ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌كچه‌ شاعیری شار رۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی


ئه‌وباڵانه‌ى كه‌ له‌ هزردا نافرِن


(1)
من ده‌مه‌وێت تۆ له‌ بیركه‌م،
به‌ڵام كه‌ تۆیه‌كى تر ده‌ناسم...
هه‌موو ئێسك و پروسكى خه‌یاڵم،
هه‌موو چڵ و چێوى هه‌ناسه‌م،
هه‌موو سه‌رئێشه‌ى ئاخ و ئۆفم
هه‌ر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر تۆ...!!
(2)
كه‌ناره‌كان رِووبار جێناهێڵن
ئه‌وان له‌هزریاندا باڵێك شك نابه‌ن،
بۆ شنه‌ شن چونكه‌بۆ هه‌میشه‌ تینوون...!!
(3 )
یاده‌وه‌رى شتێكه‌ میراتمانه‌،
له‌ هزرماندا هه‌ڵنافرِێ...
مانگ گۆرانى له‌ناو گۆمدا ده‌چرِێ و
ده‌چێته‌ چاوى من و تۆ
ئینجانه‌ له‌ دوا هه‌ناسه‌دا تابووتى گوڵه‌كانه‌و
ده‌بێته‌ حه‌سره‌تى من وتۆ
په‌پووله‌ پایزه‌ له‌ سه‌ر به‌له‌مى (با) زیكره‌كاو
ده‌بێته‌ تێرِامانى من و تۆ
مۆمێك شه‌و له‌ ئامێز ده‌گرێ و
توانه‌وه‌ى ته‌مه‌ن،
ده‌بێته‌ میراتى من و تۆ...!!
(4)
فرِین له‌ زیندانا ته‌نها خۆزگه‌یه‌كه‌ شیرین،
به‌ڵام كه‌ شكان له‌ باڵه‌كاندا رِووا
جورئه‌تى جووتێك پێڵاو،
له‌ كوێدا هه‌یه‌ بۆ فرِین...!!
(5)
جۆگه‌كان له‌ دڵى دره‌خته‌كاندا هه‌ن،
كه‌چى بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌رِێن،
ئاوێزانى دره‌خته‌كان بن...!!
(6)
گۆرِستان شوێنێكه‌ دوا سه‌فه‌رى ئاوه‌دانى
نه‌نوسینگه‌ى خانووبه‌ره‌و
نه‌فێرگه‌ى شوفێرى و
نه‌پێشه‌نگه‌ى مۆدێرنه‌و
نه‌بازارِى زێرِنگه‌رى...
نه‌هزرى جووتێك باڵ و
نه‌مینرِێژى ئاسمان به‌جریوه‌..
گۆرِستان ئه‌مانه‌ ناناسێ،
گۆرِستان ئاوه‌دانییه‌كه‌ سه‌راپا نووستوو...!!
(7)
هه‌موو دیل و به‌ندییه‌كان مه‌حكومن،
له‌و دیو ده‌رگاوپه‌نجه‌ره‌وه‌ بن...
هه‌مووئێشگره‌كان مه‌حكومن،
هه‌ر شتێك له‌بیر نه‌كه‌ن
قفڵ و كلیلێكى ماندوو...!!
(8)
ژن ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ردا به‌ ئارام بێ،
به‌رد ده‌بێته‌ماڵى...
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چاوى دره‌ختا یار بێ،
دره‌خت ده‌بێته‌ رِێگه‌ى...
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كانى هاوزمان بێ،
كانى ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ى...
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ (با)دا هاوڵاتى بێ،
(با) ده‌بێته‌ له‌نجه‌ولارى كراسه‌كه‌ى...
