ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف


چوار شیعری توڕە


حەمە ئەحمەد جاف


1- گیرفان

گوایە ئەڵێن :
زەمانی زوو...
سەردەمی بەردو نیاندەرتاڵ
خۆشەویستی و ویژدان هەبوو !
چونكە لە كاڵاو پۆشاكی ...
مرۆڤی ئەو سەردەمەدا ،...
گیرفان نــەبوو !
* * *
ئێستاش لەو سەردەمی عیلم و...
تەكنەلۆژیاوحەزارەتە !؟
بە دەرزەن گیرفانی قوڵ و...
جانتای تەسكی دیبلۆماسی !
بۆ لێپرسراوانی وڵات...
كەفائەتە !؟
بۆیە ئەڵێم :
دەستی ئەو خەیاتە بشكێ‌
بۆ یەكەم جار..
گیرفانی كرد بەكاڵاوە!؟
ئەگینا ئەمڕۆ...
هیچ كەس و هیچ لایەنێ‌
نە ئەبووە توفەیلی وڵا ت
بەدراوی بەرزە باڵاوە !؟
ئەوسا هەژارو بۆرژوا...
بەیەكترا ئەچوونەوە!!
بە یەكسانی گیرفان و بیر...
رووبەڕووی ژیان ئەبوونەوە!!
* * *
پاییزی /1993


2- خڕوقاتی رەنگەكان

تا سێ‌ رەنگیی ،..
سپی و كەسك و سوور
نەكرێنە دروشم و ئاڵای...
كوردستان و كوردایەتی
رەنگی زەردیش ...
نەكرێتە خۆری ئازادی ،..
ئــــــــــــەو رێگایـــــە !!؟
دڵنیابن تا هەتایە....
شەڕە پەڕۆو....
خڕوقاتی هێزەكان و...
كارەساتی دڵتەزێنی ،..
رەنگەكان كۆتایی نایـــــە !!؟
* * *
ئایاری / 1994
3- قتوە شیر

دوێنێ‌ چەند كتێبێكم كڕی
بــــە دراوی بیر!!؟
ئەمڕۆش هەموویم فرۆشتەوە
بـــۆ قتوێك شیر!!؟
* * *
ئەیلولی/ 1993

4- هەڕاج

پێرار سەعاتەكەی دەستم
فرۆشت بۆ تەنها كتێبێك
پار حەڵقەی خۆم و هاوسەرم ...
فرۆشت بۆ ئاگری زستان
ئەمساڵ جلك و كاڵای بەرم
فرۆشت بۆ نان
كتێبیشم هەمووی هەڕاج كرد
بۆ قتوە شیری هاژەخان
ئەوڕۆش..دەرۆزەكەرئاسا
لە بەر دەروازەی مزگەوت و...
چایخانەو هەڕاجی شارا
دەسڕی سواڵم راخستوە !؟
.هەرچەندە سە عات و حەڵقەو ..
كتێب و...بەڕەی ژێرخۆم و..
گشت كاڵای بەرمم فرۆشتووە !!؟
لێ‌ زۆر سەربەرزم بەوەی كە...
بۆ ساتێكیش...
شەخسیەتی خۆم و...
قـــــــەڵەمم نەفرۆشتووە !!؟
* * *
حوزەیرانی /1994
 

ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌شاعیر و دۆستی شاری شه‌هیدان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف