كوفارى  هه له بجه  كوفاريكى  وه رزى  سه نته رى  روشنبيرى  هه له بجه ده ريده كات

پیاوێكى رِه‌ش،
تا دىَ سپى ئه‌چێته‌وه‌.....

شیعرى : ئیبراهیم هه‌ورامانى

به‌ ئیجازه‌ى كاك حه‌كیمى مه‌لا ساڵح ......پێشكه‌شه‌ به‌ سه‌لاحه‌ رِه‌ش

 


له‌ شه‌وه‌ قه‌ترانیه‌كانى،
گه‌رِه‌كه‌ عه‌جوله‌كه‌ى كانى عاشقانه‌وه‌،


فێربوو،
له‌ نێو پانتاى رِه‌شێتى دا
نیگا سپى یه‌كانى عومرى خۆشبووىَ،
یه‌كه‌م هه‌نگاو..
به‌ ته‌نیشت تریفه‌ى مانگه‌شه‌وه‌وه‌
ده‌ستى پێكرد..
چۆن عاشقانه‌..
له‌ ته‌ك ئاوا سه‌ما بكاو
به‌ ده‌م زكرى گه‌لاَوه‌ریوه‌كانى
هه‌ناره‌وه‌
گۆرانى بڵىَ...
ئه‌و له‌ باوه‌شى ..
خه‌ونه‌كانى باخى میره‌وه‌
فێربوو..
پیاسه‌یه‌ك له‌ته‌ك مۆردانه‌دا بكاو
به‌ رِووتى ..


وه‌ك رِووت بوونه‌وه‌ى باران..
رِه‌زه‌ شیعرى مه‌حوى بكاته‌
شه‌راب و
به‌ ته‌نیشت گۆرانى چایكاكه‌ى چیخۆفه‌وه‌..
بىَ ئه‌وه‌ى ته‌قولباب بكا..
سلاَوێكى تر ..
بگه‌یه‌نێته‌ لاى شه‌وو..
چى شه‌ووى عومرى هه‌یه‌..
به‌ جریوه‌ى ئه‌ستێران ئه‌سپێرىَ...!
ئه‌و..
ته‌نیا له‌ شه‌و ده‌چىَ..
شه‌وێكى سپى..
وه‌ك شه‌وانى لادىَ كه‌ى ئه‌وبه‌رى شار
له‌وىَ عاشقىَ شك ئه‌با..
سپى .. سپى..
به‌ قه‌د رِه‌شێتى سیماى خۆى..
ئه‌و ..
له‌ رِه‌شێتى شه‌وا
بزورگترین عاشقه‌..
هه‌نگاو ده‌نێت و
دێت ...
دێت و
هه‌نگاو ده‌نىَ...


ئه‌و فێربووه‌
ته‌نیا نه‌بىَ..
كه‌ ته‌نیاش بوو..
وه‌ك موریدێكى عاجز
وه‌ك گوناهترین ئینسان
حه‌رفه‌ رِژاوه‌كانى شه‌و
ده‌باته‌ نێو ماڵى
كانیله‌یه‌كى بزێو...
ئه‌و...
له‌ ته‌ك شیعرا په‌نجه‌كانى پىَ یان گرت...
تا حیكایه‌تى بوتڵىَ شه‌رابى عاجز
بۆ رِه‌زه‌ مه‌لوله‌كان بگێرِێته‌وه‌.
ئه‌و..
له‌ ته‌ك حه‌رف ،به‌ حه‌رفى گریانا
فێره‌ ووتن بوو
تا نهێنى ئاوێنه‌ له‌ت له‌ته‌
جێماوه‌كانى كانى ژنان...
بداته‌وه‌ ده‌ست...
ئه‌و كیژانه‌ى عه‌یامێكه‌ ، غه‌ریبن.
ئێستا ئه‌و،
ئینجانه‌یه‌كه‌ له‌ خۆره‌تاو..
پێكه‌كه‌ له‌ شه‌رابى عه‌یام ساڵێك
به‌رده‌وام..
ده‌دوىَ..
وه‌ك منداڵێكى عه‌جول
ده‌ستى له‌ چه‌مكى كه‌واى


شۆرِه‌ى شیعرىَ..
به‌رناداو
ده‌دوىَ و..
ئێستا ئه‌و
به‌رده‌وام..
ده‌دوىَ..
عه‌جولانه‌..
وه‌ك گمه‌ى كۆترێكى به‌رباران...
وه‌ك سرووتى فیراقى
نێوان كورِوكچىَ...
وه‌ك له‌زه‌ته‌ نه‌عله‌تیه‌كانى
سه‌ربازێكى دۆرِاودواى جه‌نگ...
ئه‌و ئه‌دوێ و
مانگه‌شه‌و
به‌رده‌وامه‌ له‌ گۆرانى
شه‌پۆله‌ یاخى یه‌كانى ده‌ریاش
له‌ هه‌ڵپه‌ركىَ...
دارهه‌ناره‌ رِوته‌له‌كلنیش
له‌ گریانى پاش به‌ جىَ مانى گه‌لاَ...
ئه‌و له‌ دووره‌وه‌ رِه‌ش ئه‌نوێنىَ
ئه‌مما سپى... سپى... ئه‌چێته‌وه‌.
وه‌ك كلوه‌ به‌فرى داباریوى
به‌رمانگه‌ شه‌وی به‌فرانبار.
 

كوفارى  هه له بجه  كوفاريكى  وه رزى  سه نته رى  روشنبيرى  هه له بجه ده ريده كات
 
salah-j@hotmail.de  &     salah_188@yahoo.com