|

منداڵه‌كانی
كامیل له رِاسته‌وه بۆ چه‌پ: ( شیار 8سالاَن، جنان 4سالاَن، ئه‌شكان
6سالاَن ) .
له رِاستیدا كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به ته‌نها له سێداره‌دانی
حه‌زه‌كانی نه‌وه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه كیمیابارانه‌كه نه‌بوو به‌ڵكو
ئه‌و نه‌وانه‌ش كه له پاش كیمیابارانه‌وه له‌دایك بوون ئه‌وانیش زۆر
ئاوات و حه‌زو خۆشیان له سێداره درا! ، به نمونه منداڵه‌كانی من
حه‌زیان له گه‌رِانه به‌لاَم باوكیان ئه‌و حه‌زه‌یان كوشتووه‌و
مه‌یلی به‌لای گۆشه‌گیریدا زیاتره وه‌ك له دونیای گه‌شت و گه‌رِان،
حه‌زیان له‌وه‌یه كه باوكیان هه‌میشه قسه‌ی خۆش و نوكته‌و چیرۆكیان
بۆ بگێرِێته‌وه به‌لاَم باوكیان ته‌نهاو به‌ته‌نها حه‌زی به
گێرِانه‌وه‌ی رِوداوی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یه! ، به هیوان باوكیان
بۆ جارێكیش بێت بیان باته پاركێكی وه‌ك پاركی ئازادی و كه‌مێك یاری
بكه‌ن وه‌ك هه‌موو هاوته‌مه‌نه‌كانیان به‌لاَم باوكیان له نه‌خۆشخانه
خه‌وێنراوه‌و كه‌س نییه بیان بات بۆ پارك! ، ته‌نانه‌ت تامه‌زرۆن
باوكیان بۆ جارێك له باوه‌شیان بگرێت به‌لاَم ئه‌و ته‌نگه‌نه‌فه‌س
ده‌بێت و ناتوانێت! ، پرسیارم لێ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: بابه بۆ باوك و
دایك و خوشك و برات نابینین و نایه‌ن بۆ لامان؟! ، بۆ هه‌موو
هاورِێكانمان بابه‌گه‌وره‌و دایه‌گه‌وره‌و مام و پوری زۆریان هه‌یه
به‌لاَم ئێمه نیمانه! ، به‌لاَم ئه‌وان هێنده بێ سۆز نه‌بوون
نه‌یه‌ن بۆ لایان و له ئامێزیان نه‌گرن به‌ڵكو له مێژه‌وه له
باوكیان دابرِاون و ده‌مێكه دونیای پرِ غه‌درو سته‌م و ناپاكیان به‌جێ
هێشتووه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یه‌ی كه منداڵه‌كانم له سۆزی
پرِ جۆش و خرۆشی بابه‌گه‌وره‌و دایه‌گه‌وره‌و خۆشه‌ویستی پورو مامیش
ببن! .
ته‌نانه‌ت هه‌ندێك زاراوه‌ی خێزانی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه هه‌یه كه
تاوه‌كو ئه‌مرِۆش كورِه گه‌وره‌كه‌شم لێی تێ ناگات چجای منداڵه
بچوكه‌كانم، به‌نمونه: جارێكیان (شیار) له‌گه‌ڵ منداڵێكی هاورِێیدا
بوو منداڵه‌كه باوكی باوكی به‌دی كرد‌و به‌ده‌م (باوا باوا)وه رِای
ده‌كرد بۆ لای، كورِه‌كه‌ی منیش به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و هاواری ده‌كردو
به‌ده‌م رِاكردنه‌وه ده‌یگوت: (باوا باوا) و وای ده‌زانی ئه‌و پیاوه
ناوی (باوا)یه‌و وشه‌ی (باوا) ناوێكه له ناوه‌كانی خه‌ڵكی وه‌ك
(ئازاد‌و نه‌وزاد)! ، نه‌یده‌زانی هاورِێكه‌ی بۆیه به‌و پیاوه ده‌ڵێت
(باوا) له به‌رئه‌وه‌یه كه باوكی باوكێتی، چونكه (شیار) باوكی
باوكی نه‌بینیوه‌و باوای نه‌ناسیوه تا ده‌رك به واتای ئه‌و زاراوه
خێزانییه بكات! .
