|
ئێمه
گوناهبار ترین كورِه‌كانى ئاده‌مین
هه‌ردى شه‌فیق
ئێواره‌یه‌ك ده‌مردین ده‌بوو عیشقى تێدابكه‌ین
به‌یانینك عاشق ده‌بووین ده‌بوو تیایدابمرین
له‌شوێنێكدا رِقمان ده‌چاند ده‌بومیهره‌بانى سه‌وزبكه‌ین
له‌شوێنێكدا میهره‌بانیمان ده‌ناشت ده‌بوو رِقى تیادا بنێژین
له‌جێیه‌كدا ده‌مردین ده‌بوو عیشق له‌وێوه ده‌ست پێبكه‌ین
ئێمه نه‌وه‌ى خێڵێكى گوناهكار بووین، پێده‌چوو خودا‌ش له‌بیرى كردبین
خێڵێك له‌و خێلاَنه‌ى مناڵه‌كانیان ده‌كرده قوربانى خواكانیان
به‌ده‌م ته‌پڵى شه‌رِه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌په‌رِین
به‌بۆنى خوێنى كوژراوه‌كان مه‌ست ده‌بوون و
له‌نێو گوناهه‌كانیاندا سه‌رخۆش ده‌بوون
ئێمه به‌یه‌ك پشت ده‌چووینه سه‌رخێڵه قه‌ره‌ره‌جێكى گوناهكار
نیوه‌ى له‌مرۆڤ و نیوه‌ى له‌شه‌یتان
نیوه‌ى له‌فریشته‌و نیوه‌ى له‌ئینسان
ئێمه گوناهبارترین كورِه‌كانى ئاده‌مین
نه‌ده‌بوو سه‌ربه‌ماڵى ئه‌و ئه‌ستێره‌ناسانه‌دابكه‌ین
كه‌سابه‌تیان به‌سه‌رمیهره‌بانى خواوه ئه‌كرد
رِو له‌ماڵى ئه‌و ده‌روێشانه بكه‌ین
كه‌له‌ماڵى یه‌قینه‌وه دێنه‌وه گومانیان لێئه‌رِژىَ
له‌گوناهى ئه‌و برینانه رِابمێنین له‌برى خوێن ئاویان لێده‌هات
ئازارى ئه‌وبرینانه تیماربكه‌ین له‌ززه‌تیان پێئه‌به‌خشین
له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ختیاریه‌دا پێبكه‌نین رِۆحى پرِ ئه‌كردین له‌برین
ده‌ستى ئه‌و كوێرانه بگرین به‌خه‌یاڵ هه‌موو شتێكیان ده‌بینى
ئه‌و نوستوانه خه‌به‌ركه‌ینه‌وه له‌ماره‌كانه‌وه فێرى ویژدان بووبوون
وه‌ك شارێك خودا له‌غه‌زه‌بى خۆیدا نغرۆى كردبێ و
وه‌ك ماڵێك دیواره‌كانى له‌سه‌هۆڵ دروستكرابن
وه‌ك شارێك بازرگانه‌كانى چاوه‌رِوانى هه‌زاره‌ها بارى تابووت بن
وه‌ك خێڵێكى مرۆڤ كوژ خه‌زێنه‌كانیان برِابىَ
وه‌ك زیندانى كردنى سه‌ماكه‌رێك له‌په‌رستگایه‌كدا
له‌ونبوونم برِوانه له‌نێو ونبوندا
له‌شێت بوونم له‌مه‌وداكانى ئه‌قڵدا
له‌گومانم له‌نێوه‌رِاستى یه‌قیندا
له‌و كوچانه‌ى له‌بوونه‌وه ده‌تبه‌نه ونبوون
له‌و رِێگایانه‌ى به‌سه‌وزه‌لاَنیه‌كانى مه‌رگدا ده‌تبه‌نه ولاَتى به‌ختیارى
ئاخرشه‌وێك گومان ئه‌م به‌خشێت به‌یه‌قین و
به‌یانیه‌كیش یه‌قین به‌گومان
ئه‌شبێت خودا له‌دڵى ئێمه‌دابىَ و مه‌یخانه‌كانى بۆبگه‌رِێین
له‌نێو دڵى گوڵێكى سوردابێ و جه‌نگه كانى بۆ بگه‌رِێین
له‌رِۆحى سپى ئێمه دابىَ و عیباده‌تگاكانى بۆ بگه‌رِێین
ئێمه له‌م ژوره دوكه‌لاَویه‌دا
په‌نجه‌ره‌مان بۆ چیه سه‌یرى ده‌ریاى تێدابكه‌ین ؟
ئاوێنه مان بۆ چیه جه‌للا دێكى درۆزنى تیا ببینین ؟
عیشقمان بۆچیه دڵمان به‌خوێنى شمشێره‌كانه‌وه بىَ و
رِۆحمان به‌شه‌قى پێلاَوه‌كانه‌وه؟!
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ردڵى من بكوژێنه‌ره‌وه
دڵى هه‌موو كچه ته‌نیاكانى شار
له‌نێو قه‌فه‌زه ئاڵتونیه‌كاندا مه‌ستن ،مه‌ست
رِۆحى هه‌موو كورِه عاشقه‌كانى شار ته‌نیا له‌خه‌یاڵدا به‌خته‌وه‌رن
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر رِۆحى من بكوژێنه‌ره‌وه
ئێمه گوناهبارترین كورِه‌كانى ئاده‌مین
ئه‌ى ئه‌و گۆرِستانه‌ى شوێنێكت نیه بۆ رِاكشانى من
ماڵێكم ده‌وىَ بۆ كرىَ و
یه‌كێك له‌و مردووه نابه‌دلاَنه بگێرِه‌وه بۆ ژیان
ئه‌ى ئه‌و كۆتره‌ى جگه‌له‌ئاسمانى رِۆحى من هیچ ئاسمانێك ناتگرێته خۆى
ئه‌ى ئه‌و فریشته‌ى جگه‌له مه‌یخانه‌ى رِۆحى من له‌هیچ شوێنێ تردا مه‌ست
نابیت
من ده‌مزانى له‌م بازارِى نائومێدیه دا بێنرخترین كالاَ ئومێده
له‌م مه‌یخانه‌ى رِۆحه‌دا رِیسواترین پیرى موغان سه‌رخۆشه‌كانن
له‌م ولاَتى تابووت و خیانه‌ته‌دا
نابووت ترین بونه‌وه‌ر زیندوه‌كانن و
دڵشكاوترین گۆرانیبێژ قه‌ره‌جه‌كانن
رِێگایه‌كمان نیشان بده رِۆحى تێدا ببه‌خشین نه‌ك خوێن
دڵمانى تێداببه‌خشین نه‌ك به‌ڵێن
ژیانى تێدا ببه‌خشین نه‌ك مه‌رگ
عیشقى تێداببه‌خشین نه‌ك سامان
رِێگایه‌كمان نیشان بده
سواڵى میهره‌بانى تێدابكه‌ین نه‌ك گوناه
بمان خه‌ره‌ئاسمانێك عیباده‌ت بۆ پاك بوونه‌وه بكه‌ین نه‌ك له‌ترسى دۆزه‌خ
بۆ جوانكردنى ژیان خوامان خۆشبوىَ نه‌ك له‌ترسى عه‌زاب
له‌به‌رئه‌ویتر خوامان خۆش بوێت نه‌ك ته‌ماحى به‌هه‌شت
قه‌فه‌زه‌كان بۆ گوناهكاره‌كان بن نه‌ك گوناهباركراوه‌كان
ئه‌ى ئه‌و پیاوه‌ى جگه‌له‌ماڵى رِۆحى من هیچ ئاوه‌دانیه‌كى تر نادۆزیته‌وه
ئه‌ى ئه‌و كچه‌ى جگه له‌دڵ و رِۆحى بریندارى من
له‌هیچ شوێنێكى ترا خۆت نابینى
دونیاتان ئه‌ده‌مه‌وه رِۆحى خۆمم بده‌نه‌وه
جوانیتان ئه‌ده‌مه‌وه مناڵیم بده‌نه‌وه
دڵمتان ئه‌ده‌مه‌وه رِۆحى خۆمم بده‌نه‌وه
چه‌قۆ كۆنه‌كانتان ئه‌ده‌مه‌وه دڵى بریندارم بده‌نه‌وه
یا ژیانتان ئه‌ده‌مه‌وه وبه‌یه‌كجارى مردنم بده‌نه‌وه
دڵێكى بێگیانم بۆ چیه له‌رِۆحمداو
رِۆحێكى بێگیانم بۆچیه له‌دڵمدا ؟!
