|
ده‌نگوباسی ئه‌وه له ئارادابوو كه به‌غداد له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه
بۆردومان بكرێت له‌به‌ر ملنه‌دانی سه‌ددام بۆ برِیاره نێو
ده‌وڵه‌تیه‌كان، هه‌روه‌ها نزیكی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی خوێندنی
1990ـ1991بوو بوویه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه به (ابو ێفاء)ی خاوه‌ن ئه‌و
كه‌بابخانه‌یه‌یه‌ی كه كارم تێدا ده‌كرد گوت: ده‌مه‌وێت بگه‌رِێمه‌وه
بۆ سلێمانی، ئه‌ویش گوتی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه كه
رِۆژانه‌كه‌ت كه‌مه چه‌ندت بوێت ده‌تده‌مێ و ئێره به‌جێ مه‌هێڵه،
منیش سوپاسم كرد‌و گوتم: نه‌وه‌ڵلاَ كه‌م نییه به‌لاَم ده‌بێت
ده‌ستكه‌مه‌وه به خوێندن، گوتی: لێره‌ش خوێندنگا زۆره‌و رِۆژانه
برِۆ بۆ ده‌وام و پاش ده‌وام وه‌ره‌وه لێره ئیش بكه چونكه كورِێكی
هه‌رزه نیت و خۆشم ده‌وێیت و حه‌زناكه‌م له‌لامان بچیت! ، منیش گوتم
بارودۆخی داهاتوی به‌غدادم به‌دڵ نییه‌و ناتوانم بمێنمه‌وه، به‌لاَم
به‌ڵێنم پێدا ئه‌گه‌ر بارودۆخی به‌غداد باش بێت پشووی سه‌ری ساڵ
بێمه‌وه بۆ كاركردن له كه‌بابخانه‌كه‌یدا، پاشان خوا حافیزیم لێ كردن
و گه‌رِامه‌وه بۆ ئۆردوگای نه‌سر .
پاش چه‌ند رِۆژێك له گه‌رِانه‌وه‌م ده‌رگای خوێندنگه‌كان كرایه‌وه‌و
ده‌ستم كرده‌وه به ده‌وام كردن له پۆلی چواره‌می ئاماده‌یی و،
دیسانه‌وه به‌یانیان زۆر زوو له ئۆردوگای نه‌سره‌وه له یه‌كه‌م
پاسدا سه‌رده‌كه‌وتم و ده‌هاتم بۆ سلێمانی بۆ خوێندن، كه‌سێكیش نه‌بوو
كه هانم بدات، به‌لاَم خۆم ئیراده‌و حه‌زم هه‌بوو له خوێندن و
باوكیشم كاتی خۆی زۆر هانی ده‌دام كه بخوێنم له‌به‌ر ئه‌وانه وازم
له خوێندن نه‌هێنا هه‌رچه‌نده هۆكاری زۆر‌و زه‌به‌ند هه‌بوون بۆ
وازهێنانم! .
ئه‌وساڵه چالاكی به‌عسیه‌كان له خوێندنگه‌كه‌ماندا زۆرتر بوو،
رِه‌فیق عه‌دنانی له‌ولاترچوو! زیاتر ده‌هات بۆ خوێندنگه‌و داوای لێ
ده‌كردین كه ببین به به‌عسی، لێی ده‌پرسین: ( چی تێبینیه‌كتان
له‌سه‌ر حیزبی به‌عس هه‌یه؟ ، چ شتێكی به‌عستان لا په‌سه‌ند نیه
پێمان بڵێن با چاكی كه‌ین؟!.) ، زۆر جاریش رِووی له‌و چه‌ند خوێندكاره
هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌مان ده‌كرد، ده‌یزانی هێنده‌ی هه‌موو دونیا رِقمان له
به‌عس و به‌عسیه‌كانه ئه‌یویست رِاومان بكات! ، ئێمه‌ش له رِاستیدا
نه‌مان ده‌وێرا وه‌لاَمی پرسیاره‌كانی بده‌ینه‌وه، به‌لاَم له
ناخماندا سه‌د نه‌خێرمان بۆ ده‌كردو خۆمان لێ بێ‌ئاگا ده‌كرد تا
له‌كۆڵمان ده‌بوویه‌وه‌و ملی ده‌شكاند! .
ئه‌و ساڵه‌ش تا كۆتایی زستان چه‌ندین جار كه‌وتمه نه‌خۆشخانه‌و
خه‌واندمیان به‌لاَم هه‌ر هه‌ستامه‌وه چۆكم بۆ نه‌خۆشی دانه‌داو
نه‌مهێشت له ئیراده‌م كه‌م كاته‌وه، به‌رده‌وام بووم له سه‌ر
ده‌وامی خوێندنگه .
له سه‌ره‌تای مانگی ئازاری1991دا هه‌واڵی ئه‌وه‌مان پێگه‌شت كه
پێشمه‌رگه به‌نیازه به‌هاوكاری جه‌ماوه‌ری كوردستان رِاپه‌رِین
به‌رپا بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له خۆسازداندان .
ئه‌وه‌بوو له(5/3/1991) له شاری رِانیه‌وه رِاپه‌رِین ده‌ستی پێكرد،
له‌وكاته‌دا له ئۆردوگای نه‌سر بووم ئیتر بارودۆخ شڵه‌ژاو نه‌متوانی
برِۆم بۆ خوێندنگه‌كه‌م له سلێمانی، شه‌وی(7/3/1991) رِۆشتمه كۆلاَن
و هه‌ندێك سورِامه‌وه چه‌ندین كه‌سم بینی به‌چه‌كه‌وه خۆیان مات
دابوو زۆر له پێشمه‌رگه ده‌چوون، له دڵی خۆمدا گوتم ئه‌مانه
پێشمه‌رگه‌ن و سبه‌ی لێره‌ش رِاپه‌رِین ده‌بێت!، پاشان بۆ ماڵ
گه‌رِامه‌وه‌و ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی به ئومێدی رِاپه‌رِین لێی
خه‌وتم .
به‌یانی پاش كاتژمێر8رِۆشتم بۆ بازارِو له دوكانی كامه‌رانی هاورِێمدا
دانیشتم هه‌ستمان ده‌كرد بارودۆخ ئاڵۆزه‌و له ته‌قینه‌وه‌دایه،
به‌كامه‌رانم گوت ئه‌مرِۆ خه‌ڵك لێره‌ش رِاده‌په‌رِن و ئه‌ویش هه‌مان
بۆچوونی منی هه‌بوو، پاشان گه‌رِامه‌وه بۆ ماڵه‌وه هه‌ركه گه‌شتمه
ماڵ و پێش هاتنی نیوه‌رِۆ ئۆردوگای نه‌سریش شان به شانی سلێمانی و
شاره‌كانی دیكه رِاپه‌رِی و ته‌قه گه‌رم بوو، له ماوه‌یه‌كی زۆر
كه‌مدا ئۆردوگای نه‌سر پاك كرایه‌وه له به‌عسیه‌كان .
له رِێگای ئێزگه‌ی پێشمه‌رگه‌وه هه‌واڵمان زانی كه له سلێمانی و
شاره‌كانی دیكه‌شدا رِاپه‌رِین سه‌ركه‌وتوو بووه‌و ئامانجه‌كانی خۆی
پێكاوه‌و به تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان له به‌عسیه‌كان
زۆر دڵشاد بووین به‌تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یی
|