ماڵ خه‌زورانیشم له كفریه‌و دره‌نگ یه‌كتری ده‌بینین به‌هۆی دوری
نێوان هه‌ڵه‌بجه‌و كفری بو شێوه‌یه‌ش له سۆزی ئه‌وانیش بوون! .
كه‌واته هه‌ر قوربانیانی كاره‌ساته‌كه سه‌ر نه‌برِان و ماڵ‌وێران
نه‌كران به‌ڵكو نه‌وه‌كانی دوای كیمیابارانیش به هه‌مان ئاقاردا بران!
.
مامۆستایانی (شیار) ی كورِم ده‌گێرِنه‌وه بۆم و ده‌ڵێن به رِوخساری
كورِه‌كه‌دا هه‌واڵی تۆ ده‌زانین، كاتێك ده‌بینین مات ده‌بێت و خه‌یاڵی
ده‌رِوات هه‌ست ده‌كه‌ین هۆشی لای تۆیه‌و تۆ باری ته‌ندروستیت خراپتر
بووه! .
یه‌كێك له مامۆستاكانی (شیار) كه ناسراومه بۆی گێرِامه‌وه گوتی:
رِۆژێكیان هه‌ستم ده‌كرد (شیار) هۆشی لای من نییه له وانه‌كه‌دا
بۆیه به پێویستم زانی پرسیاری تۆی لێ بكه‌م و لێم پرسی شیار باوكت
چۆنه؟، ئه‌ویش به كزۆڵیه‌كه‌وه وه‌لاَمی دامه‌وه، گوتی: مامۆستا
باوكم زۆر نه‌خۆشه‌و سه‌فه‌ری كردووه بۆ تاران بۆ ئه‌وه‌ی
نه‌شته‌رگه‌ری چاوی بۆ ئه‌نجام بده‌ن، توخوا دوعای خێری بۆ بكه با چاك
بێته‌وه! .
(ئه‌شكان) لێم ده‌پرسێت: بابه بۆ ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بكه‌وین كه
ده‌رمانمان خوارد چاك ده‌بینه‌وه به‌لاَم هه‌موو رِۆژێك تۆ ده‌رمانێكی
زۆر ده‌خۆیت كه‌چی چاكیش نابیته‌وه؟! .
به كورتی منداڵه‌كانیشم به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به گازی خه‌رده‌ل
شه‌هیدكراون و ئالوده‌ی كۆمه‌ڵێك خه‌می گه‌وره بوون كه به ئاسانی
هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن و ئازاری ده‌چێژن! .
رِۆژێكیان كچێكی رِۆژنامه نووسی نه‌رویجی هاته ماڵم و پاش ئه‌وه‌ی
داوای گێرِانه‌وه‌ی رِوداوه‌كه‌و باس كردنی ژیان و گوزه‌رانی خۆمی لێ
كردم لێی پرسیم ئایا تۆ ئه‌م شتانه‌ی بۆ منی ده‌گێرِیته‌وه بۆ
منداڵه‌كانت ده‌گێرِیته‌وه؟! ، منیش گوتم به‌ڵێ ، گوتی من ئه‌و كاره‌ت
به هه‌ڵه ده‌زانم و به‌باشی نازانم و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كاریگه‌ری
خراپی له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی منداڵه‌كانت ده‌بێت و له داهاتودا
له‌وانه‌یه بیر له تۆڵه سه‌ندنه‌وه بكه‌نه‌وه .
وه‌لاَمم دایه‌وه‌و گوتم: باشه گریمان من بۆیان باس ناكه‌م به‌لاَم
كه له من ده‌پرسن بابه تۆ بۆ باوكت نییه؟، تۆ بۆ دایكت نییه؟، تۆ
بۆ خوشك و برات نییه؟، من ده‌بێت چی وه‌لاَمیان بده‌مه‌وه؟! ، جا یان
ده‌بێت درۆیان له‌گه‌ڵ بكه‌م كه به‌رِاست و شیاو‌و دروستی نازانم یان
ده‌بێت رِاستییه‌كه‌یان بۆ باس بكه‌م، پاشان تاوانێكی ئاوا گه‌وره چۆن
ده‌بێت نه‌وه‌كانمانی لێ بێ ئاگا بكرێن.! ، ئه‌ویش سه‌رێكی بۆ
رِاوه‌شاندم و گوتی رِاست ده‌كه‌یت .
|