆڤه‌گه‌نده‌ڵه‌کانه.
* پێشنیاری کردنه‌وه‌ی به‌شی ژنناسی له زانکۆکان‌دا کرا ،لێ له‌ژێر فساری کۆنه‌په‌رستان و چه‌قبه‌ستوان و ڕه‌وته ئیسلامیه‌کان قڕوقووپی لێ‌کرا.
* خانووی ته‌جاوزاتی که‌سی هه‌ژارو بێ پشتووپه‌نا ده‌رووخێنرێت و هی به‌رپرسه‌کانیش تاپۆی سووریا‌ن پێده‌به‌خشن.
* پرۆژه‌کانی نوێژه‌ندکردنه‌وه له‌نیوه‌ی ڕێگادا ده‌وه‌ستن و که‌سیش نازانێت کی به‌رپرسیاره لێیان.
* به هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی کادره حیزبیه‌کانه‌وه گه‌نده‌ڵیش که‌وته ناو زانکۆکانمانه‌وه.
* به‌رپرسانی ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کانی سه‌ر به دووحیزبی ده‌سه‌ڵات خۆیان به دکتۆرو ئه‌ندازیارو پسپۆر‌و که‌سی زانا ده‌زانن و له هه‌موو کایه‌کاندا مداخه‌له ده‌که‌ن.
* زۆرێک له ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کانی سه‌ربه دوو حیزبه‌که باشترین ژینگه‌ن بۆ ته‌خشان وپه‌خشانی پاره،هه‌ندێک له‌وانه نه‌ک هه‌ر کار‌و چالاکیان نیه به‌ڵکو که‌س ناوی نه‌بیستوون.
* زۆر له گه‌نجه‌کانمان به‌هۆی بێکاریه‌وه ڕێگه‌ی توونی مه‌رگی کۆمپانیای 77ده‌گرنه‌به‌ر، تاگه‌ر کوژران نانێک هه‌بێت خێزانه‌کانیان بیخۆن. گه‌مه‌ی{ پاره به‌رامبه‌ر مه‌رگ ده‌که‌ن.}
* هه‌ر وه‌زیریک یا به‌رپرسیکی ئیداری که بۆ میدیاکان ده‌دویت ده‌ڵێت زۆرێک له پرۆژه‌کانمان له سه‌دا هه‌شتایان کۆتایی هاتووه‌و چه‌ندین پرۆژه‌ی دیکه‌ش له به‌رنامه‌ماندایه،لی نه ئه‌و له‌سدا بیسته ته‌واده‌بیت و نه ئه‌و پرۆژه نویانه‌ش هه‌رگیز له‌دایک ده‌بن.
* مرۆڤه پایه‌به‌رزه‌کان هێنده پیرۆزکراون،ڕه‌خنه‌گرتن لێیان تاوانه.
* مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن ڕوویدابێت وه‌ڵامی نامه‌ی هاوڵاتیان درابێته‌وه، ده‌نا ڕۆژانه چه‌ندین نامه‌ی کراوه‌و داخراو ئاراسته‌ی پله‌داره‌کان ده‌کرێت له‌بری وه‌ڵام چاره‌نووسیان ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌که‌یه.
* هێنده متمانه زۆره به به‌ڵێنده‌ره‌خۆیی و بێگانه‌کان به‌رله ده‌ستبه‌کار بوون هه‌موو پاره‌که له گیرفانیاندیه ،ده‌مێکیش شکست ده‌هێنن {شه‌ریکه به‌رپرسه‌کان} یا لێی بێده‌نگن یا به‌هانه‌ی پڕووپووچ دێننه‌وه که تا به‌رده‌رگای ژووری ئۆفیسه‌که‌یان برناکات ،که‌سانی له‌سه‌روو خۆشیانه‌وه نایانه‌ویت گوێبیستی ئه‌و هه‌واڵه ناخۆشانه بن ،چونکه خۆشیان به‌هه‌مان حاڵه‌تدا تێپه‌ڕیون.
* زۆرێک له کادیره حیزبیه‌کان یه‌کی 3 مووچه وه‌رده‌گرن و له هیچ شوێنێکیش ده‌وام ناکه‌ن .درووشی{ فرسه‌ته بخۆن} یان به‌سه‌ردا ته‌تبیق ده‌بیت.