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئاگردا
فێرى فرِین بێ..ئاگر ده‌بێته‌ گۆرِى هه‌میشه‌ى....!!
(9)
ئه‌وه‌ عیشقه‌ له‌ هزردا نافرِێ...
پله‌ى په‌یژه‌یه‌كى نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن،
لقى دره‌ختێكى نییه‌بۆ خۆهه‌ڵواسین،
باڵى جاده‌یه‌كى نییه‌بۆ پیاسه‌یه‌كى شین.
عیشق باكى چییه‌؟!
گه‌ر پله‌ى په‌یژه‌ولقى دره‌خت و
باڵى جاده‌ى ده‌بوو
گه‌ر عیشق خاوه‌نى ئه‌مانه‌ بێ،
عیشق یانى كۆتایى..ّ!!
(10)
ماڵئاواى له‌ تۆ بالێكه‌له‌ هزرما نافرِێ...
له‌ دیوارێك ئه‌چێ هه‌ر باڵاى به‌رز ده‌بێ و
ته‌واو نابێ...
له‌پیاده‌رِه‌وى دره‌ختێكى قژدرێژ ده‌كاو
هه‌رناگاته‌ جێ...
له‌حیكایه‌تى كاتژمێرێكى زیره‌ك ده‌كاو
خه‌وى نییه‌ و بێده‌نگ نابێ...!!
(11)
باران بالێكه‌ له‌ هزرما بێ ئاسمان
باران له‌ شێوه‌ى پیاوێكدا رِاده‌كاو
شوێنم ده‌كه‌وێ..
قژم ده‌گه‌زێ و
كراسه‌كه‌م ختوكه‌ ئه‌دا...
پێستم ده‌كاته‌ مه‌مكه‌مژه‌،
واى له‌ باران چه‌ند مناڵه‌...!
زۆر له‌وه‌ ئه‌ترسم به‌هانه‌ بگرێ و
تۆف داگیرسێنێ و
دڵم نغرۆكا..واى له‌ باران چه‌ند له‌پیاو ئه‌چێ...!!
(12)
له‌ قوڵاى تارى تاریكیا
لێدانى دڵى خۆر..
له‌ قوڵاى جۆگه‌ى ئاسماندا،
شنه‌ى چیمه‌نى شین شین..
له‌ قوڵاى ژێر پێى ده‌ریادا،
جیلوه‌ى شه‌قامى مروارى..
له‌ قوڵاى درزێكدا،
چنینى كه‌ڵه‌كه‌ى بینین...
له‌ قوڵاى دڵى منیشدا،
لێدانى دڵى تۆو ته‌رجه‌مه‌ى باڵ و
خه‌مه‌ ئاوییه‌كانى شیعرستان..!!
(13)
هه‌موو یارییه‌كان جێده‌مێنن
ماڵه‌ باجێنه‌ به‌خاتوونى بچكۆله‌وه‌..
ده‌ست له‌ دیوار به‌گره‌وى قاقاوه‌..
جۆلانه‌ به‌ دڵى دره‌خته‌وه‌..
چاوشاكێ به‌حه‌شاردانى كۆڵانه‌وه‌..
هه‌موو یارییه‌كان جێده‌مێنن،
مناڵیش ئه‌و باڵانه‌ن كه‌له‌ هزردا نافرِن..!!
(14)
كه‌ خۆڵه‌مێشێك ده‌خوێنمه‌وه‌..
حیكایه‌تى هه‌موو باڵێكن كه‌ له‌هزردانافرِن
باڵى كۆترێك به‌ نیشانه‌ى گولله‌وه‌،
خوێنى دار هه‌نارێك به‌ گه‌مه‌كانى ته‌وره‌وه‌،
عه‌ترى گوڵێك له‌ زیندانى شوشه‌وه‌،
چه‌هچه‌هه‌ى بولبولێك له‌ تارى كه‌مانه‌وه‌...!!
(15)
زنجیر مه‌لێكى جوانه‌ نافرِێ...
به‌ڵام له‌ گه‌ردن و ملدا ده‌جریوێنێ...
زنجیر هزرى جه‌للادێكه‌ خاڵى له‌ فرِین،
ده‌ست و پێ ده‌خنكێنێ...!!
سلێمانى 15/4/2010




 

ئه‌م لاپه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌كچه‌ شاعیری شار رۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی

rozj