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر دڵى من بكوژێنه‌ره‌وه
ئێمه له‌م قومارخانه‌دا حه‌قیقه‌تمان دۆرِاند و
ئومێدێكى هیچمان برده‌وه
ئێمه گوناهبارترین كورِه‌كانى ئاده‌مین
ئێمه‌به‌بىَ چرابه‌رِىَ كه‌وتین
به‌دواى ئه‌و دڵه شێتانه‌ماندا كه‌هه‌رده‌بوو له‌چاره‌مان بنوسن
ژیان یه‌كه‌مین وێستگه‌ى كاره‌ساته‌به‌ره‌و مردن
باڵ ده‌ركردن یه‌كه‌م نه‌هامه‌تیه به‌ره‌و نائومێدى
فرِین یه‌كه‌م سه‌فه‌ره‌به‌ره‌و شێتى
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر دڵى من خامۆشكه
باڵداره‌كان بۆیه ده‌فرِین تا نازبكه‌ن به‌سه‌ر ئاسماندا
سۆفیه‌كان بۆیه خه‌ڵوه‌یان ده‌كێشا
تاوه‌ك شمشێرێكى هه‌زار سه‌ر به‌عیباده‌ت بریندارمان بكه‌ن
ئه‌ى ئه‌و پیاوه‌ى به‌خوێنى رِۆحى من گوناهه‌كانت رِه‌نگ ئه‌كه‌ى
ئه‌ى ئه‌و كچه‌ى به خوێنى دڵى من لێوه‌كانت سورئه‌كه‌ی و
رِۆحى من له‌جانتاى سه‌فه‌ره‌كه‌تدا ئه‌پێچیته‌وه
گوڵه‌كانى رِۆحى من بۆدڵى ئێوه
گولله‌كانى رِۆحى ئێوه‌ش بۆدڵى من
ته‌رمى رِۆحى خۆمتان نیشان ئه‌ده‌م
دڵى خۆمم نیشان بده‌ن
جوانیتان پێ ئه‌به‌خشم مه‌رگى خۆممم پێببه‌خشن
رِۆحى خۆمتان پێئه‌به‌خشم دڵى خۆتانم پێببه‌خشن
ئیدى ئه‌و پاساریانه نابینین به‌یانیان
به‌گوێسه‌بانه‌ى ماڵه‌كانه‌وه ده‌خوێنن
ئه‌و كچانه‌ى بۆكانى ئه‌چن ئارایشت ئه‌كه‌ن
ئه‌و كورِانه‌ى بۆسه‌یرى ماسیه‌كان ئه‌چن گۆرانى ئه‌ڵێن
ئه‌م دار ستانه شوێنێكه ده‌بێت هه‌ریه‌كێكمان ئه‌ویترمان بكوژین
شارى ئه‌و مه‌یخانانه‌یه
باده‌كانیان ته‌لیسم و ساقیه‌كانیان جادو بازن
ولاَتى ئه‌و په‌پوه لاسارانه‌یه به‌دواى وێرانه‌دا گۆرانى ئه‌ڵێن
مه‌مله‌كه‌تى ئه‌و شه‌مشه‌مه‌كوێرانه یه‌به‌دواى تاریكی‌دا ده‌فرِن
ئێوارانیێك كچانێك له‌ده‌ریا رِائه‌مێنن رِۆحیان له‌چاویاندایه و
كورِانێك له‌كه‌شتیه‌كان رِائه‌مێنن رِۆحیان له‌گوێچكه‌یاندا