* پاشماوه‌کانی ئه‌نفال له نێو دۆزه‌خی ئه‌نفالێکی ده‌روونی وئابووریدا ده‌ژین گه‌وره‌کانیش له یادی ئه‌نفالدا بۆ چه‌ند کاتژمێرێک به‌سه‌ریان ده‌که‌نه‌وه.
* 17 ساڵه ئه‌زمو‌نه‌که‌مان ساوایه‌و تا ئێستا پێی نه‌گرتووه ،باوڕیش ناکه‌م هه‌رگیز پێبگریت، پێده‌چێت هه‌ندیکاب ده‌رچێت.
* 16 ساڵه قه‌یرانی نیشته‌جێبوون،سووته‌مه‌نی،کاره‌با، خوێندن،ڕێگاوبان،گه‌نجان، بێ‌کاری و زۆرێکی دیکه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌کراون،پێناچێت له ئاینده‌شدا چاره‌سه‌ر بکرێن، چونکه چاره‌سه‌رکردنیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ که‌سدا نیه.
* یه‌کاڵاکردنه‌وه‌و بڕیاردان له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگ وچاره‌نووس سازه‌کان له ئه‌ستۆی په‌رله‌ماندایه، بۆنمونه {قه‌ده‌غه‌کردنی جگه‌ره‌کێشان} له ده‌زگا میریه‌کاندا . مه‌سه‌له بێ‌نرخ و بی بایه‌خه‌کانیش له نێوان هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی‌دا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دریت ،بۆنمونه چۆنیه‌تی دابه‌شکردن و سه‌رفکردنی بودجه‌ی هه‌ریم .
* هێنده کاره‌سات و ڕووداوی مه‌زن ڕوویانداوه، گه‌ر له هه‌ر وڵاتێکی ئه‌وروپی ڕوویبدایه چه‌ندین حکومه‌تی پێ هه‌ره‌س ده‌هێنراو کۆمه‌ڵێک وه‌زیریش ده‌ستیان له‌کار ده‌کێشایه‌وه.یا ده‌درانه دادگا. لێ له‌کن ئێمه که‌مته‌رخه‌مه‌کان بێخه‌من.
* زۆرن ئه‌وانه‌ی که ده‌ستیان ده‌گاته پاره ئیدی ویژدان و ئه‌خلاق وئینسانیه‌ت و نه‌ته‌وه‌و زۆرشتی تر له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و،ته‌نهابیر له که‌ڵه‌که‌کردنی ده‌فته‌رو بلۆک ده‌که‌نه‌وه.
* تا ئێستا کابینه‌ی شکست و وه‌زاره‌تی شکستخواردوومان هه‌بووه، کاره‌سات له‌وه‌دایه ته‌نها هاوڵاتیان هه‌ست به‌و شکستیه ده‌که‌ن.
* هێنده بیرۆکه‌و پرۆژه‌ی مۆدرن له هه‌نده‌رانه‌وه پێشکه‌ش به وه‌زاره‌ته‌کان و ده‌زگا ئیداریه‌کان کراوه، گه‌ر چاره‌نووسیان ته‌نه‌که‌ی خۆڵ نه‌بوایه هه‌نووکه کوردستان له ئاستی مالیزیادا ده‌بوو .
* باس له درووست‌کردنی دووبه‌ی ده‌که‌ن، که‌چی سه‌ره‌تاترین پێداویستیه‌کانی ژیان وه‌ک سه‌راب وایه.
* ئه‌وه بۆ چوار ساڵه گفتی درۆ ده‌درێته بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه ، گفتی درۆش هیچی لێ سه‌وه‌ز نابێت ، دیاره پاره‌ی پرۆژه‌کان له‌لایه‌ن کۆمپانیه نه‌هه‌نگه‌کانه‌وه به سه‌وزی خوراون.
* له هه‌نێک دائیره‌دا به‌تایبه‌تی له‌وانه‌ی خوشکانیش مراجعن ،کوڕه خزمانی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌خۆڕایی ده‌وام ده‌که‌ن و له‌ڕێی خوا یارمه‌تی ئه‌و خوشکانه ده‌ده‌ن. که‌سیش ناوێرێت بڵێت برا تۆ چ کاره‌یت لێره.
