|
|
|
|
|
ئاهێک بۆ که‌رکوک وا نزیکه ئه‌م ساڵه خوێناوییه‌ی ته‌مه‌نه سه‌رسپییه‌که‌ت بار و کۆچی کۆکاته‌وه و به ساڵێکی نوێت بسپێرێ خه‌مه بێ کۆتاییه‌کانی دڵه سووره‌که‌ت له‌گه‌ڵ فرمێسکی پیرێ ژنه پرچ به‌فرینییه‌کان و جه‌رگه ئاگرینییه‌که‌ت له که‌زێ ئاڵۆسکاوه‌که‌ی ته‌مه‌نی من ده‌ئاڵێ له زۆر شاران له زۆر کوچه و کۆڵانه‌کان به‌فر ئه‌بارێ که‌چی به‌سه‌ر ئه‌م جه‌سته شه‌که‌ته ماندووه‌ی تۆدا که‌رکوک من نازانم بۆچی ئه‌بێ به تاقی ته‌نیا خوێن ببارێ؟
ئه‌بینم خه‌نده خۆی لکاندووه به لێوی ئه‌م مه‌خلوقانه‌وه و دره‌ختی کریسمس ده‌ڕازێننه‌وه شار ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ده‌که‌ن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن تۆش له‌ولاوه به قه‌د و باڵای جوانه مه‌رگێکدا فرمێسکه‌کانت هه‌ڵده‌واسی و ئه‌م له خۆدان و شیوه‌نه ده‌ڕازێنیته‌وه
له هه‌نێ کوچه و شاری ئه‌م که‌وکه‌به جه‌ژنی قوربانه و قوربانی بۆ هه‌ژاران ده‌کرێ له ئامێزه پڕ سۆزه‌که‌ی تۆش هه‌ر ئه‌بێ جه‌رگی خۆت بسوتێ و خوێنی ڕۆڵه‌کانت بڕژێ له وڵاته‌که‌ی من و تۆ که‌رکوک ئه‌بی مرۆڤ قوربانی بێ
من خۆم بینیم شیعر ده‌گریا و شه‌ونم دڵنه‌وایی ئه‌دایه‌وه ده‌شتی چیمه‌ن کراسێکی ڕه‌شی له‌به‌ردا بوو تۆش؟ هه‌ر ته‌ماشات ئه‌کرد و نه‌تده‌ناسیه‌وه ئه‌م ئێواره‌ی جه‌ژنه ئاسمان ڕه‌نگی بابه گوڕگوڕی گرتبوو من وابزانم ئه‌ویش وه‌ک تۆ ئه‌ویش وه‌ک من ئه‌ویش وه‌ک خوا له خوێن پژێنه‌رانی تۆ فره توڕه بو و سوێند بێت به خۆت به عه‌شقی خۆت سوێند به گۆرانییه پڕ خه‌مه‌کانت و سوێند به جه‌سته خوێناویه‌که‌ت سوێند به مێژووه تاڵه‌که‌ت سوێند به پیرۆزی ناوه‌که‌ت هه‌ر له پاسارییه‌کانی بناری به‌مۆ تا دڵه سوتاوه‌که‌ی بابه گوڕگوڕت هه‌ر له به‌رد و گوڵی گۆیژه تا هه‌ڵگیرساوی ڕۆحی پڕ گڕت
ئه‌م هاوینه چه‌می خاسه وشک نابێ به فرمێسکی دوژمنانت به خوێنی پیسی ناحه‌زان لێوان لێو ده‌بێ سوێند به شه‌هید و دیسان سوێند به خۆت هه‌ر ڕۆژێ دێ به ئازادی سه‌رهه‌ڵبڕی و هاوار بکه‌ی ستران بچڕی ئێمه ئه‌و ڕۆژه‌ت قه‌رزارین تێیدا باڵه‌کانت بکه‌یته‌وه و به ئاسمانی داهاتوودا به ئاسمانی کوردستانا به ئاسمانی که‌رکوکماندا ترۆ ترۆ بفڕی
کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
|
|
|
|
|