ماسیگره‌كانى ماسیه‌كان فێرئه‌كه‌ن له‌بیاباندابژین
جه‌للاده‌كانى قوربانیه‌كان فێرئه‌كه‌ن خۆیان سه‌رى خۆیان ببرِن
تابووت سازه‌كانى دره‌خته‌كان رِائه‌هێنن به‌رله‌چرۆكردن ببنه داره‌مه‌یت
هاورِێم ئیدى شكاندنى شوشه‌كان
ئه‌و ماسیانه رِزگارناكا
له‌حه‌وزى ژوره‌كاندا بۆ جوانى زیندانن
ده‌بێت بیانبه‌ینه‌وه ده‌ریا
په‌رِینه‌وه به‌و كه‌شتیانه‌ى باره‌كانیان خۆڵه‌مێشه‌و
كه‌شتیه‌وانه‌كانیان ته‌لیسمن
دادى كه‌سمان نادا
جگه‌ره‌كه‌ت له‌نێو خوێنى دڵما بكوژێنه‌وه
ئێمه گوناهبار ترین كورِه‌كانى ئاده‌مین
كاتێك به‌و په‌رِى هه‌ستكردن به‌سه‌ركه‌وتنه‌وه پاساریه‌كمان ده‌كوشت
مناڵێكى گه‌وره‌بووین
من ده‌مزانى ئه‌و سه‌رخۆشانه‌ش خوا ده‌بینن
گیرفانه‌كانیان له‌سواڵكه‌ره‌كانى شاردا خاڵى ئه‌كرده‌وه و
رِۆحیان پرِئه‌كرد له‌مه‌رگ
ئه‌و سۆزانیانه‌ش عیباده‌ت ئه‌كه‌ن
دواى هه‌رمردن وله‌ئامێز گرتنێك
گه‌نم بۆ زه‌رِنه قوته‌برسیه‌كان ئه‌كرِن
ئه‌وشێتانه‌ش عیباده‌ت ئه‌كه‌ن هه‌میشه ئه‌ڵێن
خواناسى له‌ویژدانى مرۆڤدا گه‌وره‌ئه‌بىَ و
عیشق له‌رِۆحى مرۆڤدا سه‌وزئه‌بىَ
من ده‌مزانى ئه‌وه‌ى كه‌نامرێت رِۆح به‌خشه نه‌ك خوێن به‌خش
تۆش به‌م كۆلاَنه سه‌رابیانه‌ى حه‌قیقه‌تدا تێ مه‌په‌رِه
له‌م رِۆژگارى رِۆحه سه‌رابیانه‌دا
ئه‌م رِێگایانه به‌ره‌و مه‌غریب ئه‌چن
ته‌فسیرێكى تر بدۆزه‌ره‌وه بۆ ژیان
ئه‌ى ئه‌و پیاوه‌ى له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كدا
ده‌ته‌وێت سیماى عاشقێك ببینى وكه‌لله‌سه‌رى جه‌للادێك ئه‌بینى
ئه‌ى ئه‌و كچه دڵ ته‌رِه‌ى بۆ گوڵى سور ئه‌گه‌رِىَ ى و
خۆڵه مێش ئه‌دۆزیته‌وه
بۆ دڵى ته‌رِى خۆت ئه‌گه‌رِىَ ى و
مه‌رگى رِۆحى خۆت ئه‌دۆزیته‌وه
به‌دواى كلیلێكدا مه‌گه‌رِێن كه‌ده‌رگاكان ماڵى كرانه‌وه نین
سه‌یركه‌ن ژیان چ شه‌رِ فرۆشتنێكه به‌مردن!