* سه‌رده‌مانێک به‌روبوومی کشتوکاڵیمان هێنده به به‌ره‌که‌ت بوو ده‌گه‌شته وڵاتانی که‌نداو ،لێ ئێستا ته‌ماته‌و ته‌ڕه‌پیازو ته‌ڕه‌ماشیش له ده‌ره‌وه به عومله‌ی سه‌عبه ده‌کڕین.
* 16 ساڵه گفتی چاره‌سه‌رکردنی گرفتی کاره‌با ده‌ده‌ن ،لێ تائێستاش هیچ دیار نیه پێده‌چێت پێویستیان به 16 ساڵی دیکه‌بیت،قه‌یدی چێه‌میلله‌ت به ته‌حه‌موله‌و کاتیش له‌ده‌رده‌ستدایه.
* که‌س به ئه‌ندازه‌ی به‌رپرسه‌کان حه‌زی به خۆده‌رخستنی نێو میدیاکان نیه، به‌شی شێریان به‌رده‌که‌وێت، زۆرێکیش له‌وانه به‌ر له‌وه‌ی ده‌م بکه‌نه‌وه خه‌ڵک ده‌زانێت چی ده‌ڵێن.
* پێده‌چیت هه‌مووشت هێنده پێرفه‌کت بێت وژیان خۆش و به‌رکه‌ماڵ بێت، پێویستمان به ئه‌حزابی ئۆپۆزشیۆن نه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ش ئێستا ئۆپۆزشیۆن له گیانه‌ڵه‌دایه‌و خه‌ریکه دوا نووزه‌ی ده‌بڕێت.
* ده‌مێک حیزبه‌کان پێویستیان به چه‌پڵه‌ی هاووڵاتیان بیت ده‌یان ڕژێننه سه‌ر شه‌قام . ده‌مێکیش هه‌مان هاووڵاتییان خۆپیشاندان بۆ کار‌و کاره‌باو که‌مئاوی ده‌که‌ن پۆلیسیان تێبه‌رده‌ده‌ن و تۆمه‌تی[ ده‌ستیێک له پشته‌وه‌یه] ئاماده‌یه.
* هه‌رچی ناوی پلان و به‌رنامه بێت بوونی نیه، وه‌زاره‌تی پلاندانانیش بێپلانترین وه‌زاره‌ته،گه‌ر له‌هه‌ندێک ده‌زگاشدا هه‌ندێک پلان هه‌بێت ئه‌وه بۆمیدیایه‌و فشه‌یه‌و کاری پێناکرێت .وڵات ئاشی نه‌زانه‌و خوا ده‌یگێڕێت ،لێ زۆر به خراپی.
* له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووحکومه‌ته‌که یه‌کیان گرتووه‌ته‌وه، لێ له ڕاستیدا دوو حکومه‌ت له جه‌سته‌ی یه‌ک حکومه‌تدا ده‌ژین.
* دووحیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که هێنده بێ متمانه‌ن به یه‌کتری هه‌ر لایه‌کیان هه‌نگاوێک بنێت ئه‌وی دیکه به گومانه‌وه تێی ده‌گات و هه‌مان هه‌نگاو ده‌نیت. سلیمانی پێشانگای بازرگانی ده‌کاته‌وه دوای ماوه‌یه‌ک هه‌ولێریش هه‌مان پێشانگا ده‌کاته‌وه،زۆرشتی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه.
* به پێجه‌وانه‌ی جیهانه‌وه ده‌سه‌ڵات وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ درووست ده‌کات .دیاره ده‌سه‌ڵات زۆر خه‌مخۆری مافی مرۆڤه ،ئه‌وه‌تا له‌نزیک ده‌رکی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا کچێکی 12 ساڵ له‌لایه‌ن باوکیه‌وه ته‌رۆرده‌کریت ،وه‌زیر ده‌ڵێت ئه‌وه کاری ئێمه نیه به‌دوایدا بچین.
* لافاوی کۆچی گه‌نجه‌کانمان به‌ره‌و نادیار به‌رده‌وامه‌و که‌م نین ئه‌وانه‌ی به‌رله گه‌شتن به به‌هه‌شتی ئه‌وروپا ده‌بنه خۆراکی ماسیه‌کانی ده‌ریای ئیجه. وادیاره وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان ده‌یه‌وێت به کۆنسه‌رت و مخه‌یه‌ماتی دیده‌وانی ڕێگه له‌و کاره‌ساته‌بگرێت.
* پێڵاو له جامخانه‌دا ده‌فرۆشرێت و گۆشت و ده‌رمانیش له‌سه‌ر شه‌قام.
*عه‌مباره‌کانی شمه‌ک و خواردن، مشک وجانه‌وه‌ر ته‌راتێنی تیاده‌که‌ن و هیچ مه‌رجێکی ته‌ندروستیان تێدا نیه ،گوومشک و تاید و برنج و شتیی که هه‌مووی ئامێته بوون. هاوڵاتیانیش له‌سه‌ر حسابی ته‌ندرووستیان باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن.
*که‌سێک دزی له شوێنه‌واره‌کانی کوردستان ده‌کات و ده‌یفرۆشێت به ولاتانی دراوسی، پاش یه‌ک دووساڵ به‌ندی ئازاد ده‌کریت.
* 4 ملیون دۆلار نه‌ک دینار بۆخه‌رجی هه‌ندێک ماڵپه‌ڕی میری ته‌رخانکراوه،ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی که ناو‌و خوێنه‌ریان نیه،ماڵپه‌ڕێکی قه‌ره‌باڵه‌غ و ئه‌کتیڤی وه‌ک کوردستان نێتیش خه‌رجی ساڵانه‌ی ته‌نها 300 دۆلاره.
* سکرتێری پارتێکی مۆدێرنی خۆ به‌سۆشیال دیمکراتزان نه‌خۆش ده‌که‌ویت ، بۆ چاکبوونه‌وه‌ی په‌نا بۆ قووربانی و زیکرو ته‌لیه‌له‌ی مزگه‌وت و ته‌کێکان ده‌به‌ن. ئه‌وه پێی ده‌ڵێن سۆشیال دیموکراتی خۆماڵی.
* زۆر باسی به‌رهه‌م هێنانی فلیمی سینه‌مایی ده‌کرێت ،که‌چی سینه‌مایه‌ک نیه فلیمێکی تێدا نمایش بکریت، یا له پایته‌ختی وڵاته‌که‌مدا توانای دابینکردنی دووکاتژمێر کاره‌بایان نیه بۆ به‌خشکردنی فلیمه‌که‌ی به‌همه‌ن قوبادی ،و له‌نیوه‌ی فلیمه‌که‌دا کاره‌با ده‌کوژێته‌وه.
*مه‌لاکان زۆر پێشکه‌وتوون،کاری هونه‌ریش هه‌ڵده‌سه‌نگێنن،هه‌رخۆشیان کاری سانسۆر ده‌که‌ن. ئه‌وه‌تا درامای {ئاریا}یان خنکاند، هونه‌ر وا پێش ده‌که‌ویت.
* کچ خۆی ده‌کاته‌کوڕو شه‌رواڵ له پێده‌کات تا به شاگرد نانه‌وایی بژێوی خێزانه‌که‌ی په‌یدا بکات. دیاره له‌ئاینده‌دا ده‌بێته وه‌ستای نانه‌وا،به‌مه‌ش داهێنانێکی نوێ ده‌هێنێته ئاراوه ئه‌ویش نانه‌وای ئافره‌ته .به‌وه‌ش سه‌روه‌ریه‌ک بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی تۆمارده‌کات.
*گه‌نجێکی باوک ئه‌نفال به‌هۆی نه‌داریه‌وه خۆی کووشت ،ئه‌مه دووه‌م گه‌نجی پاشماوه‌ی ئه‌فاله له‌به‌رهه‌مان هۆ کۆتایی به‌ژیانی خۆی ده‌هێنیت.
* ماوه‌یه‌که دیارده‌یه‌کی ترسناک سه‌ری هه‌ڵداوه ،ئه‌ویش فرۆشتنی گورچیله‌یه بۆ مه‌یسه‌ر کردنی بژێوی خێزان.ئه‌ی ئافه‌رین حکومه‌ت چه‌ند خه‌مخۆری ژیانی هاوڵاتیانیت.
* هه‌رگیز قه‌ره‌بووی لێقه‌وماوانی کاره‌ساتی سرووشتی و ناسرووشتی به عه‌داله‌ت ناکرێته‌وه.سه‌ره‌تا نیوه‌ی له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه به‌سه‌وزی ده‌خورێت، ئه‌وجا به‌شی که‌سانی نزیک له‌خۆیان ده‌ده‌که‌ن که‌به‌دووروونزیک په‌یوه‌ندیان به‌کاره‌ساته‌که‌وه نیه ،هه‌رچیش مایه‌وه ده‌یده‌نه زیان لێکه‌وتووان ،ئه‌ویش پاش بێزارکردنیان به مراجه‌عه‌کردن .
* له وه‌زاره‌ته‌کانه‌وه تا ده‌گاته قوتابخانه‌کان حیزب ئاماده‌یه‌و تاکه بڕیارده‌ره.
* که‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به هه‌ره‌شه‌و لێدان ڕێز له ڕۆژنامه نوسان ده‌گرن.
* به‌هۆی بیرۆکراتیه‌ته‌وه ڕاپه‌ڕاندنی کاری هاوڵاتیان به‌ڕه‌وتی کیسه‌ڵ ده‌روات به‌ڕیوه.
* قه‌یرانی ڕۆشنبیره بۆیه کۆنه به‌عسیه‌کان ده‌که‌نه سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و پێدانی پله‌وپایه‌ی نێو کایه ڕۆشنبیریه‌کان.
* فایلداره‌کان ئێستا سنگ ده‌رده‌په‌ڕێنن و معزه‌زو مکه‌ڕه‌م له پۆستی باشدان و ده‌ستیشیان ده‌ڕوات، ده‌ڵیی نه‌بایاندیوه‌و نه بۆران.
* دادوه‌ری گشتی وێنه‌ی ڕووت و تابلۆ له‌یه‌ک جیاناکاته‌وه ،بۆیه سکاڵا له دژی کتێبه پڕ تابلۆنانی فه‌رهاد پیرباڵ تۆمارده‌کات ،که گوایه بی ئه‌خلاقی بڵاوده‌کاته‌وه، نه‌گبه‌ت ئه‌و میلله‌ته‌ی ئه‌مه دادوه‌ریه‌تی.
* ته‌نهاماده‌بێهۆشکه‌ره‌کانمان که‌مبوو ئه‌ویش په‌یدا بوو، ئه‌مه‌ش چه‌کێکی نوێی دراوسێکنمانه له‌دژمان به‌کاری ده‌هێنن. گه‌ر ناچێت په‌یوه‌ندیداران به‌م مه‌سه‌له‌وه به‌رنامه‌یه‌کی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان بۆ دانه‌نابێت وه‌ک ئه‌وه‌ی له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کاندا هه‌یه ،ئه‌وه له‌ئایندادا ده‌بێته کاره‌سات.
*دیوارێک له‌نێوان میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا درووست بووه ،چینه‌کانی ئه‌و دیواره ڕۆژبه‌ڕۆژ له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، وه‌ستای دیواره‌که خودی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی.گه‌ر بیر له ڕمانی نه‌کرێته‌وه کاره‌سات ڕووده‌دات.
دووتێبینی 1. ئه‌مانه‌ی لێردا ده‌یخوێننه‌وه هه‌رهه‌مووی له ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕه‌کوردیه‌کانه‌وه وه‌رمگرتوون،واته نه ده‌ستکردی خه‌یاڵن و نه‌له‌گیرفانی خۆم ده‌رم هێناون. 2. پتر له 3 مانگ پێش ئێسته به‌نیازبووم بڵاوی بکه‌مه‌وه ،لێ به‌هۆی ناله‌باری دۆخی کوردستان ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ری له‌شکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سه‌رخاکی کوردستان ڕامگرت.
halabja@ofir.dk |
|
|
|
|