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر رِۆحى من بكوژێنه‌ره‌وه
ئێمه گوناهبارترین قابیله كانى ئاده‌مین
ئه‌شێت خێڵێك له‌و خێلاَنه‌ى یه‌شتا به‌ئاوه‌دانى نامۆن
له‌ئێمه شارستانى تربن
دره‌نگ زانیم ئه‌شێت ئومێدیش بچێته‌وه سه‌ر ئه‌سڵى نائومێدى
ده‌كرابه‌ئاگر ژیان رِۆشن بكه‌ین نه‌ك به‌لاشه‌ى خۆمان
به‌رِۆح ژیان بنیاد بنێین نه‌ك به‌مه‌رگى رِۆحى خۆمان
جگه‌ركه‌ت له‌سه‌ردڵم دانىَ
ئێمه هه‌مووشه‌وىَ له‌گه‌ڵ مه‌رگ پیاسه‌ى ژێر مانگه‌شه‌و مان ئه‌كرد
سه‌یرى ئه‌و كچانه‌مان ئه‌كرد له‌گه‌ڵ ئاگر ده‌گه‌رِان
ئه‌و پیاوانه‌مان ئه‌دوان عیشقیان به‌قامچیه‌كانیان ئه‌كرد
له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌للادانه‌دا مه‌ست ده‌بووین دونیایان به‌كوێرى ده‌بینى
من ده‌مزانى ژیان تابووتێكه‌و به‌زیندوویی هه‌موومان تیایدا رِاكشاوین
جه‌للادێك ئه‌مكوژێت عه‌یامێكه خوا رِۆح و ویژدانى ئه‌وى كێشاوه
ده‌شێت گۆرِستانه كان پرِكه‌ین له‌زیندو
شاریش پرِكه‌ین له‌مرد و
ئه‌شێت كۆشكه‌كانى جوانى هه‌ر سه‌راب بن و
ئومێده‌كانیش هه‌ر خه‌یاڵ بن
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر دڵى من بكوژێنه‌ره‌وه
ئێمه مناڵى بێرِه‌حمترین سۆزانیبازه‌كانى شار بووین
منیش یه‌كێكم له‌كورِه‌نه‌مه‌ك حه‌رامه‌كانى ئاده‌م
له‌و شه‌قامانه‌دا سواڵم ئه‌كرد سه‌رمایه‌داره‌كانیش تیایدا نائومێدن
فاڵى درۆینه‌م بۆ ئه‌و ژنانه گرته‌وه ئومێد ته‌لاَقى دابوون
دڵى ئه‌و پیاوانه‌م ئه‌دایه‌وه به‌دواى گورِێكدا وێڵ بوون بیكه‌ن به‌نیشتمان
منیش نێهلیزترین و گوناهبارترین كورِى ئه‌و پیاوه‌م
له‌به‌رده‌رگاى ئه‌و ماڵه‌ى حه‌شیش كێشێكى نا‌ئومێد
چاوه‌رِوانى ئه‌مبولانسێكى ئه‌كرد بیباته مه‌غریب سان
نوسیم ژیان ئاشتكه‌ره‌وه،
بگه‌رِێره‌وه بۆ ژیان
به‌گوىَ ى ئه‌و شێته‌م نه‌كرد رِۆژانه به‌شه‌قامه‌كانى شاردا هاوارى ئه‌كرد
ئه‌ى ئه‌و كچه‌ى جگه له‌مردن كه‌سى تر ناناسى
ئه‌ى ئه‌و نائومێده‌ى جگه‌له‌عیشقى رِۆح چاوت هیچى تر نابینىَ
له‌و ده‌رگایانه مه‌ده ن
زه‌مان هه‌زاران جار لێیداون و نه‌یكردونه‌ته‌وه
مه‌رگ هه‌زاران جار لێیداون و نه‌یخستونه‌ته سه‌رپشت
ده‌رگاكانم بۆ كرده‌وه
ئه‌و مه‌ینۆشه عه‌به‌سیه‌م په‌شیمان كرده‌وه
ئێوارانێك به‌وپه‌رِى نائومێدیه‌وه ده‌یوت :
ئه‌ى باده گێرِى مه‌یخانه كانى خه‌یاڵ
مه‌یخانه‌یه‌ك له‌رِۆحى خۆتدا دروستبكه
كه‌مه‌یخانه‌كانى شار به‌مه‌رگ مه‌ینۆشه كان خه‌یاڵ ئه‌كه‌ن
ئه‌و مناڵه دڵشكاوه‌م ژیركرده‌وه
به‌بوكه‌ڵه‌یه‌كى بریندار‌و گریانێكى تاساوه‌وه بانگى ده‌كردم :
هۆ هاورِىَ نه‌حله‌تیه‌كه‌م
تاكه‌ى له‌گۆرِستانى ژیاندا زیندانى بین؟
تاكه‌ى به‌دیار ئه‌م تابووتانه‌وه دانیشین؟
تاكه‌ى به‌درۆوه مه‌ستانه گۆرانى بڵێین ؟؟
به‌و په‌رِى بێشه‌رمیه‌وه هاوارى لێده‌كردم :
هۆ هاورِىَ خۆش خه‌یاڵه كه‌م
خوابتگرىَ
ژیان كه‌ى شوێنى ئه‌و هه‌موو ئومێد‌و خه‌یاڵه‌یه ؟
ژیان هه‌رخه‌یانه‌ت و خوێنه
من نامه‌وێت له‌مه‌یخانه‌یه‌كدا مه‌ستبم سۆزانیه‌كان تیایدا خه‌یاڵن
پشیله‌كان كلكیان به‌سه‌ر بوتڵى باده‌كاندا ده‌سرِن
ئه‌و كورِانه ببینم به‌قه‌د ته‌رزه بارانێك ژنیان له‌ئامێزیاندا خه‌واندوه
ئه‌و كچانه‌ببینم به‌ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ى ژورێك ئاشنان
مه‌هدى ئاساده‌م وت:
(ئه‌م هه‌له له‌ده‌ست مه‌ده‌ن
له‌ززه‌ت له‌ئازاره‌كانتان بكه‌ن)
منیش نه‌مه‌ك حه‌رامترین كورِى ئه‌و پیاوه‌م
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر رِۆحى من بكوژێننه‌ره‌وه
ئه‌ى ئه‌و كچه‌ى زه‌مانێك گوڵه‌كانى خه‌یاڵ ئاو ئه‌ده‌یت و
زه‌مانێكى تر قافڵه كانى ئه‌جه‌ل
دواهه‌مین ده‌رگا كه‌لىَ ى نوسراوه ئه‌مه دۆزه‌خه
ئه‌وه ده‌رگاى دڵى منه
یه‌كه‌مین كه‌لاوه كه‌له‌سه‌ر په‌نجه‌ره خاپوره‌كانى نوسراوه
ئه‌م ماڵه یاخیه له‌به‌هه‌شت
ئه‌وه په‌نجه‌ره‌ى رِۆحى منه
جگه‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر رِۆحى من بكوژێنه‌وه
وه‌ك ئه‌و پیاوانه‌ى بێوه‌فاییان له‌ماڵه كانیاندا جێئه‌هێشت و
ئه‌و ژنانه‌ى له‌برى چیمه‌ن
خۆڵه مێشیان له‌حه‌وشه‌كانیاندا سه‌وز ئه‌كرد
له‌و شوێنه‌دا وێرانم كه
كه‌جێیه‌كى تیا نامێنێته‌وه بۆ بنیاد نانه‌وه
له‌و سه‌رشه‌قامانه‌دا بم كوژه په‌پوله‌یه‌كى تیا نافرِىَ
*دێرِى ناو كه‌وانه‌كه هى شاعیرى ئازیز (مه‌هدى زریان)ه
|